ئومێد قەرەنی

 

​لە سیی و یەک ساڵی خۆم کوشت
وەک شاعیرێ...
وەک هەرزەکارێ...
هەرچەند زارەکەی بۆ هەڵبدەی
بە هیچ دیوێکی ڕازی نییە
وەک جەستەیەک کە ناخوازێ
لەگەڵ تەمەنی ڕاستەقینەی ئاشت بێتەوە!

(​چەند ساڵێکە
لە ئۆفیسێکی فرەنەتەوەیی
نۆ بۆ پێنج کار دەکەم،
ئێواران بە دەمانچەیەکی کالیبەر نۆوە
تەقە لە داروبەرد دەکەم)!
دەبمە ڤانداڵ، لەبری ڕەنگ
ژار بە دیواران دادەڕێژم.

​دەنگی گوللەکان ناژنەوی؟
وەک هاواری خۆم
سینگی بێدەنگیی شەو هەڵدەدڕن!

​دەبمە بکوژێکی زنجیرەیی
لێ لە هەڵمەتێکی گەڕان بەدوای خۆمدا
بە هەڵە بە سێرەت دەگرم...


​هەنووکە بۆ تەواوی هۆکاری هەڵەکانم،
لە هاڕژنی گریان دەدەم...