کە شیعرێک دەنووسم و بڵاوی دەکەمەوە، دواتر هەست دەکەم، شیعرێکە ناتەواو، شیعرێکە پاکنووسنەکراو، شیعرێکە هێشتا ڕەشنووسە، ڕەشنووسی شیعری داهاتووم. ساڵانێکە هەمان هەستم هەیە و هێشتا ئەو شیعرەم نەنووسیوە کە خەونی پێوە دەبینم. شیعر زادەی خەیاڵە، وەک چۆن ئەو نەنگییە شاعیر زوڕنای خێڵێک، حیزبێک یان دەسەڵاتێک بێت، ئەوەیش کەموکووڕییە، شیعر ئاوێنەی واقعێکی ڕاستەقینە بێت، ئاخر ئەو واقیعەی لە شیعردا هەیە، پێویستە بەرهەمی خەیاڵی شاعیر بێت. ئەوە ئاسانە شاعیر کەڵک لە ئەفسانە وەربگرێت، ئەوە سەختە شاعیر خۆی ئەفسانە بخوڵقێنێت.

ڕەنگە ئەوەندە بوێر بین، لە هەموو ڕێسا دێرێن و باوەکانی شیعر یاخی ببین، بەڵام بۆ نووسینی شیعری دژەباو، تەنیا بوێریی بەس نییە، ئاخر تا دەرک بە هەموو تایبەتمەندییەکانی شیعری دێرین و هاوچەرخ نەکەین، توانای ئەوەمان نابێت، دەقێکی جیاواز بنووسین. وەک چۆن ناتوانین باڵاخانەیەک بتەقێنینەوە، ئەگەر پێشەکی نەزانین، لە چی پێک هاتووە و چۆن ڕۆ نراوە، هەروایش ناتوانین زمانی دێرین بتەقێنینەوە و وزەی نوێی تێدا بدۆزینەوە، ئەگەر شارەزایییەکی قووڵمان لە زماندا نەبێت. ئەوە هەر قسەی ڕووتە، کەسێک بەسەر زماندا زاڵ نەبێت و بانگەشەی ئەوە بکات، زمانێکی نوێی نووسینی داهێناوە، یان لە شیعری کلاسیک تێنەگات و خۆی بەوەوە با بدات، شیعری نوێ کردووەتەوە.

تا زیاتر بەسەر هونەری شیعرنووسیندا زاڵ ببین، دەستبەرداری درێژدادڕی دەبین و لە کورتی دەیبڕینەوە، دەست لە ژاوەژاو هەڵدەگرین و هانا بۆ بێدەنگی دەبین، واز لە ڕەشکردنەوەی لاپەڕە دەهێنین و بایەخ بە شوێنە سپییەکانی ئەو ڕووپەلە دەدەین کە شیعری تێدا دەنووسین، ئاخر تەنیا وەها، ڕێ بۆ خوێنەر خۆش دەکەین، تا خەیاڵی خۆی بۆ تەواوکردنی شیعرەکە وەگەڕ بخات، تا خۆی بۆشایی و شوێنە سپییەکان پڕ بکاتەوە و خۆی بێدەنگییەکان بهێنێتە گۆ، ئەگەر وا نەکەین، ئەوە خوێنەر بە بێسەواد دەزانین و هیچ رێز بۆ ئاوەزی دانانێین.

ئەگەر کەرەسەکانی نووسینی شیعر شک ببەین، هانا بۆ ڕاستەوخۆیی نابەین، شاعیرانە دەیڵێین کە جیاوازە لە گوتنی سیاسەتکار، بەڵام هانا بۆ تەمومژی چڕیش نابەین، ئاخر (ئاڵۆزی)یش مینا سادەگۆیی، بە زیانی شیعر دەشکێتەوە. دەڵێن فەرەزدەق گوتوویەتی، جاری وایە هەیە، نووسینی دێڕێک لە شیعر، لە هەڵکێشانی ددانێک (بێ بەنگ) زیاتر ئازارم دەدات، ئەگەر بە دەست نووسینی شیعرەوە وەها داماویت، نەینووسیت باشترە. هەیە دەیان (کۆشیعر) و سەدان (شیعر)ی هەیە، بێ ئەوەی کەس وەک شاعیر، ددانی خێری پێدا نابێت، هەیشە بە چەند شیعرێکی باڵا، یان تەناننەت بە تاقە شیعرێکی ڕاستەقینە، وەک شاعیر ناوبانگی ڕۆییشتووە.

