ئەی لەپشەقاربووی
ئیشی سەخت
پشت چەماوەی دەستی
یاسای کاری ناوەخت!

چەند کلێنسێکم بەرێ
با ئارەقەی شەرمەزاریی نێوچاوانی گشت بەشەرییەتی پێ بسڕم
با بەرلەوەی
 کە هەڵۆی مەرگ
چڕنووک لە هەناسەت گیر کا و...منیش لە مەراقدا بمرم!

ئەی گەورەتر
لە خاوەن کۆشک و تەلاران!
ئەی بەهێزتر
لە ڕۆژگارە تاڵ و تفتەکانی ژیان!

ئەی ئەو کەسەی
چۆک دانادەی
بۆ زوقم و کڕێوە و باران!

من دەزانم
 کەم ڕۆژ هەیە
لە پەنای ئەم دیوارەدا
زووقم جەستەت نەتەزێنێ
باران لەشەت نەشواتەوە
وەنەوزی ماندوویەتی
ڕۆژی سەد جار نەتباتەوە!

میهرەبانترین ڕیشسپی
ئەم دونیایە
دەزانم خاوەنی
 هیچ نیت
بێجگە لەو چەند هەزارە
تەبعە دڕاوەی
لە گیرفانی چەپتدایە!

غەمگین مەبە
تۆ خاوەنی دڵی گەرمی
ڕێبوارانی ڕووت و برسییت!
تۆ هەوێنی داستان و
کەرەستەی ڕۆمان و شیعریت!

تۆ مامۆستای سەرشەقامی
تۆ فێری
 ئەڤینمان دەکەی
تۆ واتای ژیان دەزانی!

ئەی لەپشەقاربووی
ئیشی سەخت
پشت چەماوەی دەستی یاسای کاری ناوەخت!

جەمال حەمید.
2010


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا