
ئەم شیعرە نزار قەبانی شاعیر لە میهرەجانی مەربدی پێنجەمدا لەبەغدا ساڵی 1985 خوێندیەوەو لەناوەندەكانی ئەدەبدا دەنگی دایەوە، كەچی رێگایان نەدا لەرۆژنامەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاو بكرێتەوە.
وەرگێڕان : عەبدولكەریم شوانی
كۆچ ئەكەین
بەپاپۆڕی خەم كۆچ ئەكەین
سەركردەمان بەكرێگیراوە
مەلامان رێگرە
هاووڵاتیان بێنیشتمانن و
وەك چۆلەكە بەسەرنەخشەی زەمەنا راوەدو ئەنرێین
بێ ناسنامە كۆچئەكەین ....... مردوی بێ كفنین
ئێمە (سۆزانی) سەردەمین
دەستەڵادارەكان ئەمان فرۆشن و پارەكە وەرئەگرن
ئێمە كەنیزەكی كۆشكەكانین
ژور بۆ ژور رەوانە ئەكرێین
لەم دەستەوە بۆ ئەو دەست
لەم خاوەنەوە بۆ ئەو خاوەن
لەم بتپەرستەوە بۆ بتپەرستێكی دی
وەك سەگ هەمو شەوێك را ئەكەین
لە عەدەنەوە بۆ تەنجە
لەتەنجەوە بۆ عەدەن
بەدوای خێڵێكدا ئەگەڕێین گلمانداتەوە
بەدوای پۆشاكێكدا ئەگەڕێین دامان پۆشێ
بەدوای جێی حەوانەوەدا
منداڵەكانمان بەدەورمانەوە كووڕو پیربونە
بەدوای بەهەشتتێكی بێوێنەدا ئەگەڕێین
لەناو فەڕهەنگە كۆنەكانا بەدوای درۆیەكی گەورە...گەورەدا
ئەگەڕێین,
كە پێی ئەڵێن نیشتمان
ناوەكانمان بەناو ناچن
نە ئەوانەی نەوت ئەخۆنەوە ئەمانناسن
نە ئەوانەی فرمێسك و نەهامەتی ئەخۆنەوە
لەناو دەقەكانی دەستەڵاتداردا كە ئەینوسنەوە دەستبەسەرین
لەناو ئەو ئایینەی كە ئیمامەكانمان تەفسیری ئەكەن دەستبەسەرین
لەناو خەما دەستبەسەرین .. ئەو خۆشییەی هەمانە تەنها خەمەكانە
لەچایخانەكان و ماڵەكەمان و لەناو منداڵدانی دایكمانا
سانسۆرمان لەسەرە
زمانمان .. بڕاوە
سەرمان .. بڕاوە
بەترس و فرمێسك نانەكەمان تەڕ ن
ئەگەر لای بەرگریكارمان شكایەتمان كرد
ئەڵین قەدەغەیە
ئەگەر هاوارمان كرد ئەی پەیام بەری خوا فریامان كەوە
ڤیزای بێ گەڕانەوەمان پێ ئەدەن
ئەگەر داوای قەڵەممان كرد تا دوا چامەی پێ بنوسینەوە،
یان وەسیەت نامەی پێش لەسێدارەدان بنوسینەوە،
بابەتەكە ئەگۆڕن
ئەی نیشتمانە لەخاچدراوەكەی سەر دیواری رق و كینە
ئەی ئەو تۆپەڵە ئاگرەی، كە بەرەو فەنا ئەڕوات
هیچ كەسێك شوشەیەك خوێنی خۆی
یان میزی (شەریفی) نەدا بەم نیشتمانەی غەرقی خوێنە
بەدرێژایی ئەم (عەبا) پیناوییە
كەس رۆژێك، پاڵتۆیەك یان شەپقەیەكی پێ نەدای
ئەی نیشتمانە تێكشكاوەكەم وەك پایزە پووش
ئێمە وەك درەخت لەشوێنی خۆمان هەڵكەندراوین
چاومان لە دەنگمان ئەترسێ
دەستەڵاتدارەكانمان خواوەندن و دەمارەكانیان خوێنی شینی پیا ئەروات
ئێمەش نەوەی جاریەین
نە سادەی حیجاز ئەمان ناسن ... نە بیابانییەكان
ئەگەر ستەمكاریك رۆی ئەوا رادەستی ستەمكارێكی دیمان ئەكات
ئێمەلەبەندەری ماندوبونەوە كۆچ ئەكین
كەس ئێمەی ناوێت
نە ئەهریمەنەكان و نەفریشتەكان
كەس ئێمەی ناوێت
لەشارەكانی (خوێ ) كە ساڵانە بەملیۆنان كتیب سەر ئەبڕدرێ
كەس نامان خوێنێتەوە
لەشارەكانی كە پیاوانی دەوڵەت بون بەسپۆنسەری ئەدەب
كەس نامان خوێنێتەوە
ئێمە بەكەشتی خەم كۆچ ئەكەین
رابەرمان بەكێگیراوە و
مەلامان رێگرە
لەناو قەفەزدا وەك مشك بەسەر یەكدا كەوتوین
هیچ بەندەرێك گلمان ناداتەوە
هیچ مەیخانەیەك گلمان ناداتەوە
هەموپاسەپۆرتەكانمان ئەهریمەن دەری كردوە
هەرچییەك كە ئەی نوسین بەدڵی سوڵتان نییە
ئیمەلەدەرەوەی كات وشوێن كۆچ ئەكەین
كۆچ ئەكەین و پارەمان بزر بوە.. كەل و پەلمان بزر بوە
منداڵەكانمان بزربون.. ناوەكانمان بزر بون .. ئینتمامان بزربوە...
هەستكردن بەئاسۆدەیی بزربوە
نە(بەنو هاشم) ئەمان ناسێت نە (بەنو قەحتان)
نە (بەنو لینین) ئەماناسێ نە (بەنو رێگان)
ئەی نیشتمانەكەم هەمو چۆلەكەكان ماڵیان هەیە
تەنها ئەو چۆلەكانە نەبێت كەفێری ئازادین و
لەدەرەوەی نیشتمان ئەمرن