کاتی ئاوابوونی بتەکانە

بەشی(39)  

ئیتر کاتیەتی بتەکان ئاوابن و سنوورەکان بشکێنین و تابووکان ورد و خاشبکەین.

سەروین وای دەگوت.

ئەو ژاندارک، سیمۆن دیبۆڤوا و ڕۆزا لۆکزەمبۆرکی کورد بوو.

سەروین کچێک بوو: پڕی لە هەست و جوانی، لێوان لێوبوو لە بوێری.

کچێک، بوو بە ناونیشانی مرۆڤ دۆستی و ئایکۆنی ئازادی. ژنێک بوو سمبولی بەرخودانبوو. بەرگریکارێکی سەرسەخت و بوێری داواکاری مافەکانی ژن و ئازادییەکانی ژن بوو.

ئەو، بانگەوازی بۆ تێکشاندنی سنوورەکان دەکرد.

سەروین دژی  شوێنکەوتەی کوێرانەبوو، دژی لاسایکردنەوە و تەرجەمە و کۆپیکردن و گواستنەوەی ئەوانیتربوو.

ئەو ڕێک دەتگوت نەوال سەعداوی کوردە و  دەیگوت:هیچ سنوورێک بۆ داهێنان و هیچ وەستانێک لەبەردەم ئەقڵدا نییە لەبیرکردنەوەی ئازاددا.

 دەیگوت: فەوزا واتای شێت بوون و دەرچوون لە سنوورەکانی ئەقڵ نادات، بەڵکو مانای دەرچون لە بەستەڵەکی ئەقڵ و ئازادکردنی ئەقڵ دەدات.

 واتای ڕزگارکردنی بیرکردنەوە لە خوڕافە و ڕەهابوونی ئەقڵ لە تێگەیشتنی ئامادەکراو و پێشووتر بڕیاری لەسەردراو دەدات.

 مانای لە قاڵب نەدانی زەین و کۆت و بەندن نەکردنی ئەندێشە دەدات.

مانای بە دۆگمایی نەبوونی فیکر و نەخەرەفاندنی ئەقڵ دەدات.

سەروین هەمان شێوەی نەوال سەعداوی دەیگوت:گرنگ نییە بۆمن زەوی بە دەوری خۆیدا دەخوڵێتەوە، یاخود بە دەوری خۆردا، پێدەکەنی و دەیدا قاقا و دەیگوت:ئێمە ئازادین، بەو شێوەیه دەخۆڵێینەوە کە حەزمان لێیەتی، بە دەوری خۆمان دەخوڵێینەوە، یان بە دەوری ئەوانیتر، یان بە دەوری هیچ کەسێک.

من بە پێی ویستی خۆم ئەقڵم دەخوڵێتەوە، تەنانەت لەکاتی خەوتنیشدا وەکو ساتی بێداربوونم).

سەروین  دەیگوت کێشەکە لە یەک وشەدایە، یەک، بەڵێ تەنها وشەیەکی نەفرەتی!

 ئەویش«ترسە». ئاخر ترس، نەفرەت لە ترس، گوو بە ئەژداو و ئابائی ترس، ترس، ترس، ترس.

ئەو ترسەی گەیشتووە بە سنوورەکانی فۆبیا و ئەژدەهابوون و   هەر لە منداڵییەوە پێی پەروەردە دەبین و گۆشدەکرێین، پرۆڤەمان لەسەری پێدەکرێت و پێی ڕادەهێندرێین و تەڵقین دەدرێین، پێی لاواز و ترسنۆک و بێ ئیرادە و بێ هێز و بچووک دەکرێین.

 ترسان لە سزای ئەو دنیا، کاتێک سنووری قەدەغەکراوەکان ببەزێنیت.

 ئەو قەدەغەکراوانەی بە بۆماوەیی بۆمان جێماون و لەژێر ناوی سیاسەت، یاخود ئەخلاق و ئاییندا، بەسەرماندا سەپێندراون.»

ئەو ترسەی بووە بە فۆبیا و تێکەڵ بە سایکۆلۆجیا و شادەمار و خوێن و جەستە و بیر و هۆشمان بووە و هەموو تەمەنمان لەگەڵماندا دەژیت و بۆ چرکەیەک لێمان دانابڕێت و جیانابێتەوە.

ئەو ترسە ناسروشتییەی زۆر زوو و هەر لە بچوکییەوە مروڤەکانی پێ دەتۆقێندرێت، کەسایەتی کچ و ژنی پێ دەشوێندرێت و بوونی مرۆڤایەتی پێ تیرۆردەکرێت.

لەناوخێڵدا، لە زارۆکینیەوە ئێمە فێری بە پیرۆزکردنی سنوورەکان و ترسان لە دیاردە و شتەکان و بە عەیبکردنی ماف و ئازادییەکان کراوین.

فێری ڕێزگرتن لە دابی چەوسانەوەی ژن و کۆشتنی ژنان کراوین.

فێری ئایدیۆلۆژیای جیاکاری ڕەگەزی و بە کەم سەیرکردنی ڕەگەزی مێینە کراوین.

 فێری ترسان و تۆقانکراوین. ئێمە لەگەڵ ترس لە دایک دەبین و فرچکمان بە فۆبیا و ترس دەگرنەوە و هەموو ژیانمان لەگەڵ ترسدا دەژین و بە ترسیشەوە دەمرین.

لێرە ژیان هەمووی بە بەترس دەوردراوە.

ترس لە باوک، ترس لە هاوسەر، ترس لە برا، ترس لە خێزان، ترس لە کۆمەڵ، ترس لە خوداوەند، ترس لە مردن، ترس لە دۆزەخ، ترس لە مەزهەب، ترس لە نەریت، ترس لە عەیبە، ترس، ترس، ترس!

سیستەمی پەروەردە و خوێندنمان لەسەر ترس دامەزراوە. وتار و ئامۆژگاری پیاوە ئایینی و واعیزەکانمان بە ترس ئاخێندراوە، سیستەم و سیاسەت و کاروباری دەوڵەتمان لەسەر ترس ڕۆنراوە.

ترس ئەو کابووسەی بوێریمانی پێ قوتدراوە، ترس ئەو جەلادەی ژیانمانی پێ سەرکوتکراوە. ترس ئەو دیکتاتۆرەی کەرامەت و کەسەکاتیمانی پێ شکێندراوە. ترس ئەو خوداوەندەی مرۆڤەکانی پێ لاواز و جەبان و بە کۆیلەکراوە.

ترس ئەو زەقنەبووت و ژەهرەی ژیانی ژنی پێ تاڵ و ژاراوی کراوە. ترس ئەو جەهندەمەی بوونی ژنی پێ ئەتکراوە و سوتێندراوە.  ترس ،ترس، رس.

ئەو ترسەی وامان لێدەکات هەزارا جار بە هۆیەوە بمرین، لەکاتێکدا لەگەڵ بوێری و یاخی بوون و  نەترساندا، تەنها جارێک دەمرین. بەڵێ تەنها جارێک.

ئەو ترسەی لەنێوماندا کراوە بە عەقیدەو ئایین، بە ئایدۆیۆلۆژیا و سیستەم و مەزهەب.

 ترس کراوە بە کولتوور و یاساو داب و نەریت و نەوە بۆ نەوە، بۆ یەکتری دەگوازینەوە.

لێرە پێڕەوی کردن لە ترس ئەرک و ئەخلاقە، فەرمانی خێڵ و بیرو باوەڕە، نەترسان و لادان لە یاسای ترس، شکاندنی سنووری پیرۆزییەکان و بتی پیرۆزیی و بەڕەلایی و دژایەتی کردنی یەزدانە !.

لێرە ترس بنەمای بوونە، سەراپای ژیان بە بۆمبی ترس مین ڕێژکراوە، ژیان لەسەر ترس ڕۆنراوە. ترس گەوهەری بوون و ماکی ژیانە، مرۆڤ بە ترسنۆکی مرۆڤەو بوون بەترسەوە واتادارو ژیانیش هەر بەترسەوە جوانە!

من دەترسم، کەواتە من هەم.

سەروین دەیگوت: کاتێک گەورە بم و ژیانى هاوژینی لەگەڵ ئەو کوڕە پێک دێنم کە سوارچاکی خەونەکانمانە. ئینجا کاتێک کچێک دەخەینەوە، یەکەم شت فرچکی بە ئاوی یاخی بوون دەگرمەوە و لە جیاتی دروشم و شتی خێڵەکی و مەزهەبی و ئایینی و بانگدانی مەلا، من  یەکەمین شت لە گوێی کچەکەم دەخوێنم و پێ دەڵێم ئەوەیە:

بنووسە کچەکەم بنووس،

تا بە نەمری بمێنیتەوە.

نووسین لە ژنەکان و کۆیلەکان قەغەکرابوو

ئەوان بە مەرگ مەحکوم بوون و مردنیان بۆ نوسرابوو

مانەوە تەنها بۆ خوداوەندەکان بوو

بۆ نێرەکان بوو

لە منداڵیمدا من دەترسام،

بەهۆی ترسی زۆرمەوە گۆڕایەڵیم دەنواند

بۆ فەرمانەکانی خوداوەند و پاشا،

بۆ نیشتمان و باوک و دایکم

هەمیشە ناوی دایکم لە کۆتایی دەهات

لە کاتێکدا من جگە لەئەو هیچترم نەدەبینی

ئەو یەکەم ڕوخساربوو بینیم و

یەکەم دەنگیش بوو ببیستم

ئەو دەستپێک بوو

کەچی پاڵیان پێوەنا

بۆ دواوە

دایکم بە نهێنی دەینووسی و

وشەکانی لەژێرزەویدا حەشاردەدا

ئەو وەکوو من دەترسا

تامرد

کچەکەم تۆهاوشێوەی من مەبە

بنووسە بنووس ڕۆڵەکەم تا نەمریت و

بە نەمری بمێنیتەوە..(٭)

 

سەروین دەیگوت: 

ژن و کچی کورد هەزار و یەک بت و تابوو و سنووری دەستکرد و بێ مانای بە دەوردا قوتکراوەتەوە و کێشراوە و  هێندە بێ ئیرادە و لاواز کراوە،  بە یاخی بوون نەبێت، لەو هەموو  قەفەس و ترسان و هێڵ  و خێڵ و  نەریت و نێرسالاری و دۆزەخ گووە ڕزگاری نابێت.

دەبێت ژن و کچی کورد فێری نەترسان و بوێری، یاخی بوون و هەڵوێست نواندن  و داوای شکاندن و بەزاندنی سنوورە دەستکردەکان بکرێت.

 ئەوسنوورە سنوورە شین و ڕەش و سەوزانەی لەبەردەم خواستەکانی مرۆڤ بە گشتی و لەنێویشیاندا ئێمەی کچ و ژن بە تایبەتی کێشراون. ئەو سنوورانەی لێدانە لە مرۆڤ بوونی مرۆڤەکان، لە تیرۆرکردن و کوشتنی خولیاکانی ژن، لەسەرگەردانکردنی مرۆڤ و شێواندنی شیرازەی ژیان.

ئێستا کاتیەتی کە هەموو بتەکان تێک بشکێنین. ئەو بتانەی زۆر دیکتاتۆرانە ڕۆنراون و مرۆڤەکان ناچار دەکرێن کڕنۆشی سەرشۆڕی و ناچارییان بۆ بەرن. بتی داب و نەریت، بتی خێزان، بتی پیاوسالاری، بتی جڤاک، بتی مەزهەب و خێڵ، بت، بت، بت، هەموو بتەکان.

بەڵێ ئێستا کاتی لابردنی تەڵبەندەکانە. ئەو تەڵبەندانەی بوونەتە ڕێگر لەگەیشتنی ژن بە ئازادی و مافەکانی،  بە سەربەستی و خواستەکانی.

دەبێت ئیتر ژنی کورد بوێری بنوێنێت و  بچێتە دەرەوە لە تونێلی نێرسالاری.

 لەو تونێلە نێرسالارییەی بوونی ژنی تێدا زیندانیکراوە، کەسایەتی ژنی تێدا قۆڵبەست کراوە.

سەروین کچێکی سنوور شکێن بوو، کتێبێکی  سیخناخ لە مرۆڤ بوون و ویژدان و جوانی بوو، کتێبێکی پڕی لەوانەی یاخی و بوون و نەترسان و بوێری.

 

دەیگوت:تا ژنەکان بێدەنگ بن و تەنها پیاو قسە بکات، ئێمە ئازادی نابین.

بێدەنگی دیکتاتۆر دروستدەکات.

ئەو ژنەی سازش لەسەر مافەکانی دەکات، بێدەنگ دەبێت لەبەرامبەر ئەو ستەمەی لە دەرحەقیدا دەکرێت، بە دەستی خۆی بتی دیکتاتۆرییەت و خێزانێکی چەوسێنەر و کومەڵێکی نێرسالار و هاوسەرێکی تۆتالیتارو باوکێکی دیکتاتۆر و برایەکی ستەم کار دروستدەکات.

ئاخر"

ژن چۆن ئازاد دەبێت، دابنیشێت و لە چاوەڕوانیدا بمێنێتەوە،

دەرگاکان هەمووی کڵۆم درابن و

هەموو شوێنێک بە پۆلیس تەنرابێت؟

نا هەرگیز بەو جۆرە ژن ئازاد نابێت،

نا نابێ بێدەنگ بین، نابێ بێ هەڵوێست بین،

نابێ بە بێ دەنگی بمرین.

نەخێر بەبێ دەنگی نامرین

بەبێ ھاوار لە تاریكی ھەنگاو نانێین

دەبێ یاخی بین و یاخی بین

پێ بە زەویدا دەكێشین و

ئاسمان دێنینە لەرزین

نامرین

تاوەكو بەربەستەكان نەشكێنیین ...(٭)

نامرین

تا شیشی زیندانەکان نەشکێنین

تا دیواری ستەم نەڕۆخێنین،

تا بیری نێرسالاری لە دارنەدەین و

دیواری پاتریارکی نەڕمێنین

تاسنوورێک بۆ سنوورەکان دانەنێین و

مافەکانی ژن بە تەواوی بەدەست نەهێنین،

نامرین نا.

تا جیاوازی ڕەگەزی بە گۆڕی لەبیرچونەوە نەسپێرین و چەوسانەوەی ژن کۆتایی پێ نەهێنین،

تا یەکسانی جێندەری لە دەستوور و ئەقڵەکان

نەچەسپێنین و ژن لە چنگی دێوەزمەی پاتریارکی دەرنەهێنین.

--------------------

٭-ن:نەوال سەعداوی، و:شەماڵ بارەوانی

٭-نەوال سەعداوی، ڕۆمانی: کسر الحدود.