لەو كۆڵانە هەست بە غەریبی دەكەم

نە شیعری لێ دەنووسرێ نە دەتوانی گۆرانی بڵێی

تا نیوەڕۆ كەس خەبەری نابێتەوە

كەس بۆ سپێدە پێناكەنێ

كەس چاوی بۆ خۆر بڵند ناكا

تا دەڕۆم هیچ گەمەی منداڵی نابینم

تا ئێستا منداڵێكم نەبینیوە بەدوای كۆترێكەوە هەڵەنگوێ

تا ئێستا ژنێكم نەبینیوە پرچەكانی بەرداتەوە

تا ئێستا هیچ پیاوێك لەكۆڵان نابینم بەیانی باشی پێ بڵێم

لەدوای نیوەڕۆوە پیاوەكان شیر و تیخ لێكدەسوون

ژنەكان بەدەم غەیبەتەوە فوو بەهەورەكان دادەكەن

هیچ پاڕانەوەیەكم گوێ لێنەبووە 

كەس دەستی بۆ ئاسمان بەرزناكا

كەسێك نابینم لە خووتبە بێتەوە قسەكانی مەلا بگێڕێتەوە

لەو كۆڵانە غەریبم

هیچ كرێكارێك نابینم بچێت بۆكار

ڕۆژانە گڵۆپی سەردەرگاكان ناكوژێننەوە

ئاوی سەربان ناگرنەوە

ئێواران ناتوانم زووبێمەوە

كەس سڵاوی كەس ناستێنێتەوە

ئەو شاعیرەی شیعری بۆ ئێوارە گوت

ئێوارە لەبەردەرگەی مزگەوتی گەڕەكی خۆمان كوشتیان

ئەو ژنەی ویستی سپێدەیەك بێتە دەر نزابكا لەبەر خۆر

كوشتیان

مۆزیكژەنێكی ئازا

سەیارەیەك پانی كردەوە

ئەو كۆڵانەم حەز لێ نییە

تا ئێستا كیژێكی بچووكم نەبینیوە بەدوای دایكدا ڕابكا

گوێم لە هیچ منداڵێك نەبووە بڵێ بابە

ئەو كۆڵانە جێدەهێڵم

دەڕۆم بۆ گەڕەكێكی خاكی

دەڕۆم ئێواران لەگەڵ كوڕانی گەڕەك سەربانەكان دادەكوتینەوە

دەچین یاریەكانی منداڵی دەكەینەوە

دەچین یاری لەگەڵ سەگەكان دەكەین و پشیلەكان دەگرینە باوەشمان

دەچین دووعانە لەدایكمان وەردەگرین و بن دەستە و شێر و خەتیان پێ دەكەین

لە كۆڵانەكان چاوشاركێ و شایی و لۆغان گەرم دەكەین

كێ دێ ئەو كۆڵانە تەنگەبەرە

ئەو كۆڵانە بێ ڕۆحە جێ بهێڵین؟

بەكر ئاڵەیی

٨ی مارس 

٢٠٢٤