محمدی مام ڕەسوڵ 

بەڕێوەین تا فەسڵێکـی تر ئاو دەین 

لەکوێ خەڵتانی دووری بین 

لەوێ سوخمەیەکی سپی 

بەو دیوارەوە هەڵدەواسـین 

کە شەوان لەدەمی نووستنی پرچتدا 

تریفە لەو دوندەوە بانگی دەدا !! 

من هەمیشە دەستێک دەخەمە غەریبیمەوە ،

بەرلەوەی گڵۆپێک خۆی بکوژێت !

پێش ئەوەی زیندەگی بۆنی خۆڵی کوژراوی لێ بێ 

پێش ئەوەی دڵم ،

تاقەتی ژماردنی ئازارەکانی نەمێنێت !

ئیتر کەنەگەیشتینە ماڵی شیعر 

بۆ لەدەرگای یەکتری دەینەوە ؟!! 

هەڵەی من لەوەدا بوو 

وامزانی تۆ لەدایکم دەچیت ؟!

ئەو سوتووی هەموو پایزێکـی 

بەبرینی ئەو بارانەدا دەکرد 

کەگەلی جار بەدرۆ دەچووە سەر ساراو 

دەیگووت : لێرەوە دادەکەم !! 

سوراحی ئەو هەناسە سپیانەی 

زەمەن پڕی دەکردن لە ووێردەکانی تاریکـی 

پێش ئەوەی ئێمە لەخەو هەستین 

لەحەوزی چاوەکانیدا

بەکەفاوی هەتاو دەیشوشتنەوە ! 

وام زانی تۆ لەدایکم دەچیت ؟!

ئەو کەشەوان لەگەڵ مانگ کراسەکانیان دەگۆڕیەوە 

چۆلەکەکانی شیعری ،

دەخستنەوە سەر ڕستەی شاعیرێک و 

خۆشی دەبووە کڵۆیەک بەفر 

لەسوراحی ئادەمیەکدا !! 

ئەو بۆ ئەوەی ئاو لە ئێمەوە فێر ببێ 

کەچۆن گڵی ناو ئینجانەی ئاسوودەیــی تەڕکـا 

پێش ئەوەی پیاوێک ،

بەردەکانی بە جامخانەی ژیاندا بدات 

ئەو وەک بڵێی ،

پێشبینی وێرانبوونی ماڵی گیای کردبێ 

پەشتەماڵی دەخستە سەر پشتی ئاو

 تا من و تۆ لە چلەی سێ شەممەکانی کانوندا 

کەڕووبارێکمان هەڵکرد 

پێ لەسەر شەختەکانیدا نەنێین !!

تا چیتر پرتەقاڵەکانی ئەو سەرابستانە 

نەمانکـا بە ئەفسانەو 

بەناوی ماچی درۆوە لێومان بخوات !!