
بڕیار عەبدولڕەحمان - ڕواندز
لە یادی سەت ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری زاری کرمانجی، نووسەرێک لە توێژینەوەیەکدا، ئەوەی سەلماندووە، حوزنی لە ئەشکەوتێکی ڕواندز، کاری ڕۆژنامەگەری کردووە.
یاسین برایم، نوسەر و توێژەر، تایبەت بە هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، وتی: "دوای دۆزینەوە و ئامادەکردنی کۆمەڵێک چوارینە و شیعری حوسێن حوزنی موکریانی، لە چاپدانی کتێبێک بەناوی (لانەی شەوان)، بە هابەشی لەگەڵ دڵشاد خەتات. لە ئەنجامی گەڕان و زانیاری وەرگرتن، ئەوەمان سەلماندووە، حوزنی موکریانی لە ئەشکەوتی (کاکەسۆر) لە گەلیی خاڵەڕەشی ڕواندز، بۆ ماوەی (١٩) شەو و ڕۆژ، ماوەتەوە، هەر لەم ئەشکەوتە کاری لە یەکێک لە ژمارەکانی زاری کرمانجی کردووە. بەردەوام بووە لە دەرکردنی گۆڤار و کاری چاپخانە. ئەوەش بە هۆی بوونی کێشەیەک، تووڕەبوونی سەید تەهای شەمزینی_قائیمقامی ئەوسای ڕواندز. دوورخستنەوەی لە ڕواندز. حوزنیش بەناچاری دەچێتە ئەو ئەشکەوتە و چاپخانەکەی بردووە و کاری ڕۆژنامەگەری کردووە. دواتر لە ڕێگەی چەند کەسایەتیێکی دڵسۆز و خۆشەویستی ڕواندز، ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن و دەگەڕێتەوە ڕواندز. لەم ئەشکەوتەدا گەنجێکی ڕواندزی بەناوی (عەبدولڕەحمانی فەقێ حەسەن)، گەنجێکی دی، خزمەتگوزاری حوزنی بووە بەناوی ڕەزا. ئەم ڕووداوە، پێش چوون و دەست لەکارکێشانەەی سەید تەها دێت".
ئەم ئەشکەوتە، دوای ئەشکەوتی (جاسانە)ی سلێمانی، دووەمین ئەشکەوتە کاری چاپخانە و ڕۆژنامەگەری تێدا کراوە.
لە کۆتاییدا، ئەم توێژەرە، دەڵێت:" پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و شارەوانی ڕواندز، کار لەسەر ناساندن و گرنگیدان بەو ئەشکەوتە بکەن، وەک ئەشکەوتێکی مێژوویی و کولتووری بناسرێت و خزمەتگوزاری بۆ بچێت. ئەم ئەشکەوتە، ڕووداوێکی مێژوویی گەورەی سەدەی بیستەمی تێدا ئەنجامدراوە، شایەنی ئاوڕلێدانەوە و خزمەتکردن و پاراستن و پاکڕاگرتنە؛ وەک ئەشکەوتێکی گەشتیاری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەتایبەتی ڕواندز، لە ئێستادا، هەنگاوی باشی لە ڕووی گەشتوگوزاری هاوێشتووە، دەکرێت ئەمەش ببێتە شوێنێک لە شوێنە ناسراوەکانی دەڤەرەکە، خاوەن سروشتێکی جوانە و کەوتۆتە ناو گەلیی خاڵەڕەش و سەر ڕووبار".
