ئەحمدی مەلا

چەواشەکاران بەبێ چەواشەکاری دەکەون. رۆژ نییە عەلمانییەت و عەلمانی وەک بێدین و ئیلحاد تەماشا نەکرێت، ئەگینا دەکەونە نێو تەڵە و داوی خۆیان.

دین و ئیلحاد دوو شێوەی بیرکردنەوەن لە دنیادا، دوو دنیابینییە یەکێکیان پێیانوایە خودا ئێمە و کەون و کائیناتی دروستکردووە، ئەو مانا دەبەخشێتە ئێمە، ئەو بۆ ئامانجێکی دیارییکراو ئێمەی دروستکردووە، دواڕۆژ هەیە و حەق و حیساب و سزا و پاداشت هەن، ئەوەی بڕوای بەمە نەبێت بە بێدین دەژمێردرێت. دووەمیان پێیوایە خودا بوونی نییە، دنیا دروستبووە مەرج نییە ئێمە بزانین چۆن و بۆچی، بەڵکو ئەمە ئیشی زانایانە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، ئەوەی لەسەر ئێمەیە دەبێ هەوڵبدەین بەبێ خودا بژین. هەن بەبێ خودا دەژین و هیچ گرفتێکی ئۆنتۆلۆژییان نییە، واتە ئاساییە.

ئەم دوو کاتێگۆرییە دژ بە یەکن، دەشێ رووبەڕووی یەکترببنەوە، شەڕی ئەهلی و ناوخۆ بەرپابکەن، بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات، چەمکی عەلمانییەت دروستبوو.

عەلمانییەت پێیوایە کە دەوڵەت دەبێ بەیەک چاو سەیری بێدین و دیندار بکات، بەپێی یاسا ئەمە تەنزیم بکات، بواری گشتی و بورای تایبەت لەیەک جودابکاتەوە. بیروڕای ئایینی و فەلسەفی دەچنە بواری تایبەتەوە و تاکەکان ئازادن چ ئایین و فەلسەفەیەک هەڵدەبژێرن بەبێ ئەوەی ئەم بوارە بچێتە تەماسەوە لەگەڵ بوار و فەزای گشتیدا، واتە بەرکەوتە دروستنەبێت.

فەزای گشتی پەروردە و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت دەگرێتەوە. یاساکان سرووش لە ئایینەوە وەرناگرن، بەڵکو بەپێی هەلومەرجەکان دادەڕێژڕێن و پەرلەمان بەرپرسە لە هەموارکردنی یاساکان. یەکێک لەو یاسایانە تەنزیمکردنی فەزای گشتی و فەزای تایبەتە.

وەک چۆن بۆت نییە بە شووشەیە شەراب لە بازاڕ بسورێیتەوە، هەر بەو پێیە بۆت نییە بە ناوی خوداوە خەڵکی دیکە ئیزعاج بکەیت و بەرماڵەکەت لە ناوەندی بازار دابنێیت.

ئیشی دەوڵەت دینداری و بێدینی نییە، بەڵکو رێکخستنی کۆمەڵگەیە تاکو بەرکەوتەی نەخوازراوی لێنەکەوێتەوە. دەوڵەت سنووری هەیە، ئایین سنووری نییە، بۆیە دەوڵەت لەنێو سنووری خۆیدا کۆمەڵگە رێکدەخات.

بەرژەوەندی دەوڵەت لە پێش هەموو شتێکەوەیە، چونکە ئەوە دەوڵەتە دەیمومە بە کۆمەڵگە دەدات نەک بیروبۆچوونی ئایینی و فەلسەفی، ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئایین و فەلسەفە کاریگەرییان بەسەر دەوڵەتەوە نەبێت.

دەوڵەت لە ناو گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکاندا هەڵدەکات، دین لە دەرەوەی مێژووەوە دێت، دوو دنیابینی زۆر جودان.

بەکورتی دەشێ من عەلمانی بم و دیندار بم و دەشێ عەلمانی بم و مولحید بم. بۆ نموونە، بۆ قەیرانی وشکەساڵی، دەوڵەت دەبێ بیر لە دروستکردنی بەنداو بکاتەوە، فەزای سەوز زیاد بکات، ئیماندار بیر لە نوێژەبارانە دەکاتەوە. یەکەمیان کاریگەریی ماددی دەبێ، دووەمیشیان بۆ ئیمانداران جێدەهێڵم.