دۆستی زۆر ئازیزم مامۆستا( خدر ئیبراهیم خدر )لەسەر کتێبی ( تەمەن و ئەزموون ) کە گۆشەیەکە لە بیرەوەریەکانم هەندێک سەرنج و ڕەخنەی خستۆتە ڕوو، جگە لە پەیجەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، لە هەفتەنامەی ( ڕێگای کوردستان لە گۆشەی ئەدەب – ١٤ ی حوزەیرانی - ٢٠٢٥) بڵاو کراوەتەوە ، دەست خۆشی لێدەکەم و سوپاسی دەستەی بەڕێوەبەری ( ڕێگای کوردستان )یش دەکەم بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکە.

سەرەتای ئەم بابەتە و بەر لە هەر شتێک سوپاس و پێزانینی تەواوم بۆ مامۆستا خدری ئازیز کە بەڕاستی ئەرکی کێشاوە و کاتی بۆ خوێندنەوەی بابەتیانەی کتێبەکە تەرخان کردوە  و سەرنج و تێبینی و ڕەخنەی لێگرتوە ، من بەش بە حاڵی خۆم زوربەی سەرنج و ڕەخنەکانیم قبوڵە و لەجێی خۆیاندان، بەکورتی وەک دەڵێن ( ئەنگاوتویەتی ).

با لێرەدا ئەوەش لە بیر نەکەم کە بەشێکی بەرچاو لە خوێنەرانی کتێبەکەو زیاتریش دۆست و ئاشنایانم، باری سەرنج و ڕەخنەی خۆیان بۆ ناردووم و هەمویانم لەبەر چاوگرتوە و دامناون وەک خۆیان بڵاویان بکەمەوە ، ئەگەر بۆم ڕەخسا چاپی دووەم دەرکەم، ئەوە ئەم بابەتەی مامۆستا خدریشی هاتە پاڵ .

 

من لە سەرەتای کتێبەکەدا، پێشکەشم کردوە بە چەند کەسایەتی و خوێنەرێک، لەوانە :

  • هەر خوێنەرێک بە چاوێکی ڕەخنەگرانە دەیخوێنێتەوە .

وا دیارە ( م خدر ) دروست ئەو خوێنەرەیە کە من مەبەستم بووە، واتە ڕەخنەگرێکی بابەتی، بۆیە بە پێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر هەندێ لایەنی ڕەخنەکان.

ئێمە ، خوێنەر و نوسەری کوردزمان، لە فەرهەنگی نوسینەوەی یادەوەریدا ئەو باڵا دەستیەمان نیە، بگرە ئەزموونیکی تازەیە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا کە دەکرێ بە هەڵسەنگاندن و ڕەخنەو بەراورد کردن بە ئەزموونی گەلانی تر دەوڵەمەند و پوختتر بکرێ.

سەرەتا لەم کتێبەدا مەبەستم بووە خۆم بە خوێنەر بناسێنم ،کێم ؟ بنەما کۆمەڵایەتیەکەم لەکوێوە هاتوە؟ قۆناغەکانی ژیانم – منداڵی، مێرمنداڵی، هەرزەکاری لاویەتی و .....م چۆن بڕیوە ؟ کێن ئەوانەی بەدەوروبەرمەوە وبوون کاریگەریان هەبووە لە گەشە وپێگەیاندنمدا؟ ئەوبارودۆخە ئابوری وکۆمەڵایەتی و دواتر سیاسیە کامەبووە کە من چاوم تێدا هەڵێناوە وکاری کردۆتە سەر ژیان وبیر وبۆچوونم ؟ کەم و کوڕیەکانی ئەو دەورانانە، تەنگژە وگرفتەکانی، کەوتن و هەستانەوەکانی کامانە بوون؟ هەر لێرەوەیە تێکەڵکێشەیەکم دروستکردوە و نەمتوانیوە بەوردی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەشێک لە ژیانی سیاسیم لێک جیاکەمەوە کە دەبوو بمکردایە.

مەبەستێکی تر لە دەرکردنی کتێبەکە خستنەڕووی ئەزموونی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیم بۆ خوێنەر و بەتایبەتیش بۆ نەوەی نوێ وەک بەشێک لە مێژوویەکی زیندوو، ئەگەر بەهەندی وەربگرن. 

ئەوەی کە فۆنتەکانی وردن خوێندنەوەیان بۆ کەسە جیاوازەکان کارێکی ئاسان نیە راستە، بەڵام ئەوەیان دەکەوێتە سەر چاپخانەکە کە وەک خۆیان دەڵێن بۆ تێچوی کەمتر بووە ، خۆ ئەگەر پرسیان پێ کردبام بێشک ئەو کەم و کوڕیەم چاک دەکرد. 

کێشەی سێ ناوەکە لەوەوە هاتوە کە لە تۆمار ودەفتەرە فەرمیەکاندا ناوم ( عەبدوڵا) یە بەڵام بە هەردووک ناوەکەی دی زیاتر بانگ دەکرێم ویستم سەر لە خوێنەر تێکنەدەم ، بەڵام وەک م خدر دەڵێ نەدەبوو وامکردبا، ناوێک یا نازناوێک بەس بوو.

نایشارمەوە هەڵەی نوسین و زمانەوانی یەکێکە لە کەم وکوڕیەکانی کتێبەکە هەرچەندە برای بەڕێزم ( مامۆستا بورهان عەتار ) بەسوپاسەوە هەمواری زمانەوانی کردبۆوە بەڵام وادیارە بەسەر ئەویشدا تێپەڕیوە.

دووبارەی دەکەمەوە دەست خۆشی بۆ مامۆستا خدر و هەموو مامۆستا خدرەکانی دوای ئەو دێن.

لەندەن

١-٧-٢٠٢٥

 

بۆ خوێندنەوەی دەقی بابەتەکەی (م خدر) تکایە کلیکی ئەم بەستەرەی ( لینکە)ی خوارەوە بکە :

 

https://regaykurdistan.com/.../yhzmwwn-k-b-khwd-yhzmwwn-k...