
هەمزە گوڵانی
لە دەرگا درا؛
چاوەڕوانیم نارد بیکاتەوە
بە زەردەخەنەیەکەوە هاتە ژوور
لێوەکانی لەو ئاڵ و باڵووە دەچوون
بەمنداڵی خۆم بۆ هەڵدەبڕی و نەیدەگەیشتمێ
لە دەستم تووڕە دەبووم لۆمەی پەنجەکانم دەکرد و
سەر زەنشتی باڵا.
لە دەرگا درا؛
کاتم نارد بیکاتەوە
گۆناکانی دەتگوت سێوە لاسوورەن
هێشتا نەسیمی ساردی پایزێ نەیگەیستبوون...
ڕۆژ لە پەنجەرەوە ویستی
بۆن بە زوڵف و ئەگریجەکانی دا بکات
بەڵام فریا نەکەوت کەمن دەمم لە دەمیدا
پڕ پڕ بوو لە ئاوی حەیات.
لە دەرگا درا؛
خۆشەویستیم نارد بیکاتەوە
کە تەماشای چاوەکانم کرد کەوتمە گومان
گوتم ڕەنگە مانگی یەکشەوەی لە ئاسمان دزی بێ،
یان "مانی" سنوری هونەری خوای تێپەڕاندووە؟
لە دەرگا درا؛
دڵم ناردە پێش وازی
بەڵام نەئەو هات و نەدڵیشم گەڕایەوە،
زەنگ لە دوای زەنگ دەڵێ : لە دەرەوەی بازنەیە!
