هەمزە گوڵانی

 

لێدەن زرم زرم لێدەن با بنێژن

تا پەتی سێدارە زمانی لە گۆ دەکەوێ

یەک بە یەکی کۆدەکان بکەنەوە

تا گۆرستانی تاران،

باخۆیان بەشانی خۆیان  هەڵگرن.

ئەوانەی دوێنێ بە مەرگی ئاو نیگەران بوون

دەی ئەمڕۆ  ڕێوڕەسمی شەقام سازکەن

با تەمەنی تاریکی لەم وڵاتەدا لە پەنجا تێنەپەڕێ!

زرم زرم تێسرەوێنن؛

با هەموو ڕۆژێ ئاگر تەڵقینی خەڵووز بدا

خۆ گیا لە چاوەڕوانیدا ئاوس بوو،

پەڵە هەورێک لەم ڕۆژ هەڵاتە دڵنیشەنەمدا

بەکوردی زمانی نەپژاو  پیتێکیی باڵدارم نەبینی

لە مهابادەوە بفڕێت و لە ئاگری داخ بنێشێتەوە!

هەڵۆ ڕەشەکان تێبەردەن،

مەوەستن با ئاسمان قرمەی بێ

خۆ کانیاوەکان تەقینەوە...

هەڵم تینووی گەشتی لوتکە بەرزەکانی نیشتمانە

قاسملو لە مەنفا چاوێکی کردووە بەچوار

خۆی لەناو ئاپۆرادا نابینێ!

هێشتا پێشەوا خەبەری نەبۆتەوە...

شەڕەف کەندی تۆ لەکوێی؟

ئەی دکتور جەعفەری شەفیعی

کەی زامی ئاو تیمار دەکەی؟

لێدەن؛

کات لە بەر دەرگا ڕاوەستاوە

زەمان و زەمین پێکەوە دانیشتوون.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا