خدر ئیبراهیم خدر

 لە ئەمڕۆدا، کە لێشاوی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە نووسراو و وەرگێڕاوەوە، لە بازنەی نۆرمال دەرچووە و، فۆرمێکی نائاسایی وەرگرتووە، ئاسان نییە بتوانیت بە کامی دڵ و نیازە زەینییەکانی خۆت ئەو کتێبانە بدۆزیتەوە کە لە ناوەڕۆکدا چلۆنایەتییەکی جێ بڕوایان هەیە و، لە چوارچێوەی پیت و وشە و ڕستە و پەڕەگرافەکانیاندا، ئەلف و بێی مەعریفەیەکی تازەت پێببەخشن، یاخود بتوانن ئەو ئایدیا و جیهانبینییە تۆخبکەنەوە کە عەیامێکە لەلای خۆت پەسەندت کردووە و، لەتەکیدا دەژی . بە پێجەوانەوە، لەجێی ئەوەی گوێ بە چلۆنایەتی ناوەڕۆک و زمان و ئێستاتیکای وەرگێران بدرێت، تەنها پێشبڕکێیە لەسەر ئەوەی کتێبی قەبارە گەورە وەگیربخرێت و، لە کەمترین ماوەدا کردەی وەرگێرانی بۆ ئەنجام بدرێت و، بڵاوبکرێتەوە .

ئاسانبوونی چاپ و، دەستڕاگەیشتن بە چاپخانەکانی دەرەوەی قەڵەمڕەوی حکومەتی هەرێم و، هەرزانی تیچوونی ماددی لەو بوارەدا و، نەبوونی دیسپلینی وردی زانستی و ئەکادیمی لە مۆڵەتدان بە چاپکردنی کتێب لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و، بەرفراوانبوونی خواستی بازرگانیکردن بە وەرگێرانی کتێب و، خەیاڵکردی چینینەوەی ماددە لەو ڕێگەیەوە، کۆمەڵە هۆکارێکی زەق و بەرچاون کە لەپشت ئەو پاشاگەردانییەوە وەستاون، دونیای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتیبی گرتۆتەوە .  

 *

ئەوەی مەبەستمە لەم کورتە وتارەدا دوو قسەی لەبارەوە بکەم، کتێێکە لەڕووانگەی منەوە ئەوە دەهێنێت لای لێبکەیتەوە و، لەیەککاتدا دەستخۆشانە لە نووسەرە وردبین و، وەرگێڕە کارامە و، پێشەکینووسە بەئەزموونەکەی بکەیت . کتێبی ( حەللاج ) کە لەلایەن ( سەید یەحیا نەسروبی ) ەوە نووسراوە و، ( مەهدی عەبدوڵڵا ) لە زمانی فارسییەوە پەرچەڤەی کوردی کردووە و، ( عومەر یوسفی ) ش پێشەکی بۆ نووسیوە، یەکێکە لەو کتێبە شیرین و پڕ بایەخانەی کایەی وەرگێران بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە بواری عیرفاندا .

نامەوێت لەم کورتە وتارەدا باس لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بکەم و، سەبارەت بە کەسێکی حەللاج و جیهانبینی ئایینی وی و، ساردی و گەرمییەکانی ناو ژیانی بدوێم کە لە ڕەوڕەوەی تەمەنی فیزیکی و ئیمانی خۆیدا ئەزموونی کردووە و، نووسەری کتێب بەسەلیقەیەکی پڕ لە لێزانییەوە، بەگویڕەی ڕیزبەندی تەمەنی ( حەلاج ) هۆنیویەتەوە و، لە قاڵبی ڕۆمانێکی فرە عیرفانیدا دایڕشتووە . هەروەک ناشمەوێت بە ئاقاری لایەنگری یاخود ڕەتکردنەوەی ئەو بیر و ئایدیایەدا بچم کە ( حەللاج ) ی لە کڵاوڕۆژنەی خودادۆستیدا، گەیاندۆتە چڵەپۆپە و، ئەزموونە ڕووحی و عیرفانییەکەشی بۆتە وێردی سەر زمانی هەوادار و لایەنگرانی . بەڵکو دەمەویت قسە لەسەر ئەو ئێستایکایە بکەم کە وەرگێر بە کۆمەکی چەند دۆستێک، لە چلۆنایەتی وەرگێران و، هونەری وشەسازیدا، بۆ ئەم کتێبەی پەیڕەوکردووە .

