
حەمەسەعید حەسەن
مۆزارتی شیعر
ڤیسلاڤا شیمبۆرسکا
هەتاکوو من دەڵێم: (دواڕۆژ)
بەشی یەکەمی وشەکە
دەبێ بە بەشێ لە بووری*
ڤیسلاڤا شیمبۆرسکا ٢ی تەممووزی ١٩٢٣ لە پۆڵۆنیا لە (بنین) لەدایک بووە، بنین لە ١٩٦١ەوە بەشێکە لە شاری کۆرنیک، لە ١ی فێبریوەریی ٢٠١٢ بە شێرپەنجەی گەروو، لە کراکۆڤ کۆچی دوایی کردووە. هەر شاعیرێکی گەورە نەبوو، گۆشەنووس و ڕەخنەگر و وەرگێڕیش بوو، شیعری لە فەرەنسایی و ئەڵمانیایییەوە دەکرد بە پۆڵۆنیایی. هەر لە منداڵییەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ نووسیندا گەرم دەکات، باوکی یەکەمین هاندەری دەبێت، هەر کە تێکستێک دەنووسێت، هەندێک پارەی دەداتێ، ئیدی بەردەوام گەشە دەکات، هەتا ١٩٩١ خەڵاتی گۆتە و ١٩٩٦ نۆبڵ وەردەگرێت.
لە مارسی ١٩٤٥دا یەکەمین شیعری: گەڕان لەدووی وشە، لە ڕۆژنامەی (زینیک)دا بڵاو دەبێتەوە، سێ ساڵ دواتر یەکەمین کۆمەڵەشیعری بۆ چاپکردن ئامادە دەکات، بەڵام بە پاساوی ئەوەی لەگەڵ سیاسەتی حیزبدا ناگونجێت، ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی دەکرێت. چەند ساڵێک دواتر خۆی لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەگونجێنێت، ئیدی ١٩٥٢ یەکەمین کۆشیعری کە ناوی (بۆ ئەوە دەژین) دەبێت، بڵاو دەبێتەوە. لە ١٩٥٣ەوە تا ١٩٨١ ئیش بۆ گۆڤاری ژیانی ئەدەبی دەکات، گۆشەی (مەرج نییە بیخوێنیتەوە)ی تێدا دەنووسێت، کە تایبەت دەبێت بە ناساندنی کتێب و دەنگدانەوەیەکی باشی دەبێت. ساڵانی هەشتا بە ناوی خوازراوەوە، هەم لە گۆڤاری (ئارکا)دا دەنووسێت کە بە نهێنی لە پۆڵۆنیا دەردەچێت، هەم لە گۆڤاری (کولتوور)دا کە لە تاراوگە، لە پاریس بڵاو دەبێتەوە.
خۆشەویستی لە یەکەمین نیگاوە، کە یەکێکە لە شیعرەکانی دیوانی (کۆتایی و سەرەتا)ی ڤیسلاڤا شیمبۆرسکا، لای کیسلۆڤسکیی دەرهێنەر، دەبێتە هەوێنی فیلمێک. شیعرەکانی بۆ زیاتر لە چل زمان وەرگێڕدراون، خوێنەرێکی زۆری لە چین و ژاپۆن و کۆریایش هەیە. یەکەم جار ١٩٨٠ کۆمەڵەشیعرێکی بە ناونیشانی: هەرگیز دووبارە نابێتەوە، لە سوێد بڵاو بووەوە. جەنگ و تیرۆر دوو تێمای گرنگی شیعری ڤیسلاڤا شیمۆرسکان، بە شیعری کورت، باسی کێشە وجوودییە گەورەکان دەکات، بە گیانێکی گاڵتەئامێزەوە، لە کرۆکی مەسەلە گرنگەکان ڕادەمێنێت، بە سادەیییەکی قووڵ، قسە لەسەر پرسە فەلسەفییەکان دەکات و لەڕێی قۆشمە و تەوسەوە، هەوڵی ئەوە دەدات، خۆی لە چنگی واقیعی زاڵ دەرباز بکات. مۆسیقایەک لە شیعریدا هەیە، پێیان دەگوت: مۆزارتی شیعر، بەم دەستی پاکژیی منداڵی و بەو دەستی ژیریی پیریی هەڵگرتووە و هەرچەندە وشە لە شیعریدا لە شەققەی باڵ دەدات، کەچی دەیگوت: وشەیەک نازانم دوو باڵی هەبێت.
