
سەدیق سەعید ڕواندزی
كتێبگەلێك هەن، ڕەنگە بە قەبارە و ژمارەی لاپەڕەوە كەم و بچووك لە ڕووی نووسینەوە بیچنە بەرچاو، بەڵام هەتا نەیانخوێنینەوە و، نازانین ئەم كتێبە بە قەبارە بچووكانە، لە ڕووی ناوەڕۆكەوە چەندە بە بڕشت و دەوڵەمندن و چۆن زانیاریی جۆراوجۆر بە خوێنەر دەبەخشن. كتێبی (كردنەوەی دەقەكان )ی مامۆستا (حەمە كەریم هەورامی) دروست لەو كتێبانەیە. ئەم كتێبە، لە كۆمەڵە وتارێكی فەلسەفی، ئایینی، ئەفسانەیی، ئەدەبی و هونەری پێكهاتووە و مامۆستا بە زمانێكی كوردییانەی یەكجار جوان و پەتی، بێ ئەوەی ناوی دەیان فەیلەسوف ڕێز بكات، كۆڵێك زانیاریی هەمە جۆرت لە دوو توێی ئەم وتارانەدا پێ دەبەخشی، كە من خۆم وەك خوێنەرێك سەرسام بووم بەوەی كە مامۆستا بەو تەمەنەشەوە، هێشتا جوان و هزرییانە دەنووسێت و بە نووسینەكانی خەرمانەی ڕۆشنبیریی خوێنەران دەوڵەمەندتر دەكات. ئەم كتێبە بە كوردییەكی ڕەوان باس لە هەر یەك لەو بابەتانە دەكات و ڕەنگە زێدەگۆیی نەبیت گەر بڵێم وەك ئەوە وایە، خوێنەردە كتێب لەو كتێبە بە قەبارە بچووكەدا بخوێنێتەوە. مامۆستا لە میانەی باسكردنی هەر بابەتێك، بە كەمترین دەربڕین، زۆرترین زانیاریی دەخاتە ڕوو ! باسی ئایین و فەلسەفە و دراما و هونەر و ئەدەب دەكات و كاتێ لە خوێنەوەی كتێبەكە دەبیتەوە، هەست دەكەیت بە ڕاستی كتێبێكت خوێندۆتەوە، شایەنی ئەوەیە دە جاری تریش بیخوێنییەوە ! نووسەرانی كورد زۆرینەیان ڕاهاتوون، نەنووسن تا ناوی دەیان فەیلەسوف ڕیز نەكەن، بەڵام خوێنەری كورد كە پێشتریش باسم كردووە بژاردەیی نییە و جگە لە كوردی زمانەكانی تر نازانێت، بۆ ئەو گرنگ نییە ناوی چەند فەیلەسوفی دنیا ڕیز دەكرێت، بەڵكو ئەوەی بەلاوە گرنگە كە كتێبیك دەخوێنێتەوە بزانێ باسی چی دەكات و چۆن نووسەرەكەی لە پەیوەندی دا ئەبیت لەگەل هزر و تێڕوانینیدا. هەر بۆ نموونە مامۆستا لەو كتێبەیدا، باسی ئەفسانەی گریكەكان، داستانی گلگامێش، ئەفسانەی خدری زیندە، كێشەكانی درامای كوردی، حەیران و لاوك و قەتار و ئەڵا وەیسی و ئەدەب و قەزا و قەدەر و شیعری كلاسیك و دەكات، بەڵام بۆ هیچ كام لەم وتارانە، هەزاران وشەی نەنووسیوە، سەدان سەرچاوەشی بەكار نەهێناوە، باسی هیچ فەیلەسوفێكیش ناكات، كەچی من خۆم بەلایەنی كەمەوە كە وتارەكانم خوێندنەوە، لە ناوەڕۆكی هەر هەموویان گەیشتم و بە ڕاستیش سوودم لە وتارەكانی نێو كتێبەكە بینی. من نامەوێت ناوەڕۆكی ئەم كتێبە بخەمە ڕوو، چونكە سەرنجی خوێنەران بۆ ئەوە ڕادەكێشم خۆیان كتێبەكە بخوێننەوە، تەنێ لە پەراوێزدا دەمەوێ ئەوە بڵێم، كە چی نووسین گرنگ نییە، بەڵكو چۆن دەنووسی گرنگە. من لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، نزیكەی یانزە كتێبی جۆراوجۆرم خوێندوونەتەوە، بەڵام هیچیان بۆ من وەك ئەو كتێبەی مامۆستا، پڕ زانیاریی و ڕۆشنبیریی نەبوون، ئەمە دەڵێم بێ ئەوەی نووسەرەكە بناسم . ئاسان نییە نووسەرێك لە كتێبێكی بچووكدا، لا لە چەندان بابەتی جۆراو جۆری ڕۆشنبیری بكاتەوە، بە زمانێكیش كە خوێنەر بە ئاسانی تێی بگات و پێی بخوێنێتەوە، لەهەمووشیان بە كورتی و پوختی قووڵ ببێتەوە ! بۆیە دەستخۆشانە لە مامۆستا دەكەم و ئەم كتێبە شایەنی ئەوەیە خوێنەران بیخوێننەوە.
*پەراوێز: ناوی كتێب: كردنەوەی دەقەكان، بابەت : فەلسەفی، نووسینی : حەمە كەریم هەورامی ، ساڵی چاپ _2021.