ئەو شاعیرەی لە گوڵ و پشیلە دەترسێ!

(خوێندنەوەیەک بۆ کۆکراوەی شیعرەکانی بەشدار سامی)

ئاری ئاغۆک

کاتێ شاعیر لەنێوان ژیان و مردنی (خود)دا بەدوای بیرەوەرییەک دەگەڕی بۆ خۆنووسینەوە و خۆبەتاڵکردن، ئەوا لە چەندین لاوە هەوڵ و جموجۆل دەدات، چونکە ترسی شاعیر هێندە لە ترسی بەجێمانی وشە دەرنەبڕیوەکانی و قسە نەگوتراوەکانیەتی، هێندە ترسی لەو مردنە نییە کە لەناکاو نەخۆشییەکی قەدەری و لابەلا تووشت دەبێت، تا شاعیر دەستەوەستان بوەستێ و هیچ داهێنان و جموجۆڵێکی ئەدەبی نەبێت و چاوەڕێی مردنێکی لەسەرەخۆ بکات! لەبەرانبەردا دەڵێین، نەخێر، نووسەری دنیادیتە، شاعیری ورەبەرز، تا ئاخیر نەفەس هەوڵدەدات و هەر لە هەوڵ و ململانێی مانەوەدا دەبێت، جا ئەو هەوڵە بە هاژووشتنی پایسکیل بێ، یا تەنیا بنێشتجوین بێ، یا سەفەر بێ، یا شەڕکردن بێ لەگەڵ ئەو نەخۆشییە مەلعونەی کە پێیدەڵێن شێرپەنجە، زۆر جاریش کەسی نەخۆش هێندە ورەبەرزە و هێندە زاڵدەبێت بەسەر بابەتە تەندروستی و جەستەیی و لابەلاکانی ژیان، ئەوا (پەنجە)کە دەکوژێ و پشکی (شێر)ەکە بۆ خۆی دەهێڵێتەوە، بۆیە وەک شێرێکی تێگەیشتوو لە مانا و مەدلوولی ژیان زاڵدەبێت بەسەر (ڕێوی)ە دووڕوو و  ناکەس بەچەکان!  ئیدی لەو مابەینەدا گوڵ و درەخت و دارستان و جوانی دەکاتە ژینگە و ژیانی خۆی، بۆیە لەرێگەی هەست و وشە و شیعرەوە ترسەکانی خۆی بەتاڵدەکاتەوە بەرانبەر بە گوڵ.

*چونکە لە فۆڕمی ژیاندا گوڵ نموونەی جوانی سروشتە، لە شیعردا گوڵ پێوەری جوانی و پاکییە، زۆر جار ترسی شاعیر لەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە نەتوانێ وشەکانی وەک گوڵ جوان و کاریگەر و زیندووبن، ترسەکە لەوەوەیە کە زمان تەتەڵەبکات لەکاتی خوێندنەوەی دەقەشیعرێکی نێو گوڵدان و جوانی، بۆیە کاتێ شاعیر دەڵێت (لە گوڵ دەترسم)، ئەو لەوە دەترسێ کە  لە سروشت و واقیعدا (ژیانی گوڵ) کورتخایەنە، وێڕاناگات لەئاست ئەو جوانی و هارمۆنیەتییەوە هەستەکان دەرببڕێ!  ئەو کاتانە شاعیر لە گوڵ دەترسێ کە هەر شتێ بنووسێ، هەر پەیڤێ دەرببڕێ، هەر قسەیەک بکات، نەتوانێ لە ئاست وەسف و بێگەردی و وێنای شیعری بێت، بۆیە کاتێ دەڵێن ئەو شاعیرەی لە گوڵ دەترسێ، ئەوا دەمانباتەوە جیهانێکی قووڵ و پڕ لە پرسیار و وەڵامی لابەلا، لەو کاتەدا ناتوانین کتێبەشیعری (لە گوڵ دەترسم)ی، کۆکراوەی شیعرەکانی (بەشدار سامی) لە یەک ڕوانین بخەینەڕوو، چونکە لەبیرمان نەچێت، ئەو لە (پشیلە)ش دەترسێت، تەنانەت ئەگەر شەو پشیلەیەک لەماڵیان بمێنێتەوە، ئەو شەوە خەوی لێ ناکەوێ!

*بەهەرحاڵ،،، دەکرێ حزووری شاعیر لەهەر گۆشەیەکی ئەو شیکردنەوانەدابێت کە ئاماژەم پێکردوون، دەشکرێ لەهیچ لەو خانانە نەبێت، کە بەمسی شیعر  ترسەکانی پێ دەربکەین، ئەوەتا لە ترسی ترسەکانی گوڵ لە بری پێشەکی کتێب، یەکەم لاپەڕەی چوونە نێو دنیای دەقەشیعرییەکانی دەستنووسێکی (یارە)ی کچیمان نیشاندەدا،  لە ٢٣ دێری خەتێکی جوان و وردی کچەکەی، کە بەدەستنووسی خۆی بڵاوبۆتەوە، کە جگە لە گوڵ ئەوا ئاشکرا دەبێت، شاعیر لە پشیلەش دەترسێت، هەروەک لە ڕازە نامەیەکی پڕ لە جوانی، لە گۆشەیەکدا دەڵێت: بابم داوای لەمن کرد ئەگەر بتوانم شتێک بنووسم، تا بیخاتە ناو کتێبەکەی، بابم هیوایەتی مریشکە بەس لە منی خۆشتر ناوێت، مریشک لۆ ڕاگرتن نەک خواردن، جا خۆشترین ڕۆژی ئەو ڕۆژەیە کە مریشکێکی کورک دەبێت! کچەکەی بەشدار سامی بەردەوامدەبێت لە نووسین و لە گۆشەیەکدا دەڵێت: بابم حەزی لە پشیەلەی ماڵەوە نییە جارەک مامە (بەڵێن) پشیلەیەکی لۆمن کڕی ئەوەندەی لامان بوو، بابم شەوان لەترسان خەوی لێ نەدەکەوت، هەستاین دامانەوە (مامە بەڵێن)ی ئەویش نازانم چی لێکرد!

*ئەو نامەیە لە زمانێکی سادەوە نووسراوە بەڵام پڕە لە واقیعیەت، لەنێوان خۆشویستنی مریشک لەلایەن باوکەوە، خۆشویستنی پشیلە لەلایەن منداڵەوە، دوو وێنەی جیامان نیشاندەدەن، سەردەمی منداڵی و ژینگەی باوک بریتیبووە لە ژینگە و ژیانێکی سادە و مریشک وەک سێبووری سەردەمی منداڵی و نووستالیژیایانە، باوک هۆگری بەخێوکردنی مریشکە، نەک سەربڕین! چونکە کەسانێک هەن هیوایەتیان سەربڕین و خوێنە، لێ بەشدار حەزی لە سەربڕین نییە و حەزی لەکورکبوونی مریشکە، لێرەدا کورکبوون، ئەو چەمکەمان نیشاندەدات، کە شاعیر حەزی لە زیادبوونی رێژەی مریشکی خۆمانەیە، نەک خواردن و سەربڕین ! وەک باوکێکی میهرەبان جگە لە سۆز و خۆشەویستی بۆ منداڵەکەی، ئەوا چاودێر و خەمی کورکبوونی مریشکیشی لەزەیندایە.

*لێرەدا دێینەوە سەر (سایکۆلۆژیای ترس)، شاعیر لەنێوان ترسی گوڵ و پشیلەدا، خەریکە خۆی ون دەکات، ترسە دەروونی و جەستەییەکەی لە پشیلە و ترسە ڕۆحی و ئەدەبی و شیعرییەکەی لە گوڵ، دوو وێنەی جیامان نیشاندەدات، هەردووک، پێیدەڵێن (ترس) بەڵام هەر یەکەیان بەجۆرێک و بەشێوەیەک.