 *

لەکاتێکدا، لەئێستادا مۆدیلێک لە کردەی وەرگێرانی کتێبدا هاتۆتەئارا کە لەزۆرینەی حالەتەکاندا، کەسێک بە تاقی تەنیا بە گژ وەرگێرانی کتێبێک یاخود زنجیرە کتێبێکدا دەچێت و، دوور لەچاوی ئەوانی دی، خۆی سەرگەرمی وەرگێران دەکات، بە بێ ئەوەی ڕوو لە کەسێکی زمانزان یاخود خاراوی کایەی وەرگێران بکات، ئایا ئەم کارەی لە لووتبەرزییەوە بێت، یاخود بێئاگاییەوە بێت . کەچی ( مەهدی عەبدوڵڵا ) ی وەرگێری ( حەللاج ) تەنها دڵی بەوە ئاوی نەخواردتەوە، بە پشوودرێژییەوە لە وەرگێرانی ئەم کتێبە ڕاچێت و، چەند جارێک بەخودی خۆی بە وەرگێرانەکەیدا بچێتەوە، بەڵکو خەمخۆری و خاکەڕاییەکەی وایکردووە دەستنووسی گۆرین بخاتە بەردەستی وەستای تر کە تاڕادەیەکی باش، شارەزای کون و کەبەر و پەنا و پەسیوەکانی زمانن و، عەیامێکی زۆریشە  دەست و پەنجەیان لەگەل خوێندنەوەی جددیدا نەرم کردووە . ئەمەش وایکردووە، کەمترین هەڵەی چاپ و، زمانەوانی لەم کتێبەدا بەرچاو بکەوێت کە نەبادا لە پەنای لووتبەرزی و بێئاگاییدا، وەک خەوشێک بەسەر وەرگێردا بشکێنەوە . لەکاتێکدا زۆرینەی وەرگێرانە تاکە کەسییەکانی دی کە دوورلەچاوی ئەوانی دی کردەی وەرگێڕانییان بۆ ئەنجام دەدرێت، هێندە خەوش و هەڵەی زمانەوانی و، چلۆنایەتی دەربڕین و، بەکاربردنی پەند و گفتار و ئیدیۆمی تیایدا دەدۆزیتەوە، وەک دەڵێن( قووڕبەسەر دەهێنێتە پێکەنین ) .

 *

بەر لەهەر شتێک، یەکێک لە جوانییەکانی ئەم وەرگێرانە، بریتییە لە بەکاردنی شێوە زاری موکریانی لە وەرگێرانیدا، کە وایکردووە قوورسایی وشە و ڕستە و دەستەواژەکان زۆرتر ببێت و، گەیاندنی مەبەستیش کاریگەرتر بێت . چونکە زیادەڕۆییم نەکردووە ئەگەر بڵێم، هیچ شێوە زارێک، ناتوانێت بەڕادەی شێوەزاری موکریانی دەرەقەتی کردەی وەرگێران بێت و، لە دۆزینەوەی وشە و زاراوە و دەستەواژەی پڕ بە پێستدا، دووچاری نائومێدی و دەستەوەستانی نەیەت . ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەوڵەمەندییەی ئەم شێوەزارە لە  وشە و دەربڕین و هاوواتا و پەند و ئیدیۆم و ...... هەیەتی و، چەندی ڕۆبچییە ناوی، بنی نایەت .

لایەنێکی تری پۆزەتیڤی ئەو شێوەزارە ئەوەیە کە دەتوانیت شاعیرانە لە نووسین و وەرگێراندا سوودی لێوەربگریت . هەڵبەت مەبەست لە شێ‌عیرانەش ئەوەیە کە ئەگەر یەکێک لە پرەنسیپ و بنەما سەرەکییەکانی هۆنینەوەی شیعری باش ئەوەبێت بە کەمترین وشە زۆرتری مانا بدەیت بەدەستەوە و، نیازت بەوە نەبێت پەنا بۆ درێژدادڕی ببەیت، ئەوا ئەو پرەنسیب و بنەمایە لە شێوەزاری موکریانیدا بە ئاسانی هەستپێدەکرێت و دەبینرێت . هەرکەسێک جارێک ڕۆمانی ( گێلەپیاو ) ی نووسەری تورک ( عەزیز نەسین ) و، ڕۆمانی ( نزا بۆ ئارمێن ) ی نووسەری کوردی فارسینووس ( ئیبراهیم یونسی ) لە وەرگێڕانی ( عەبدوڵڵای حەسەن زادە ) و، ( چێشتی مجیور ) ی ( هەژاری موکریانی ) و، پێشەکییەکەی دیوانی ( تاریک ڕوون ) ی ( هێمن موکریانی ) خوێندبێتەوە، ناتوانێت حاشا لەڕاستی بۆچوونەکەم بکات کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر کەسانێکی تر لە دەرەوەی ئەو شێوەزارە کاریان لەسەر ئەو نووسراوانە کردبان، نە بەو هێندە چڕ و قووڵ و واتادار دەردەچوون، نە بەو هێندەش چێژی ئەدەبییان بە خوێنەر دەبەخشی . جگە لەوەش، ناچاردەبوون لەڕووی قەبارەوە، هەریەکێک لەو نووسراوانە لە فۆرمێکی دوو هێندەدا جێبکەنەوە و، بۆ گەیاندی مەبەست و ناوەڕۆکیش، چەندین ئەوەندە زیاتر وشە بەزایە بدەن .

هەڵبەت جگە لە وەرگێڕ، ( پێشەکینووس ) یش وەک ڕۆڵەیەکی گۆشکراوی دەڤەری بەرینی موکریان، کە فڕچکی بە بەکارهێنانی ئەو شێوەزارەوە گرتووە لە گفتار و نووسیندا، لەسەر هەمان ڕیتم ڕۆیشتووە  . نەک هەر ئەوە، بەڵکو لە سەرجەم ئەو وتار و نووسراو و وەرگێرانانەەشدا کە بەخودی خۆی کاری کەسەرکردوون و، هەولێری وتەنی بەڕادانیداون، هەمان شێوەزاری کردۆتە دەستاوردی سەرەکی نووسین و وەرگێران  . وا خەیاڵدەکەم وەرگێڕی کوردی، جگە لەوەی بۆ خۆی بەو شێوەزارە چاو و گوێی کراونەتەوە، بەڵام هێشتا بڕیاری وی لە بەکاربردنی وەک بژاردەی یەکەم  لە کردەی وەرگێراندا،  بەدەرنەبووە لە دەغدەغە و هاندانی ( پێشەکینووس ) . وەختێک دیویەتی هێندە بە قسە و نووسین جەختی لەسەر دەکاتەوە و پیایدا هەڵدەڵێ، ئیدی  دڵی داوەتە خواستەکەی وی و، بەتەواوی خۆی یەکلاکردۆتەوە و، ئەو شێوەزارەی وەک دەستاوردی یەکەمی وەرگێرانێ، بەکاربردووە .

ناکرێت لێرەدا بازبدەم بەسەر ئەو پێشەکییەدا کە بۆ ئەم کتێبە نووسراوە، چونکە بۆ خۆی کتێبێکی چووکەڵەیە و، هێندە بە وەستایی و لێزانی پیت و وشە و پەڕەگرافی تیادا بەکارهاتوون، وەک دەڵێن ( بە خوێندنەوەی خەنی دەبی ) . لەوەش واوەتر ئەوەیە، ( پێشەکینووس ) خۆی لە قەرەی باس و خواسی عیرفان داوە و، کەسێتی حەللاجی لەژێر ڕۆشنایی وەسفکارییەکی جواندا کە شایستەی بێت، خستۆتە بەرچاوی خوێنەر و، بەو شێوەزارە موکریانییە ڕەوانە، حەللاجی لە مرۆیەکی دوور لە خوێنەر لەڕووی زەمەن و ڕووداوەوە، کردۆتە  دۆستێکی ئازیز و لەبەردڵان، کە جگە لە خولیای خودادۆستی و، خەمی وەدیهێنانی دادپەروەری، هیچ خولیایەکی تری نەکردۆتە سەرمەشق لە ژیانی فیزیکی خۆیدا !

پاشخانی ئیمانی و پەروەردەیی و زانستی ( پێشەکینووس )، وایکردووە بە نووسینی پێشەکییەکی چەند لاپەڕەیی، ئەگەر وەک سەرە قەڵەمیش بێت، بەباشی بتوانێت تان و پۆی بیر و جیهانبینی و خەون و خولیای حەللاج بکات و، یارمەتی خوێنەر بدات تاکو پێشەکییەکی وی، وەک دەستپێکێکی جێ باوەڕ، بۆ چوونە ناو قووڵایی ڕۆمانەکە لەبەرچاو بگرێت .

 *

ئەگەرچی پێشتر، بەکاربردنی شیوەزاری موکریانی لە کردەی نووسین و وەرگێراندا، ئەزموونکراوە و، لەچەند زەمەنێکی لێکجیاوازدا ژمارەیەک لە نووسران و شاعیران سوودیان لێوەرگرتووە، بەتایبەت ئەوانەی پەروەردە و گۆشکراوی دەڤەری بەرینی موکریانن، لە نموونەی ( هێمن موکریانی، هەژار موکریانی، عەبدوڵڵای حەسەن زادە، حەسەنی قزڵجی، ..... ) ، هەروەک لە دیوانە شیعرییەکانی ( هێمن موکریانی و هەژار موکریانی ) و، وەرگێڕانی ( توحفەی موزەفەرییەی ئۆسکارمان ) لەلایەن ( هێمن موکریانی ) و، ( چێشتنی مجێور ) و بەشێک لە کتێبە وەرگێردراوەکانی ( عەلی شەریعەتی )  لەلایەن ( هەژار موکریانی ) و، ژمارەیەک کتیبی وەرگێراوی تر   لەنموونەی ( گێلەپیاو و، بیرەوەرییەکانی دوورخراوەیەک و، نزا بۆ ئارمێن و، سەرکەوتنیی بێسنوور ) لە لایەن ( عەبدوڵای حەسەن زادە ) دا بەرچاو دەکەوێت  . هەروەها لەم ساڵانەی دووایشدا، ( ڕەسوڵ سوڵتانی ) بە لێزانی و شارەزاییەکی زۆرەوە کە لەدەست کەم وەرگێر دێت، ئەو شێوەزارەی لە وەرگێڕانی دەیان دەق و نووسراوی ( ئەنتوان چیخۆف و، یەشار کەمال و، ئیبراهیم یونسی و، لیوتۆلستۆی و ..... ) دا بەکارهێناوە . بەڵام ئەوەندەی من ئاگاداربم، لە کایەی وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانانەدا کە ناوەڕۆکەکانیان ڕەهەندێکی عیرفیانیان لەخۆگرتووە، بەکارنەبراوە . یاخود من تاکو ئێستا بەرچاوم نەکەوتووە و، نەمخوێندۆتەوە . بۆیە لەوەدا دەبێت ئافەرین لە ( مەهدی عەبدوڵڵا ) بکەم کە  کە ئەو شێوەزارەی بۆ وەرگێرابی ڕۆمانی عیرفانی بەکاربردووە و، وەک دەستاوردێکی سەرکەوتوانەی بێ گرێ و گۆل سوودی لێوەرگرتووە، بە شێوەیەک کە دەگمەن کەسێک بوێری بکات و زار هەڵێنێت کە گوایە ئەم شێوەزارە، ناتوانێت هاوشانی ئەو دەقە ئەدەبیانەی ناوەڕۆکیکی عیرفانیان هەیە، لاق ڕاکێشێت . 

 *

جوانییەکانی تری ئەم وەرگێرانە ئەوەیە، کەمترین وشە و دەربڕینی زیادەی تیادایە . بە واتایەکی تر وەرگێر هێندە وەستایانە کاری لەسەر گەیاندنی واتا و ناوەڕۆک کردووە، نیازی بەوەنەبووە، پەنا بۆ بەکاربردنی وشە و دەربڕینی تر ببات و، بۆ جوانکردنی وەرگێرانەکەیی و، لەخشتەبردی خوێنەر، تەوزیفییان بکات . هەڵبەت، ئەگەر ئەو کارەی کردبا، بێگومان جۆرێک لە بێزاری بۆ خوێنەر درووست دەکرد کە دەبووە هۆی ئەوەی پاشەکشە لە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە وەرگێردراوەی وی بکات . لەهەمانکاتدا لاوازی توانستی وەرگێڕیشی لە ڕووی ئێستاتیکای زمان و هونەری دەربڕین و، چۆنایەتی داڕشتنەوە، دەردەخست .

بەکاربردنی وشە و دەستەواژەکان لەجێگە و شوێنی خۆیان و، جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی نیازە ئاشکرا و حەشاردراوەکانی  نووسەر لەم کتێبەدا، بۆتە هۆی ئەوەی هەر وشە و دەستەواژەیەک مەدلوولی خۆی بگەیەنێت و، بەشداربێت لە گەیاندنی کۆی ئەو زەخیرە زانیارییانەی نووسەر مەبەستییەتی لەرێگەی ناوەڕۆکی ئەم کتێبەوە بە خوێنەری بگەیەنێت .

دوواجار دەمەوێت بڵێم، ئەگەرچی ئەم کتێبە، بەرهەمی چنین و وەسەریەکنانی زانیارییە وەدەستخراوەکانی نووسەرە . بەڵام وەرگێر هێندە بە لێزانی کاری وەرگێرانی بۆ کردووە، لەلایەک وادەکات لە دڵەوە دەستخۆشانەیەکی گەرمی لێبکەیت و، بەتاسەوە چاوەڕێی بەرهەمی وەرگێراوی تری لێبکەیت . لەلایەکی تریشەوە وادەکات  دان بەوەدابنێێت کە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، بەشداردەبێت لە تۆخکردنەوەی هەر نییەتێکدا کە مرۆڤ بیەوێت وەک عابیدێک زۆرتر لە مەعبوودەکەی نزیک ببێتەوە .