بەرزان عەلی

کۆڵە پشت 9

کۆڵەپشتەکەم دەشۆم 

تا هاڵاوی نیگەرانی ڕاو بنێم 
ماڵئاواییی لە پاسەوانی ژوورەکەم دەکەم و هیچ ئاسەوارێک بەجێ ناهێڵم 
بیر لەو ەدەکەمەوە سەرکێشییەک بکەم بۆشڵەقاندنی کەللەسەرم 
هەنگاو دەنێم 
یادەوەرییەک چەشنی قاچاخچی لەپێشمەوە دەڕوات دووکەڵ هەڵدەگرێتەوە 
بیر لەو ساتانە دەکەمەوە کە ڕاوی موعتادەکانم دەکرد 
دەچمە ئەو پارکەی کە ڕۆژگارێک بەترسەوە تێیدا هەنگاوم دەنا 
شوێنپێی ڕەشاییی و دووکەڵ دەبینم ڕووخساریان شێواوە 
خۆم و غەریبی و تەجیلێکی بچووک و کامێرایەکی دڵنەرم یادەوەری دووکەڵمان تۆمار دەکرد
پیاوێکی پیری بەئەزموونی دنیای دوکەڵ دەبێتە هاوڕێم 
لە گۆشەیەکی پارکەکەدا کوخێکی پڕ کردووە لە کتێب 
یادەوەریی پاکبوونەوە دەنوسێتەوە 
لەشکرێک لە مووعتاد لەنێو کتێبەکاندا ڕاکشاون زمانیان شکاوە 
جەلالی مەلەکشا بە سەگێکی هارەوە لەنێو چیرۆکەکاندا دەژی
پیاسەیەکی نەرم نەرم دەکەم 
گۆشەی پارکەکە دەخەمە نێو قەرەوێڵەی خەیاڵمەوە 
چەند ژنێک لەسەر کورسیی یادەوەری دەچننەوە 
جۆرێک سەیریان دەکردم وەکوو ئەوەی ڕێم هەڵە کردبێت 
شاعیرێک زەنگم بۆ لێ دەدات 
لەکوێت بەرزان؟ 
لەپارکی دووکەڵم 
دڵم پڕبوو کاتێک بینیم بە ماتۆڕێکی غەمگینتر لە خۆی شەقامەکان دەبڕێت 
دوو شاعیر سوار ماتۆڕێکی هەژار بوین 
حەزم دەکرد هاوار بکەم 
بیری عەباسی کەمەندی دەکەم کە ڕۆژگار نەیهێشت یادەوەرییەکانی بنووسمەوە 
شۆعلە گیان لە ناوەڕاستی کوچەکەوە بەدەممانەوە پێدەکەنێت 
دەچینە ماڵێک یادەوەرییەکانی چەشنی پەشمەک خەریکە دەتوێنەوە 
ماڵێک تێیدا گۆرانیی هەژاری دەژمێرێت 
مەرگ لە بۆسەدایە
ماڵێک کە گۆرانیی تێدا لە دایک دەبێت هەرگیز نامرێت لە ژوورێکدا دانیشتوین بەرگەی خەونێکی بچووک ناگرێت 
دوو پەنجەرە چەشنی مەمکی کچێکی قاجاری ڕووناکی حەوشەکە دەشوات 
قاپێک عارەق خۆی دەکێشی بە لێوی کۆڵەپشتەکەمدا 
شەراب دەڕژێتە نێو دەنگی شۆعلە گیانەوە دەنگێک لەنێو قوڵاییی شەرابەوە دەردەپەڕێت

دەردەکەم دەردی گران و بێ دەوایە شۆعلە گیان 
بۆ تەبیبی چارەڕاست هەر بەهیوایە شۆعلە گیان 
تۆ تەبیبی شۆعلە گیان تۆحەبیبی شوعلە گیان 
داخی دووریت لە دەروون کانی زووخاوە شۆعلە گیان 
کچە هاوڕێکەم چاوەڕێی گەڕانەوەمە 
مەستی و شۆعلە گیان ناهێڵن بگەڕێمەوە 
قلیانێک چەشنی چنار شۆڕ دەبێتەوە و ناهێڵی تەنیا بم
دووکەڵ دەکەم بەبنمیچیێکی دڵشکاوداو پڕی دەکەم لە خۆم 
لە نهۆمی دووەمی ماڵێک شۆعلە گیان سەیرێکی ئەو شارە غەمگینە دەکەم تا لە شعرێکدا بینەخشێنم نیگەرانیی بگوشم 
دڵم پڕ دەبێت کاتێک ئاویەر بە بێنازی و غەریبی دەبینم 
دووپێک عارەقی خورما دەخۆمەوە تا خەیاڵم بخەوێنم
کاژێر سێی شەوە خەوم دەزڕێت 
زمانم چەشنی بیابان وشک بووە و خەریکە دەخنکێم
دەم دەنێم بە لێوی سوراحییەکی دڵتەڕەوە و زمانم زیندوو دەکەمەوە


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا