ئاری ئاغۆک

زۆر جار لێرەو لەوێ باس لەگرنگی کتێب لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانی کۆمەلگە دەکرێت، کە ئایا کتێب چ کاریگەریيەکی هەیە لە بیرکردنەوەی هەر یەکێکمان و دواتر چ گۆڕانکاریيەکی فراوانی دەبێت لەسەر هەمووان بەگشتی.

لەبەرامبەریشدا باس لەکاڵبوونەوەی خوێنەر دەکرێ لە پەیوەستبوونی بەخوێندنەوە و بەدوادواچوون و قاڵبوونەوە بۆ نێو جیهانی کتێبناسی، هەر چەندە دەبێ ئەو گلەییەش لەخۆمان بکەین کە بەشێکمان تا ئێستا نازانین کام کتێب دەخوێنینەوە و لەکوێوە دەستپێبکەین و لەکوێ خاڵی وەستان دیاریبکەين! بۆ هەنگاونان بەرەو کتێبی جیاوازتر و باشتر، بۆ فراوانکردنی دیدگا و بیرکردنەوەی زیاتر، بۆیە کاتێ نووسەرێک هەوڵدەدات بە جیهانبینینی خۆیەوە ئەو پەیامە لەرێگەی کتێبەوە بگەیەنێتە خوێنەر، بێگومان جێگەی خۆشحاڵی و ئومێدبەخشیيە، لەگەڵ ئەوەشدا، کەسانێکی خەمخۆری دونیای کتێبخوێندنەوە هەن، دەیانەوێ جگە لەخۆیان نەوەی تازە و خوێنەری ئەهلی کتێب بەرەو قاڵبوونەوەی جیهانی خوێندنەوەببەن بۆئەوەی دواجار بە (من، تۆ، ئەو، ئەوان) بڵێت ئایا چ کتێبێک دەخوێننەوە، چۆن دەخوێننەوە؟ پێوەری هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی کتێب لای ئێوە چۆنە؟ لەکوێوە دەستپێدەکەن و ئاستی تێگەیشتنەکان چۆنن....هتد؟.

 (تێڕوانینمان بۆ کتێب) ناونیشانی کتێبێکی تازە چاپکراوە، لە نووسینی (محەمەد جەمیل عەلی)  وەک توێژینەوەیەکی زانستی و مەعریفی لەدووتوێی کتێبێکی ١٢٨ لاپەڕەییدا لەلایەن نووسینگەی تەفسیر چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لەبەر گرنگی کتێبەکە و پەرۆشی نووسەر بۆ عاشقانی دونیای کتێب، کە ئەم تووێژینەوە و ڕوانینەی بەرامبەر بەکتێب کە هەوڵێکی جوانی ڕۆشنبیرییە، لێرەدا هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەکی گشتگیر لەتێڕوانینی خۆماندا تێڕوانینێک بۆ ئەم بەرهەمە بکەین.

ئەم کتێبە جگە لە لیستی هێڵکاری و لیستی خشتەکان، وەک بابەتێکی توێژینەوەیی، ئەوا ٢٤ ناونیشان لەخۆدەگرێ کە هەر ناونیشانێک بە ناوەڕۆکێک و هەگبەیەکی پڕ زانیاری دەربارەی کتێب بۆتە بابەتێکی دیاریکراو، لە پێشەکی ئەم کتێبەدا لەلاپەرە١١ لەگۆشەیەکدا نووسەر دەڵێ: لەکوردستانی باشووردا ٩٣ کتێبخانە هەیە و چەندین ڕێکخراوی مەدەنی و گرووپيش هەن کە گرنگی بەخوێندنەوەی کتێب دەدەن، بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوێستەلەسەرکردنە، تا ئێستا توێژینەوەی زانستی و داتای وردمان نیيە لەبارەی کتێب و تەمومژێکی زۆریش هەیە لەسەر کتێب و خوێنەر و نووسەری کتێب.

لەم چەند دێرەدا نووسەر پەیامێکی گشتگیری ئاراستەکردووین، زۆر بەکورتی و بەپوختی ژمارەی کتێبخانەکانی باشووری بۆ دەستنیشانکردووین، بەڵام بەداخەوە توێژینەوە زانستیيەکان نەگەیشتوونە ئەو قۆناغەی کە تائێستا زۆر بەوردی داتا و رێژە  و ژمارە و پۆلینکردنەکانی کتێب نازانرێ چۆنە و چەندە، ئەم تایتل و پەیامەی نووسەر جێگەی هەڵوەستەکردنە ، بۆیە پێویستە ناوەندە ڕۆشنبیریيەکان، یاخود زانکۆکان بەدواداچوونی وردی بۆ بکەن، بزانن ئاخۆ رەهەندی بۆشاییەکە لەکوێیە و ئەو تەم و مژەی لەلایەن نووسەرەوە ئاماژەی پێکراوە چۆنە؟ لەکوێوە سەرچاوەدەگرێ؟ ئایا چۆن بەرەو چارەسەر و خاوێنکردنەوە و یەکلاییکردنەوەی ببەین؟! ئەمە پرسیارێکە و وەڵامی بۆ خوێنەر جێدێڵین.

ڕەوشی کتێب لە سێ قۆناغدا

نووسەر لەم کتێبە توێژینەوەیەدا، رەوشی کتێبخوێندنەوەی بۆ ٣ قۆناغ دەستنیشانکردووە، ئەمانیش بریتین لە:

*ڕەوشی کتێب لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. ل١٣

*کتێب لەنەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو. ل ١٨

*کتێب لەساڵی ٢٠٠٠ەکان لە کوردستانی باشوور. ١٩

ئەگەر شیکردنەوە بۆ هەر سێ قۆناغ بکەین، دەبێ بگەڕێینەوە سەردەمی هەشتاکان، کە بەسەردەمی زێرینی کتێبخوێندنەوە لەقەڵەمدەدرێ، بەداخەوە لەگەڵ گۆرانکاریيە خێراییە تەکنەلۆژی و زانستییەکاندا، بەبۆچوونی من خوێنەر بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت، لەگەڵ هەموو گۆڕانکاری و بەرەو پێشچوونەکانی سەردەم، بەڵام هەر دەبێت بگەڕێینەوە قۆناغی بەر لەڕاپەڕین و سەردەمی هەشتاکان، دەربارەی ڕەوشی کتێب لەهەشتاکاندا، نووسەر دیمانەیەکی لەگەڵ یەکێک لە نووسەر و بەتەمەنترین ڕۆژنامەنووس لەسەر ئاستی کوردستان (مامۆستا مومتاز حەیدەری) ئەنجامداوە کە لە هەشتاکاندا خاوەنی کتێبخانەی حەیدەری بووە دەڵێت: خوێندنەوەی کتێب لەساڵی هەشتاکان زیاتر بوو لە ئێستا، بە بەڵگەی ئەوەی ملیۆنێک کەس خوێندەوار بوو ٩٠٠ هەزار خوێندەوار کتێبیان دەخوێندەوە، لەهەشتاکاندا پێش دەرچوونی کتێب خەڵکی ڕیزی دەگرت بۆ کڕینی کتێب، ناوی خۆی دەنووسی بۆ ئەوەی کتێبی بەرکەوێت، ئەو کات کتێب هەبوو ژمارەی چاپکردنی نوسخەکانی گەیشتۆتە بیست هەزار کتێب، بەنموونە دیوانی مامۆستا گۆران. ل ١٣و١٤

چۆن کتێب بکەینە خووی ڕۆژانەمان ل٧٨

لەبەر پەرۆشی و خەمخۆری و دڵسۆزی (محەمەد جەمیل عەلی) بۆ دونیای کتێب و هاتنەناوەوەی خوێنەری زیاتر بۆ دونیای کتێب، هەروەها بۆ ئەوەی خوێنەری بەرەو جیهانی خوێندنەوەبچێت، لەهەوڵە هاندانێکدا بەتایتلی (چۆن کتێب بکەینە خوی ڕۆژانەمان) بەئاماژەکردن بە ٨ خاڵی گرنگ و باش و سەرنجڕاکێش، شرۆڤەی یەک بەیەکی بابەتە پەیوەستدارەکانی کردووە، کە لە دەسپێکی ئەم ٨ خاڵەدا نووسەر نووسیویەتی:

بەسوودوەرگرتن لەهەندێ تەکنیکی بەرنامەی (ئێن ئێڵ پی) دەتوانین خوێندنەوەی کتێب بکەینە خووی ڕۆژانەمان، یەکێک لەم تەکنیکانە دووبارەکردنەوە و بەردەوامبوونە تا لە عەقڵی ناوەوەماندا  جێگر دەبێت و لەوێوەش دەبێتە خوو.

بێگومان خووی باش و خووی خراپ هەیە، ئەو ٨ خاڵەی نووسەر ئاماژەی پێکردووە، خووی زۆر باشن پێویستە خوێنەری جددی و باش، یاخود ئەوانەی تازە دێنە ناو دونیای کتێبخوێندنەوە، بەوردی کاری لەسەر بکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن خووەکی باش و خوێنەری کتێبی باش.

کۆتایی پەیامی کۆتایی

لە خوێندنەوەی کۆتایی ئەم کتێبەدا دەگەینە ئەو پەیامەی کە ئەم تێڕوانینە ڕۆشنبیریيەی نووسەر و توێژەر (محەمەد جەمیل عەلی) لە چەندین پەنجەرەوە ڕووناکی رۆشنبیری و جوانی و بایەخی کتێب نیشان خوێنەر دەدات و پێماندەڵێت ئەوا من پەنجەرەکانم بۆ واڵاکردوون، هەر پەنجەرەیەک دونیابینیيەکی گەشی ئەبەدییە بۆ هەمووان، بۆیە هەوڵدەن تا بیرکردنەوەمان رۆشنتر بێت، کتێب بخوێننەوە و ببنە دۆستی کتێب، هەروەک لەدوا دێرەکانی کۆتاییدا نووسیویەتی:

بە خوێندنەوەی کتێبی باش و پەروەردەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە لەڕێگەی خوێندنەوەی کتێبی باش، جگە لەوەی لە گەلێک بواری ژیاندا کێشەی زۆرمان بۆ چارەسەر دەکات، مێشکمان بەباشی بەرنامەڕێژ دەکرێت، هەروەها ژیانێکی تەندروستمان دەبێت و دەبینە خاوەن کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و پێشکەوتوو و ئاسوودە.