
بەرزان عەلی
بەشی ٤
پڕ بووە لە تڕۆهات
خەوم تێک چووە
پێدەچێت ژاوەژاوی پشتەوەی کۆڵان دزەی کردبێتە نێو ژوورەکەم
دەبێت ژوورەکەم بەدوور بگرم لەزمانی قڵیشاوی بێزمانەکان
ڕۆیشتنم بە مانای هەڵهاتن نییە
بەرلەوەی تاریکی دابێت
ڕووناکی نێو ڕۆحم دەپرژێنم
بیر لەوە دەکەمەوە خۆم لەنێو منێکی نوێدا زیندوو بکەمەوە
شاعیرێکم لەنێو قەڕەباڵغیدا بەشوێن تەنهای خۆمدا دەگەڕێم
لەودیو چیاکەوە شەوق دەدات
پێدەچێت ڕووناکی دڵێکی سەرلێشێواو بێت
لەوانەشە دومەڵێک بێت لەنێو دڵی چیاکەدا تەقی بێت
لەوانەشە پریشکی ئەو یاریە ئاگرینانە بێت کە ڕۆژگارێک منداڵەکان بەدەم یاریکردنەوە دەیانگرتە ئاسمان
لەوانەشە پاشماوەی ڕێبوارێک بێت لەنێو چیاکەدا کۆڵەپشتەکەی تەقیبێتەوە
بۆ ئەوەی خاڵی ببمەوە لە هەموو شتێک دەبێت بڕۆم
هەموو یادەوەرییەکانم دەپێچمەوە و لەجانتاکەمدا دەیانخەوێنم
خۆزگە شوێنی خۆیشم دەبوویەوە
دەڕۆم
دەڕۆم
وەکوو ئەوەی بمەوێت بەرزان بسپێرم بە با
بەڕێ دەکەوم
سێبەرەکەم هاوەڵمە
کاتێک گەیشتمە قەدپاڵی چیاکە کەللەسەرم داگرت
لەبن دارێکدا شاردمەوە و تۆپەڵێ بەفرم خستە نێویەوە
تا هەرچی زووخاوی گەرمی نێو یادەوەری شارێکی خامۆش بکات بە هەڵم
بۆ ئەوەی خۆم یادەوەرییەکانم تێپەڕێنم دەبێت پاسپۆرتەکەم چەشنی دڵم بکەمەوە
سەربازەکە شۆک بووە لەتێڕامان لەم هەموو جانتا داخراوانە
ئەمجارەیان سوار ئەسپێکی سەرخۆش نابم تا گلێر نەبمەوە
دەبێت ماشێنێک بەکرێ بگرم تاخۆم کۆڵەپشتەکانم تێپەڕێنم
خۆشبەختانە شۆفێری ماشێنەکە گۆرانیبێژە
گوێگرتن لە گۆرانی هەورامی لەنێو چیا و هەوایەکی ساردا گەرمی خۆی هەیە بۆ لاشەیەکی شەکەت
شۆفێرەکە دڵخۆش دیاربوو
لەکاتێکدا ماتەمینی ژیان لەنێو ڕووخساریدا شیوەنیان دەگێڕا
بەڵام وای نیشان دەدا کە ڕاهاتووە و تێدەپەڕێت
کچە دەساڵانەکەی تێلی کرد
وەکوو ئەوەی چاوەڕێ بکات
بابە گیان لەکوێ ؟
کچم دەچم بۆ کامیاران گەشتیارم پێیە و ئێوارە دەگەڕێمەوە
بابە چوویتە شار بەبێ دیاری نەیتەوە شتی جوانم بۆبێنە
کچم بانچاو قەزاو لێم
قرچە لەدڵمەوە دەهات
حەزم دەکرد جنێو بە هەرچی ئایدیا هەیە لەسەر زەویدا بدەم
خۆم گێل کرد تا پارەیەکی زیاتری پێی بدەم
ئەوە کەمترین کارێک بوو دەمتوانی بیکەم
بۆ ئەوەی هەست بەغەریبی نەکەم
دەستی کرد بە گۆرانی
سەیری قەدپاڵی چیاکەم دەکرد
لەنێو خەیاڵێکی قووڵدا بیرم لە یادەوەری ئەو منداڵانە دەکردەوە کە ڕۆژگارێک لەنێو هەناوی چیادا لە باوەشی ساردی دڵگەرمیدا دەگەشانەوە
ئێستاش لە گەورەییدا لێدانی دڵیان لەنێو هەناوی چیادا دەژمێرن
نم نم دێتەخوار
فڵچەکە دڵی بەخێرای لێدەدات تا دانەپۆشرێت پەنێک بدات
کفنی سپییان پۆشی
وەکو ئەوەی ژیان لەنێو دڵی ئەم درختانەوە چرۆ بکات
حەزم دەکرد دڵم دەربێنم بەچڵێک هەڵیواسم
شۆفێرەکە گۆرانی دەڵێت
پێدەچێت ڕۆژێکی خۆش بەڕێ بکات
لەنێو خەیاڵێکی قووڵدام وەکو ئەوەی تەقینەوەیەک لەنێو مندا تەقبێتەوە
دەترسام شیعر تاسا بێت ئەوکات لە خۆم خۆش نەدەبوم
گەشتینە کۆڵانی ماڵی کچە هاوڕێکەم
شار بۆنی بێدەنگی لێ دێت
لە باڵەخانەی نهۆمی دووەم ڕوخسارێک دەرکەوت
زەردەخەنەیەکی کرد و دەستێکی دەرهێنا بەنیشانەی من لێرەم تۆ ون نابیت
سیحرێک لە ڕووخسار و زەردەخەنەکەیدا خۆی مەڵاس دابوو لە یاریی سەربەفر دەچوو
دەترسام هەڵخلسکێم
شوێنکم زەفەر بە خەیاڵم ببات
کچە هاوڕێکەم پێم دەڵێت بەرزان دوشێک بگرە تاماندویت دەربچێت نووستم تا لەنێو بێدەنگیدا یادەوەری کۆڵەپشت لەنێو سەفەرێکی ئاڵۆزدا بنووسمەوە
دەزانم کۆڵە پشتەکەم لە خۆم ماندووترە
دەمێکە چاوەڕێیە لەنێو خەیاڵدانی مندا سەرخەوێک بشکێنێت