
هێرۆ هەڵەبجەیی
لە خاکی میزۆپۆتامیا…
لەو شوێنەی یەکەم پیت نووسرا، یەکەم یاسا دانرا، و یەکەم شارستانییەت هەناسەی دا،
هێشتا خوێنی ژنان بە ئاسانی دەڕژێت…
ئەو خاکەی مرۆڤایەتی فێری نووسین کرد،
هێشتا هەندێ دڵ فێری واتای “ژن” نەبوون.
لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا، باوکسالاری تەنها سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نەبوو؛
بۆتە شێوازێک لە بیرکردنەوە،
ئەو بیرکردنەوەیەی ژن بە خاوەن ماف نابینێت، بەڵکو بە موڵک دەیبینێت.
لە یاساکانی کۆنەوە تا نەریتە هۆزایەتییەکان،
چەندین ساڵە دەنگی ژن لە ژێر دەنگی “شەرف” و “عیب” دا نوقم کراوە.
بەڵام چ شەرفێک لەوە گەورەترە کە ژیان بپارێزیت؟
چ عەیبێک گەورەترە لە کوشتنی کچێک بەهۆی وتنی “نەخێر”؟
میزۆپۆتامیا پێویستە هەر تەنها ناسنامەی شارستانییەت نەبێت،
بەڵکو دەبێت ببێتە خاکی داد و ئازادی و پاراستنی ژیان.