*دوای نامەی یارەی کچی، ئەوجارەیان دەچینە نێو دەقی نامەیەکی کراوەی هەمەچەشنی بەشدار سامی بۆ (خدە شین) کە لە لاپەڕە ١٣ وە دەستپێدەکات تا لاپەڕە ١٧  "کە هێشتا نەچووینە نێو خوێندنەوەی دەقەشیعرەکان" بەهەر حاڵ، لەم نامەیەدا نووسەر کۆمەڵە بابەتێکی ڕەنگاوڕەنگ و ڕەش و سپیی بۆ باسکردووین ئەوەتا لە گۆشەیەکی نامەدا دەڵێت: بەهۆی نازانم چ حزبێکی کوردی بوو، (کۆیە)م بە "ئەوەل سەحەرە"ی سێوەوە دۆزییەوە بەڵام خدە شین، کە ئاریان سەلاحەدینم ناسی، ئەوجا کۆیەم خۆشویست، تۆش تکایە بیناسە، لاپەڕە ١٤.

بەشدار، لە نامەنووسین بەردەوام دەبێت و لە قوژبنێکی دیکەدا دەڵێت: ئێستاش وەک ئەو ئێوارەیەی بەتاقی تەنیا سەری خۆم هەڵگرت و لە زێد ڕامکرد، بەتەنیام! لاپەڕە ١٥.

*لەلاپەرە ١٦ ی ئەو نامەیەدا، بەشدار بەهۆی ژینگەی جوگرافی و کەش و هەوای لەدایکبوون، لە تێکستە حەیرانێکی جوان ئامێزدا دەڵێ: خدە شین، ئەمن، دەمگۆت، دونیا گەلەک خۆشە، لە بەینی دیبەگە و مەخموورێ، ئێواران تەماشا بکەی کە پلکە خەجێی بسکشۆڕ بە پەقرەجە شیرەوە لە نێو مەڕی تازەزای دێتەوە، هەمان دەمان، بەمرازێ مەخسوودی دری من و کابانێ گچکۆکەم ئاوەچی بخۆینەوە لەحوسێنە غازی، ئەوجا ڵێ بنۆڕینە سوڵتان عەولای عارەبی و کە مەلاش بانگی دا غلۆربینەوە لۆ مزگەفتێ، داد و بێداد لەخۆم غەریبێ!!!.

*ئەگەر قسە لەسەر شیعرەکانیش بکەین، ئەوا دەبێت چەند نموونەیەک دەستنیشانبکەین و شرۆڤەی بکەین، چونکە هەر فۆرمی دەقێکی لە چەند دیدگاوە خۆی دەدۆزێتەوە، ناتوانین بەیەک ریتم هەم بیخوێنینەوە، هەم شرۆڤەی بکەین، چونکە بەشدار وەک دەنگێکی جیاواز و شاعیرێکی نوێخواز، توانیویەتی دەربکەوێت، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە، کە شاعیرانی سەردەم هەوڵدەدەن بە جوانی و جیاوازی بنووسن، ئەوەتا لە دەقەشیعری (شێ)، لە تەنیایی خۆیدا، بە هەڵمی قاپێک شۆربای بەردەم ژنێک، دەڵێت خۆشەویستی، بێگومان ئەم خۆشویستنە، لە یەک لایەنەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بە ئیمانێکی پتەوی عەشق و خۆشەویستیەوە، لەم حاڵەت و دیاردەیە لە وەرزی تەنیایی خۆی دەڕوانێ و ڕازیە! شاعیر بەردەوامە لەڕازە شیعرییەکانیدا و دواتر دەڵێت، ئەگەر (کەزی)ش نەبێت، کە لێرەدا مەبەست لە کەزی هەم لە جوانی، هەم ناساندنی رەگەزی بەرانبەر، هەم لە پڕی و زۆری،  کەچی ئەو بە (تاڵە مووێ)کیش دڵخۆشە! ئەمەش هەمدیس گوزارشتە لەو حەزەی ئەگەر بە نوقتەیەکیش بێت بەرانبەر بە نووسینی کتێبێک هەر ڕازییە!

دواجار بە ڕازیبوون بەهەموو نیگەرانییەکانیەوە، بەهەموو شتێک کە ڕوویدابێت هەر ڕازیە، ئەو دەڵێت هێشتا درەختێکم ئاو بانگم دەکات، ئەو مانەیە پێماندەڵێت شاعیر لەهەر قۆناغێکی سەختی ژیان و تەمەن بێت، بەڵام ئەو هەر بەتەڕی و سەوزی و ئومێدبەخشی بوونی خۆی دەزانێت هەروەک لەدەقە شیعری (شێ)دا دەڵێت:

هێندە تەنیام

بەهەڵمی قاپێک شۆربای بەردەم ژنێک

دەڵێم خۆشەویستی و

چاو ببڕمە کەوچک و پەنجە،زارم تەڕ دەبیت

کەزیش نەبێت، بە تاڵێک دڵخۆشیم بڵاودەکەمەوە

گرینگ نیە، ناوی ئەو شەقامەی پێیدا تێدەپەڕم

هێشتا درەختێکم، ئاو، بانگم دەکات.

(شیعری: شێ - لاپەڕە ٣١)

*لەشیعری (ئازار)  کە دەقێکی کراوەیەی درێژە، لە دوا دێر دا شاعیر دەڵێت: بریندارم و برینم بانگت دەکات، فۆرمی ئەم شیعرە خۆی لەخۆیدا پڕە لەئازارو برین و چاوەڕوانی، لە دوا دێری کۆتایی نێوان برینداری خود و برینی جەستە و ڕۆح، بەبرینداریەوە برینی شاعیر بانگی کەسی بەرانبەر دەکات، لە وێناکردنی نێوان دوو برین دا، کۆمەڵە وێنەیەکی ئازار بەشخمان نیشان دەدات، چونکە  ئەو لەبەردەم ئەڤینی دولبەردا تەرمێکی برینداری غەریبە، کە لەو فۆرمەدا حالەتە تەغریب بوونەکەی ئینسانمان نیشان دەدات، هەموو ئەو وێنە شیعریانە پێمان دەڵێن، ئەو وەک تاک، وەک ئینسان، وەک بریندار، لە هەناوێکی ئازارێکی بەردەوام دا دەژی، بەڵام بە ووشەو هەست و پەیڤ دەری دەبڕێت و جار جارەش خۆی لێ لەگێلی دەدات!

هەروەک لە بەشێک  دەقەشیعری ئازاردا دەڵێ:

هێندە درەنگ نەبوو شەو، بەڵام

قاوەم کە دروست کرد و

تۆ نەبوویت تا بە لێوت بڵیم فەرموو

گریام و

لەبەردەم ئەڤیندا تەرمێکی برینداربووم

وەک غەریبەکان، بریندارم و

برینم،

بانگت دەکات.

(شیعری: ئازار - لاپەڕە ١٥١)

برسی بوون لای هەر تاکێک، ئێش و ئازارێکی دەروونی قوڵی هەیە، برسیبوون لەزەمەنی قەیرانە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ماددیەکان دا، خەریکە هەمووان هیشک و لاوازدەکات و دەمانباتەوە نێو حالەتی نامۆگەرایی و تەنهایی و بێ هاوڕێیەتی! چونکە لەم زەمەنە نەگریسە دا،  ئەوکاتە هاوڕێ و برادەر زۆرن کە بەرژەوەندی ماددی و کەسیی لەگەڵت دا هەبێت، دواتر ووردە ووردە لێت دەکشێتەوە، لە دەقە شیعری (مردن) دا بەشدار سامی بە هەست و سۆز و زمانێکی شاعیرانە وێنەی گیرفان بەتاڵی خۆیمان نیشان دەدات، بەڵام لەپشت ئەو وێنەیەی خۆی دا، سەدەها وێنەی دیکە بەدی دەکرێ، کە ڕەنگە کەسانی هاوشێوە نەتوانن بە زمانی شیعر دەریببڕن، بەڵام بەشدار زۆر ئازایانەو واقیعیانە دەریبڕیوە.

لەنێوان سێ کاغەز دا سێ ڕەهەندی جیامان بۆ دەخاتە ڕوو:

-کاغەزی یەکەم: پسولەی کارەبا.

-کاغەزی دووەم: نەبوونی پارەی کاغەز لە گیرفانی کچەکەی.

-کاغەزی سێیەم: فرۆشتنی کتێبەکانی و نەکڕینی لەلایەن هیچ کەسێک.

هەر وەک دەڵێت:

من کە هیج هاوڕێیەکم نیە

بەڵام لە ئیش کە دەرکرام

کە برسیم بوو و پسوولەی پارەی کارەبا

کە هات و خۆم شاردەوە

کچەکەم دینارێک لە گیرفانیدا نەبوو و

بە بەردەمی من و

دایکیدا کە ڕۆیشت بۆ قوتابخانە

کتێبەکانم بۆ بازاڕ کە برد و

تاقە بەشەرێک کە نەبوو لێمی بکرێ

چۆکم شل بوو.... هتد

(شیعری: مردن - لاپەڕە  ١٧٥)

*لە کتێبی لەگوڵ ناترسم، ریتمی نووسینی دەقەکانی شاعیر بەرزی و نزمی و هەڵچوون و گەڕان و دۆزینەوە...هتد بەدی دەکرێت ،ناتوانین لەیەک فۆڕم پێناسەی بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا (بەشدار) وەک بەشداربووەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، توانیویەتی نوێخوازی خۆی لە پەیژەی شیعردا دیار بخات، ئەوەی خوێندنەوەمان بۆ کرد، چەند وێنەیەک بوو لە وێنە گەورەکەی جیهانبینی شاعیر بەرانبەر بەشیعرو ئەدەبیات، ئەوەتا لە کۆتایی دا لە گفتووگۆیەکی ئەدەبی جیاواز، لە ١١ پرسیارو وەڵام و گفتووگۆی گەرم و بەرهەمدار لەلایەن (بەسێ بەشیر) ئاراستەی (بەشدار سامی) کراوە، (بەسێ بەشیر)کە پرسیار لەنووسەر دەکات و ئەویش بە هاڕمۆنیەتێکی ئەدەبی و ئیعلامی زۆر بەووردی و وەستایەنە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە، بێ خۆ مشەوەش کردن و هەڵچوون کە لەلاپەڕە ٢٧٩ تا ٣١٧تەرخانکراوە بۆ ئەم گفتووگۆ ئەدەبی و کۆمەڵایەتی یە.

*لەکۆتایی دەقە شیعریەکانیش، بەزمانێکی سادەی ئەدەبی، شاعیر دەیەوێ خۆی ڕووت بکاتەوە، بەفڕێ دانی شمەکەکانی، هەموو ڕەهەندەکان دەخاتە سەبەتەیەک پێمان دەڵێت، من شمەک و گیرفان و گۆریەم ناوێت، نە بۆینباغ، نە دۆخین، نە دەسکێش، هیچ شتێکم ناوێت!!! ئەم فڕێدانەش دەلالەتە لە پاکبوونەوەی قڕێژی ئەو زەمەنە خەوتوەی کە شاعیری تووشی نەخۆشی و بێ تاقەتی کردوە، بەڵام دواجار وورە بەرزی خۆیمان نیشان دەدات و دەڵێت،  بەڕووتیش بێت خۆ دەتوانم بڕۆم!

ئەوەتا  لەدەقە شیعری لەکۆتایی دا دەڵێت:

شمەکەکانم فڕێ دان

چونکە

بەبێ شمەکیش دەتوانم بڕۆم

(شیعری: لەکۆتایی دا - لاپەڕە ٢٧٠)

ژێدەر:

ناوی کتێب: لەگوڵ دەترسم.

نووسەر: بەشدار سامی

بابەت: شیعر و گفتوگۆی ئەدەبی.

لەچاپکراوەکانی: ناوەندی باڵندە بۆ شیعر.

ژمارەی لاپەرە: ٣١٨.

ساڵی چاپ:٢٠٢٥