
هەمزە گوڵانی
لە دەمی کەشتیوانێک بیستراوە:
کە دوو دەریا ڕێککەوتوون،
من و تۆ یەکتر بخنکێنین.
لە دەمی کەژەوانێک بیستراوە:
دوو لووتکە لەو پەڕی بەرزیدا ڕێککەوتوون
من و تۆ یەکتر بخەینە خوارەوە.
لە دەمی ئاشەوانێک بڵاو بۆتەوە:
دوو بەرداش ڕێککەوتوون من و تۆ یەکتر بهاڕین.
چاودێرێک باسی کردووە:
دوو چاو ساغ ڕێککەوتوون
من و تۆ یەکتر کوێر بکەین...
دوو ئاگر، من و تۆ یەکتر بسووتێنین.
دوو ئەژدیها، من و تۆ گاز لە یەکتر بگرین.
بای باکور دەستی بای باشوری گرتووە،
من و تۆ یەکتر لوول بدەین.
دوو چەک لەسەر مێزی شەڕ بڕاندوویانەتەوە،
تا من و تۆ هەین هەر یەکتر بکوژین.
گوێی چارەنووسمان
خستووتە بەر دەستی ڕەش و سپی جیهان،
بە ڕاست و چەپدا ڕایبکێشن.
دڵمان داوەتە دوو قوتب،
من و تۆ ڕقمان لە یەکتر بێتەوە.
حەیف
سەرمان بۆ هەموویان دانەواندووە؛
وەک تۆپی نێوان دوو هەڵبژاردە
لە کۆتا خولی مەرگدا شەقمان تێهەڵدەن!