هەموو سەگەکان لە یەکدی ناچن
من سەگێک بووم دانسقە و ڕابردووپاک
خوێنی گورگ بە دەمارەکانمدا دەهات و دەچوو
ماڵم لە بەرزایی بوو
بۆنی دیمەنی جوانم هەڵدەمژی
دیمەنی مێرگی بەر خۆر و
سنەوبەری پاش باران
هەم ماڵێکی ئاوەدانم هەبوو،
هەم کۆمەڵێک خزمەتکار
خۆراکی باشیان دەدامێ
دەیانشووشتم
شانەیان دەکردم و
بۆ سەیرانیان دەبردم
هەمووان لە بیریان ماوە من سەگی کێ بووم
هەموو سەگێک دەتوانێت خاوەنێک پەیدا بکات
بەڵام خۆتان لە بەراوردکاری بپارێزن
ئاخر خاوەنەکەی من
بێوێنە بوو.
زمانی شیعری لە زمانی ڕۆژانەوە نزیک بوو، بایەخێکی ئەوتۆی بە وێنەی شیعری و میتافۆر نەدەدا، بەڵام خاوەنی دەنگێکی نەرم و ناسک بوو، بۆ خەڵک دەپەیڤی، بەبێ ئەوەی هیچی بۆ شی بکاتەوە، یان پاساوی بۆ بهێنێتەوە. باسی ژیانی دەکرد، وەک خۆی لێی تێگەیشتبوو، زۆر جار شیعرەکانی هەم کێشیان هەبوو، هەم سەروا، تێیاندا بەدەم قۆشمەوە، بێهوودەییی دەورووژاند. باسی کێشە ڕۆژانەیییەکانی دەکرد، بە ڕووکەش شیعری سادە بوو، بەڵام بە شێوەیەک بوو، لاساییکردنەوەی وەک مەحاڵ وابوو، وەک نموونە، بۆ دژایەتیکردنی پیاوسالاری، بە تەوسەوە دەیگوت: ئەوپەڕی بەدڕەوشتی ئەوەیە، ژن بیت و بیر بکەیتەوە.
هەرچەندە ساڵانێک بوێریی ئەوەی شک نەدەبرد، دژی شەپۆلی باو مەلە بکات و بە زەبری ئەو تۆقاندنەی زاڵ بوو، وای دەنووسی وەک ڕیالیزمی ستالینی دەیخواست، بەڵام زۆر نەبرد، ڕێزەکانی حیزبی دەسەڵاتی بەجێ هێشت و لەودیو قەڵغانی قۆشمە و ئایرۆنییەوە، سەنگەری بەرانبەری لە ستەمی دەسەڵات گرت. لە شیعرەکانیدا وەڵامی نەدەدایەوە، پرسیاری دەورووژاند و دەیگوت: هەوڵ دەدەم بە هەموو زمانەکانی دنیا فێری گوتنی بێدەنگی ببم.
شاعیری وردەکارییەکان و ناکۆکییەکان بوو، شاعیری کورتبڕی و نووسینی شیعری سادەی سەخت بوو، باسی هەر چی کردبا، بە شێوازی تایبەت بە خۆی باسی دەکرد و هەم دەستی بە وشەوە دەگرت و هەم شیعریشی کەم دەنووسی. ئەوەی لەبیر بوو کە شیعر هەر جوانکاری و ئاستێکی بەرزی هونەری نییە، بەرپرسیارییشە، ئەوە بۆیە کە شیعرێکی دەبینین بە تامەزرۆیییەوە دەیخوێنینەوە و بە جارێک خوێندنەوەی، تینووێتیمان لێی ناشکێت. ئەوەی شیعری ساکار دێتە پێش چاو، فێڵێکی هونەرییە، ئاخر گوتەکانی مانای قووڵ دەردەبڕن و مانا قووڵەکانیشی لەو گوتە ئاسانانەدا خۆیان نمایش دەکەن.
٧ی ١٢ی ١٩٩٦ سەروەختی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، گوتی: "لە ژیانی ڕۆژانەماندا کە لە وشەکان ڕانامێنین، زوو زوو دەڵێین، ژیانێکی ئاسایییە، دنیایەکی ئاسایییە، یان شتێکی سروشتییە، بەڵام لە زمانی شیعردا، نە هیچ شتێک ئاسایییە، نە هیچ شتێک سروشتی، نە بەردێک ئاسایییە، نە هەورێک سروشتی، نە ڕۆژێک ئاسایییە، نە شەوێک، نە ژیانی هیچ کەسێک لە دنیادا ئاسایییە."
بێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێکی خۆمانی تێدا هەبێ
لەدایک دەبین
بێ ئەوەی هیچ ئەزموونێکمان لە مردندا هەبێ
دەمرین،
نە هیچ ڕۆژێ دووبارە دەبێتەوە
نە دوو شەو لە یەکدی دەچن
نە دوو ماچ وەک یەک وان
نە دوو نیگا،
کە ناوی تۆیان هێنا
هەستم کرد لە پەنجەرەکەمەوە
گوڵێ هەڵدەدەنە ژوورەکەمەوە.
*
(*) بووری: ڕابردوو