
شیعر : ئیبراهیم هەورامانی
ئەو کاتەی،
گەرمای تەموزو
هێزی کار بڕستی لێبڕیوم ،
بیر لەتۆ دەکەمەوە.
بیر لە بزەو
خەندەی گەرمت.
ئەو کاتانەی،
بە گیانێکی شەکەت و
دەستێکی زبر و
قاچی ماندووە،
لەکار دەگەڕێمەوە و
لە پێشوازیمدا دەڵێی:
ئازیزەکەم،ماندونەبیت.
ئائەو کاتە،
بیر لەوە دەکەمەوە،
بیر لە نیگای،
چاوی شەرمت
لە لێدانی دڵی گەرمت.
من بیر دەکەمەوە،
سبەی،
چەپکێ گوڵ و
گەردانەیە،
وەک دیاری ڕۆژی بونت.
بۆت بێنم و
لێم وەرگری.
بەڵام گیانە،
لێم ببورە،
من هەر ئەوەندەم لەدەست دێ،
هێزی ئەمڕۆم،
هەرزانفرۆش کەم بۆ سبەی.
تاوەک خەندەی سەرلێوانی تۆ نەتورێ.
بەڵام گیانە،
لێم ببورە،
لەم بازاڕە بێڕەحمەیە،
من هەر ئەوەندم لەدەست دێنێ.
لێم ببورە
لێم ببورە.
ئازیزی من
ئەی بینایی دوو چاوی من.
هەر کات ڕۆژێ
ئێمە هەمومان پێکەوە
ئەم یاسایە،
یاسای بازاری سەرمایە،
بە بازوومان،بە یەک دەنگی،
سڕییەوە.
خەمی نان،
نەبوە کێشە،نەبوە گرفت.
کار بۆ ئینسان،
وەکو یەک بوو.
مرۆڤ،
دوربوو لەترسان و چەوسانەوە.
ئیتر ئەو کات،
من و تۆش،
هەردوو پێکەوە.
لەشاران و لە ووڵاتان،
دەچینە گەشت،
دور دەبین،
لە گرفت و خەمی ژیان.
ئائەو کاتە،
ئیتر بێ لە گرفت و ژان،
بێ لە غەمی نان و
ژیانکردن لەناو زیندان.
ئائەو کاتە،
بەخەندەی سەر لێوانی تۆ،
بەهەناسەی خۆشبەختی من،
لەسەر نەخشەی نیشتمان و
لەگشت شارو لادێیەک دا،
دور لەقینی دوژمنانمان،
دەنوسین،
بژی ئینسان،بژی ئینسان.