شیعری : شل سیلور ئەستاین

وەرگێڕانی : خدر ئیبراهیم خدر

 

سێ ساڵان بووم باوکم ماڵی بەجێهێشت

هیچ شتێکی بۆ من و دایکم بەجێنەهێشت

بێجگە لە گیتارێک و شووشەیەکی بەتاڵ !

لەوەی ڕۆیشت و چیتر نەمانبینیەوە

گازاندەی لێ ناکەم

بەڵام خراپترین کاری وی، بەر لە ڕۆیشتنی ئەوە بوو

 منی ناونا ( سۆ ) !

ئەگەرچی بەتەواوی دەیزانی ناوێکی کۆمیدی و گاڵتەئامێزە ...

*

چەندە قسەگەلێکی گاڵتەئامیز، سەبارەت بەوە

لە پشت سەری بنیادەمەوە دەوترێن ...

ئیتر دەبێت لە تەواوی تەمەنمدا،

لەم دۆخەدا ... گیرۆدەبم !

زۆر لە کچان لە ژێر لێوەوە پێمپێدەکەنین و ،

وایاندەکرد

ئارەقەی شەرم لە نێوچەوانمدا کۆببێتەوە ...

زۆر لە کوڕانیش دەیانکردمە جێگەی گەمە و

بەتەواوی سەریان گەرم دەکردم ...

بڕوانن ،

بۆ کوڕێک کە ناوی ( سۆ ) ی لێنرابێت

ژیان هێندە ئاسان نییە !

هەڵبەت، من زۆر زوو گەورەبووم و خارام !

مشتەکانم پتەوبوون و، ژیری و زیرەکیشم بەرەو زیاتر چوو

ئێستا ... لە شارێکەوە ڕوو لە شارێکی تر دەکەم

تاکو شەرمەزاریم بشارمەوە

بەڵام پەیمانم لە تەک مانگ و ئەستێرەکاندا بەستووە

هەموو شوێنێکی چەپەڵ بخەمە ژێر پێیەکانمەوە ...

ئەو پیاوەش کە ئەم ناوە سەمەرەیەی لە من نا ،

لە نێو ببەم !

*

لە نێو دڵی هاویندا ، کاتێک بەوپەڕی دژوارییەوە

گەیشتمە ( گاتیلنیرگ )، قورگم وشک و برینگ ببوو ...

بیرمکردەوە، لە شوێنێک ئۆقرەبگرم و شتێک بخۆم

لە ریستۆرانێکی کۆنی سەر شەقامێکی پۆخڵدا

لە پشتی مێزێکەوە پاڵی دابۆوە و

گەمەی بە قۆپچەی قۆڵی کراسەکەی دەکرد،

هەمان ئەو بوونەوەرە نەخوازراوەی ناوی ( سۆ ) ی لە من نابوو !

دیارە ئەوە، باوکە ئازیزەکەی منە ...

لە ڕێی ئەو وێنە شێواوەی کە لە لای دایکم مابۆوە،

بەوەم زانی !

لە ڕێی ئەو چاوە تەڵەکەباز و

ئەو برینەش کە بەسەر ڕوومەتییەوە بوو ، ناسیمەوە !

قەمبوور و پیر و ڕەنگ پەڕیو بوو ...

لێمڕوانی، ترسێک دایگرتم !

پێموت :

" من سۆم ! چۆنیت ! هەر ئێستا لەناوت دەبەم ! "

بە توندی دام لە ناوچەوانی و ... کەوت .

بەڵام بەسەرسامییەوە هەڵسایەوە و ،

بە چەقۆیەک پارچەیەک لە گوێچکەی بڕیم !

کورسییەکم تاودایە و حەواڵەی دەم و لووتیم کرد

تێکچڕژاین و، لە ناوەندی شەقامەکەدا

لە نێو خاک وخۆڵ و، خوێن و، زبڵ و زاڵدا،

بە لەقە و چەقۆ لێکماندا ...

*

بڕوانن !

قەت بووە  لە تەک پیاوانی بەهێزتر لە خۆمدا

بکەومە شەڕ ؟

نایەتەوە یادم، کەی بووە ...

وەک گیاندارێک لەقەی داویشت و، وەک تیمساحێکیش

گازی دەگرت،

پێدەکەنی و جنێوی دەدا ...

لەوەدابوو دەستی بۆ دەمانچەکەی ببات

کە .... من زووتر لە ئەو، دەستبەکاربووم .

ڕاوەستابوو، لێیرووانیم و ... زەردەخەنەیەکی بۆ کردم !

پێیوتم :

" دونیا بەرز و نزمی هەیە،

ئەگەر کەسێک بیەوێت، دەرەقەتی بێت ... دەبێت بخارێت !

چونکە دەمزانی ناتوانم لە لات بمێنمەوە و

کۆمەکت پێبکەم

بۆیە، ناومنایت ( سۆ )  و ... ڕۆیشتم .

دەمزانی دەبووایە بخارێیت یاخود بمریت،

هەر ئەوەش، وایکرد بەهێزبیت ! "

پێیوتم :

" لە خۆتەوە،

لە ئاست مندا، هەڵدەشاخێیت

لەئاست مندا، نەفرەت دەکەیت

وەلێ حەقتە، لەناوم ببەیت ...

ئەگەر کارێکی واش بکەیت، هیچ گازاندەیەکم لێت نابێت .  

بەڵام دەبێت پێش مردنم، سوپاسم بکەیت ...

سوپاس بۆ ئەوەی توانیومە کارێک بکەم

ئەو هەموو بوێری و جەسوورییە

لە چاوەکانتدا شەپۆل بدات ...

چونکە من هەمان ئەو کەسەم  تۆم ناونا ( سۆ ) ! "

هەناسم گیرا و، دەمانچەکەم فڕێدا

هاوارم کرد :

" باوکە "

ئەویش پێیوتم :

" کوڕی خۆم ! "

 

*

 

دوواجار بیروڕای خۆم گۆڕی ...

ئەمێستاکە،

هەر کاتێک کارێک ڕایی دەکەم

هەر کاتێک لە کارێکمدا سەرکەوتوو دەبم

بیر دەکەمەوە ...

ئەگەر کوڕێکم هەبێت، گومان دەکەم

ناوی ( بێل ) یاخود ( جۆرج ) ی لێبنێم

چونکە هێشتا ئەو ناوەی خۆم بە نەفرەت دەکەم !

 

 

 

 

سەرچاوە :

ماهنامە ( تدبیر و زندگی )، شمارە ( ٤ )، اسفند – ١٣٨٣ .