شیعر زادەی هەستکردن، یان هەڵچوون نییە، ئەگەرنا هەمووان شاعیر دەبوون، شیعر دەربڕی ئەزموونێکی زەنگین و ئاستێکی بڵندی ڕۆشنبیرییە. دەشێت لە شیعردا، بیرۆکە یان تەنانەت فیکریش هەبێت، بەڵام شیعرێک لەسەر بناغەی ئایدۆلۆجی ڕۆ بنرێت، زوو هەرەس دەهێنێت، ئاخر فیکر، با فیکرێکی ڕۆشنیش بێت، یەکێک نییە لە کەرەسەکانی شیعر، شتێکە لە دەرەوەی دونیای شیعر. فیکر شتێکە خەڵک لە حیزبێکدا لە دەوری کۆ دەبنەوە، بەڵام شیعر، شتێکە تایبەت بە تاک. جیاوازییەکی نێوان سروود و شیعریش ئەوەیە، سروود دەربڕی هەستی چینێک یان گەلێکە، بەڵام شیعر پێوەندیی بە هەستی تاکێکەوە هەیە.

شاعیر درەختێکە شیعر دەگرێت، شیعرێک دەرگە بە ڕووی دەیان پرسیاری وجوودیدا دەکاتەوە، شیعرێکی جوانی پەیکەرئاسای، لە هەناوی گابەردی ستاتیکاوە دەرهێنراو، شیعرێکی ئاسانی تژی لە هەستی ئینسانی، شیعرێک پێشتر لە شێوەی نەنووسرابێت. شاعیر شیعرێک دەنووسێت، هیچ بایەخ بە توێکڵ نادات، هەر لە وشەی یەکەمەوە، پەنجەرە بە ڕووی کرۆکدا دەخاتە سەر پشت، شیعرێک نە سەر بۆ هیچ کۆت و بەندێک نەوی دەکات، نە سڵ لە هیچ سانسۆر و بەربەستێک دەکاتەوە، نە لاسایی هیچ نموونەیەک. شاعیر شیعرێک دەنووسێت، دلۆڤانیی لێ بچۆڕێت، شیعرێک با فەزایەکی هاوبەش لەگەڵ کەسانی دیکەیشدا کۆی بکاتەوە، بەڵام ڕاستگۆیانە، دەربڕی ویست و خواستی تاکێک دەبێت.

شاعیر چونکە پیشەوەرێکە دەستڕەنگین، کە ستران دەچڕێت، دەزانێت چۆن هەڵچوونی دەروونی لە ئامێزی هونەردا هێور دەکاتەوە، بێ ئەوەی لەبەردەم قوڵپی گریانیدا دیوارێک هەڵبچنێت. شاعیر لە کەرەسەی ئاسایی، شیعری ناوازە بەرهەم دەهێنێت، شیعرێک لەم ڕۆخی زەریاوە، بۆ ئەو ڕۆخی دەپەڕێتەوە، شیعرێک تخووبی نێوان کولتوورەکان دەبەزێنێت، شیعرێک ئینسان لەوە قوتار دەکات کە هەڵگری تاقە ناسنامەیەکی داخراو بێت.

شاعیری پیشەوەر، دونیای نوێ دەدۆزێتەوە، ڕووی دەمی تەنیا لە نەتەوەیەک، ڕەگەزێک یان توخمێک نییە، وەک چۆن قسە لەگەڵ ئاسمان یان خۆردا دەکات، دەتوانێت لەگەڵ بنجەگیایەک یان تاڵە تیشکێکیشدا بپەیڤێت. شاعیری پیشەوەر دەزانێت، ئەو کالیسیۆمەی لە ئێسکیدا، یان ئەو ئاسنەی لە خوێنیدا هەیە، هەمان ئەو کالیسیۆم و ئاسنەن،  لە ئێسک و خوێنی ئەوانی دیکە و لە گۆی زەوی و لە ئەسێترەکانی دیکەیشدا هەن، بۆیە هەمیشە ئامێزی بۆ گەردوون ئاواڵایە.

لە شیعری شاعیرێکدا وەستای پیشەکە بێت، ڕامانێکی پیرۆز هەیە کە هیچ پێوەندیی بە ئایین و خواپەرستییەوە نییە. شاعیری وا کە دەنووسێت، وا هەست دەکات خەریکی نوێژە و بەدەم نووسینەوە بڕوا بەوە دەهێنێت کە لە غەیبەوە، ئیلهامی بۆ دێت. شاعیری وا کە ڕقی لێ هەڵدەگرن، کانیاوی ئەڤین لە ناخیدا دەبووژێتەوە و تەنانەت ڕقی لە جەللادەکەیشی نییە، بەزەیی پێیدا دێتەوە و مەسیح ئاسا، داوا دەکات لە گوناهێکی خۆش ببن، کە نەیکردووە.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا