نووسین: ئاریان یوسف خوێندکاری دکتۆرا لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی

 

پێشەکی

حەمەسەعید حەسەن، شاعیر، ڕەخنەگر و توێژەری دیاری کورد، بە یەکێک لە دەنگە ڕەخنەییە بەهێزەکانی ئەدەبی کورد دادەنرێت، کە بەرهەمەکانی بەرەنگاری بیروباوەڕە باوەکانی سەردەمی خۆی بوون. وتارە ڕەخنەییەکەی بە ناوی «شیعر و شاعیر» کە لە ڕێگەی ڕێگای کوردستان بڵاوکراوەتەوە، شیکردنەوەیەکی قوڵ و پڕ لە ڕەخنەی تیژی پێشکەش دەکات لە پەیوەندیی نێوان زمان، ڕێزمان و داهێنانە شاعیرانەدا، هاوکات کە تێڕوانینی خۆی بەرامبەر بەو جۆرە شاعیرانە دەردەبڕێت کە بە ناوی شاعیری هێرمێتیکەوە خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ زمان و خوێنەردا شاردووەتەوە.

 

لە دیکارتەوە تا کانت و مارکس: شاعیر وەک فەیلەسووفێکی ڕەخنەگر

یەکێک لە دیارترین لایەنەکانی تێڕوانینی حەمەسەعید حەسەن، ڕوانگەیەکی فیکریی پڕ لە شەپۆڵەکان و گومانە لەسەر هەموو شتێکدا. ئەو بە ڕوونی دەڵێت: «شاعیر دەبێت دیکارت ئاسا گومان بکات، وەکوو کانت ڕەخنەی ڕووخێنەر بگرێت و چەشنی مارکس هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی جیهانی کۆن بدات. شاعیر دەبێت پرسیار بەرووژێنێت نەک وەڵامی حازر بداتەوە.» ئەم ڕوانگەیە نیشانەی ئەوەیە کە حەمەسەعید حەسەن شاعیر وەک فەیلەسووفێک و ڕەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی دەبینێت کە دەبێت کاربکاتە سەر ڕیشەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵات و نەریت.

لەم چوارچێوەیەدا، بیرۆکەکانی ئیمانوێل کانت لەسەر ڕەخنەی ڕەسەن و ڕێگای سەربەخۆیی مرۆڤایەتی و کارڵ مارکس لەسەر گۆڕانی شۆڕشگێڕانەی جیهانی کۆن و ڕێگای ڕەخنەیی بەرچاو دەکەون. حەمەسەعید حەسەن بەم شێوەیە، شاعیران هان دەدات کە ئەرکی خۆیان لە ڕێگای پرسیارکردنی بنچینەیی و تێکشکاندنی بتە ئایدیالۆجیاییەکان و بەزاندنی سنوورەکانی دەسەڵات و حیزب و نەریتی باو بینین، نەک بە بەدەستهێنانی وەڵامی حازر و تاکتیکی. شاعیر دەبێت بەردەوام لە قۆناغی ڕەخنە و پرسیارکردندا بێت تاکو بتوانێت بگاتە ڕوانگەیەکی ڕاستەقینە لەسەر زمان و جیهان.

 

زمان: هەوێنی جوانی، دەروازەی خوڵقاندن، نەک زیندانی بێ ویست

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، حەمەسەعید حەسەن پەیوەندیی نێوان شاعیر و زمانی باو و زمانە نوێکانی ورد دەکاتەوە. ئەو دەنووسێت: «زمان هەوێنی جوانیی شیعر و پۆشاکی ڕۆحی شاعیرە. زمانی شیعری: تەنیا کەرەسەی دەربڕین نییە، کەرەسەی خوڵقاندنیشە، بۆیە کرۆکی شیعر بریتییە لە شێوازی گوتنی. گوتەی شیعری و ناشیعری بوونیان نییە، شیعر زادەی وشە نییە، زادەی پێوەندیی نێوان وشەکانە. هەموو وشەیەک شیعرییە، ئەگەر لە شوێنی شیاوی خۆیدا جێی بۆ کرایەوە، گرنگ تەبایی و هاوئاهەنگیی نێوان وشەکانە.»

 

بەم شێوەیە، حەمەسەعید حەسەن ڕێگایەکی دیالێکتیکی و خوڵقێنەر بۆ چارەسەری ناکۆکیی نێوان نەریت و نوێخوازی لە بواری زماندا پێشنیار دەکات. ئەو پێی وابوو کە داهێنان لە بواری زماندا پێویستی بە ڕێزی بەرامبەر بە نەریت و ڕابردوو هەیە: «ئەوی بەسەر زمانی دێریندا زاڵ نەبێت، ناتوانێت زمانێکی نوی دابهێنێت. ئەدەبی مەزن زادەی زمانێکی جوان و پاراوە، ئەمە یاسایە و ئەوی سەرپێچیی لێ بکات، شەڕەشۆق لەگەڵ چیادا دەکات.» بەم جۆرە، حەمەسەعید حەسەن بە ڕوونی دەڵێت کە ڕێزمان ڕێساکانی زمان نەک زنجیر و بەندی بێ ویست و بێ توانا، بەڵکوو «کێش و پاشبەند» نین تا بتوانین فەرامۆشیان بکەین. شێواندنی زمان بە شێوەیەکی نەریتی و بەبێ ڕێزگرتن لە ڕێساکانی، تەقاندنەوەی زمان نییە، بەڵکوو زادەی بێدەسەڵاتیی شاعیری خۆ بە نوێخواز و یاخیبوو زانە. یاخیبوون لە زمانی باو و نەریتی، شێواندنی زمانی زاڵ نییە، بەڵکوو داهێنانی زمانێکی جوانتر و ئاڵۆزترە.

 

ساختەکردن یان پەناگە لە دوای نادیارییەکان

لە بەشێکی تردا، حەمەسەعید حەسەن توندترین ڕەخنە لەو جۆرە شاعیرانە دەگرێت کە بە ناوی «شاعیری نوێ» یان «شاعیری هێرمێتیک» و «مۆدێرن» یان «پۆستمۆدێرن» یان هەر ناوێکی تری فەلسەفیانەوە، بەرهەمێک بڵاو دەکەنەوە کە کەس لێی تێناگات. ئەو بە ڕوونی ئەم جۆرە بەرهەمانە بە ساختەکردن لە خوێنەر ناوزەد دەکات و دەڵێت: «بەشێکی گرنگی ئەو بەرهەمانەی بە نێوی شیعری نوێوە بڵاو دەکرێنەوە و کەس لێیان تێناگات، لە ساختەکردن لە خوێنەر بترازیت، هیچی دیکە نیین.» ئەمە یەکێکە لە گرنگترین و توندترین بەشەکانی وتارەکەی حەمەسەعید حەسەن.

لەم ڕوانگەدا، حەمەسەعید حەسەن باوەڕی بەوە نییە کە بوونە هۆکاری تێنەگەیشتنی خوێنەر لە شیعردا نیشانەی قوڵایی و توانا و هێزی شاعیرە. بەپێچەوانەوە، ئەو پێی وابوو کە ئەم جۆرە ڕەفتارە شاعیرانە لەلایەن کەسانێکەوە دێت کە یان توانای دەستکەوتن بە زمانێکی ڕوون و شیاوی تێگەیشتنیان نییە، یان لە شاعیربووندا خۆیان ون کردووەو نەمانە «شاعیری ڕاستەقینە».

ئەم ڕوانگەیەی حەمەسەعید حەسەن وەک ڕەخنەیەکی توند و کاریگەر وەستاوە بەرامبەر بەو جۆرە شاعیر و تیۆریست و ڕەخنەگرانەی کە «وێنەی سەیری بە تەمومژ دەورگیراوی» لە تێگەیشتن بەدەر دادەنێن.

 

پرۆمیتیۆس یان شەڕەشۆق بەرامبەر چیاکان

وتارەکەی حەمەسەعید حەسەن بە بەکارهێنانی ئەفسانەی پرۆمیتیۆسی یۆنانی، قوڵایی و ڕەنگی فەلسەفی و نەریتی زیاتری پێ دەبەخشێت. ئەم ئەفسانەیە کە تیایدا پرۆمیتیۆس ئاگری لە خواوەندەکان دەدزێت و پێشکەشی خەڵکی دەکات، گرنگە. لە ڕوانگەی حەمەسەعید حەسەنەوە، هەندێک لە شاعیرە مۆدێرن و هێرمێتیکەکان نەک وەک پرۆمیتیۆس کار دەکەن، بەڵکوو وەک ڕکابەری خواوەندەکان، حەزر و مەترسی لە ئەوەدا دەبینن کە خەڵکی سادە لە زمان و کار و بیرۆکەکانیان تێبگات. بۆیە، وەک خۆیان دەڵێن: «شیعریان بۆ خواوەندەکان دەنووسن، ئەگەرنا خەڵکی سەر زەوی لە زمانیان تێدەگەیشت». حەمەسەعید حەسەن ئەم ڕوانگەیە بە وەهم و خەیاڵێک و نادیاریێکی بێ بنەما دەزانێت، کە شاعیر و خوێنەر لە دوو جیهانی جیادا دەپەرێنێت.

 

شاعیر وەک دەنگی هێومەنیست

لە تەواوی وتارەکەدا، حەمەسەعید حەسەن ڕوانگەیەکی ڕوون و بەهێزی هێومەنیستی (مرۆیی) هەیە. ئەو بەردەوام پەیوەندی نێوان

شاعیر و کۆمەڵگا و خوێنەر بەرز دەکاتەوە و پێی وابووە کە شاعیری ڕاستەقینە دەبێت «ئەوە بنووسێت هەستی پێ دەکات، نەک ئەوەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی دەپارێزێت» و «گۆرانییەکانی لە دڵییەوە هەڵبقوڵێن و دەربارەی ئەو کێشانە بنووسێت بەلای خۆیەوە گرنگن، نەک ئەوانەی بەلای دەسەڵاتێکەوە مەبەستن». لەم دیدەدا، شاعیر نابێت غەلامی دەسەڵات یان بەرژەوەندیی کەسێک بێت، نابێت دووڕوو و سازشکار بێت، پاکی و بێگەردی بنەمای کارەکەیەتی.

 

ئەنجام: کەلەپوور وەک سەرچاوەی هێز، نەک زیندان

لە کۆتاییدا، حەمەسەعید حەسەن ڕێگایەکی هاوسەنگی و دیالێکتیکی بۆ پەیوەندی شاعیر لەگەڵ نەریت و کەلەپوور و مێژوودا دەدۆزێتەوە. ئەو دەڵێت: «شاعیر دەبێت هێز لە کەلەپوورەوە وەربگرێت، نەک لە زیندانی دیرۆکدا بەند بێت». ئەمە پوختەیەکی بەهێز و واژوویەکە لەسەر هەموو وتارەکە، کە پێی دەڵێت کە بەکارهێنانی کەلەپوور و نەریت و مێژوو دەتوانێت ببێتە جێگای دەسەڵاتێکی بەهێز بۆ شاعیر، نەک زیندانی دیرۆک و نەریتی. شاعیر وەک خوڵقێنەرێکی ئازاد دەبێت توانای پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی نەریت و کەلەپوور و مێژووی خۆی هەبێت، نەک تەنها لە نێو ڕابردوودا زیندانی بکرێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا