
مەحمود هۆمەر
مەمەند ئاغا كوڕی رەسوڵ ئاغا لەساڵی 1910 لەگوندی مەرگەی دامێنی چیای ئاسۆس لەدایك بووە لەعەشیرەتی میراودەلیانی پشدەر و بەرەبابی رەسواغایە، لە حوجرەی فەقێیان نراوەتە بەر خوێندن و تەنها فێری نوسین و خوێندنەوە بووە و وازی لەخوێندن هێناوە بەزیرەكی و هۆشیاری خۆی پێگەیشتووە و ژمارەیەكی زۆر هۆنراوەی كۆمەڵایەتی و رامیاری و دڵداری نوسیون.
(فانی) نازناوی شاعیرییەتی، بە پێچەوانەی هەموو كوڕە ئاغاكانی سەردەمی خۆی ملی داوەتە بەر كارو كاسبی و بەوپەڕی سەربەرزیەوە نانی ماڵ و مناڵی خۆی دابین كردووە و شانازی زۆری بەو خەسڵەتەی خۆیەوە كردووە و لەهۆنراوەیەكدا دەڵێت :
نەئاغای دێم و نە كوێخای گەڕەك
پارە بستێنم بەزەبری كوتەك
نەئەسپم هەیە نەتفەنگی بڕنەو
نەچەتەم هەیە بۆسەر ئەم و ئەو
نەدزم هەیە نەدرۆزنم
نا، لەگەڵ هەردوو وەكو دوژمنم
خۆم رەنج ئەكێشم بۆ تەئمینی نان
دەست درێژ ناكەم بۆنانی دوو نان
ئەو نانە نانە هی رەنجی شانە
دز درۆزنە زاڵم نەزانە
بەم شێوەیە مەمەند ئاغا لە دەرەوەی گوندی مەرگە لە شوێنێكی رەق و بەستێن چەند پارچە زەوییەكی بچووك بەنووكی پاچ و بێڵ پاككردۆتەوە كێڵاویەتی لەسەرووی پارچە زەویەكەشی كارێزێكی هەڵكەندووە كە تاكو ئێستاش ئاسەواری ئەم شوێنە ماوە و بە(كارێزی مەمەند ئاغا) ناسراوە.
مەمەند ئاغای رۆشنبیر لەو سەردەمەدا كە سەردەمی ئاغایەتی ورەعیەت و مسكێن و نۆكەر بووە، هەرگیز خۆی لەخەڵكی هەژار دانەبڕیوە و بەناوی ئاغایەتیەوە بێگاری بەهیچ كەسێك نەكردووە، بەنوسین و قسە هەمیشە هانی خەڵكی داوە منداڵەكانیان بنێنە بەر خوێندن و لەگەڵ كەسایەتی دیاری مەرگە(مەلا حەسەنی مەرگەیی) دەستیان لەكردنەوەی چەندین قوتابخانەدا هەبووە، فانی زۆر دژی نەخوێندەواری بووە، چونكە پێیوابووە سەرچاوەی هەموو بەدبەختی و نەهامیەتەكانی گەلەكەی نەخوێندەوارییە، ئەوەتا لە هۆنراوەیەكدا دەڵێ :
دەردی نەخوێندەواری، دەردێكە سەخت و كاری
نەكرێ هاتاكو چاری، بێچارەی جیهانی
بۆگەل كەوا هەژارە، ناڵەم بەئاشكارە
وەك ئاوی سەر چنارە، لێشاوی چاوی فانی
لەهۆنراوەیەكی دیكەدا كەباس لەجەهل و نەزانی دەكات، كاربەدەست و گەورە پیاوانی ئەوسا بەوە تاوانبار دەكات لەجیاتی هەوڵ تێكۆشان لەڕێی گەل و وڵاتدا هەر خەریكی رابواردنن دەڵێت :
ئاگری جەهل و نەزانیمان بەتاوێ تینی گرت
وابڵێسەی ناوقەدی خەرمانی چاكەی ژینی گرت
سەیری گێتی كەی دەزانی رۆژی تەقسیمی ئەزەل
كوللی میللەت جەژنی شادی گرت و كوردیش شینی گرت
چەرچڵ و روزفڵت خەریكی راوی غایەن رۆژ و شەو
گەورەكەی ئێمەش بەبێ غەم پرچی پوور نەخشینی گرت
لەهۆنراوەیەكی دیكەدا كە هانی خوێندن دەدات و بەهرەی خوێندن بەیان دەكات لە كۆتایشدا بێئومێدی دای دەگرێت و دەڵێت :
عیلم بخوێنە شاگردانی زانین
ئەدیسۆن و ئەرستۆ و ماجەلانە
برادەر بەینی زانین و نەزانی
میسالی ئاسمان رێسمانە
بەبێ حەربەی زەكا ئەولادی ئادەم
وەكو حەیوانە بێ هۆش و جەبانە
نەزانی وەك شەوی تاریكە ئەمما
بەبێ شك عیلمە رووناكی بەیانە
قەڵەم بشكێنە فانی بدڕە دەفتەر
زەمانی شێتییە كەر پاڵەوانە
مەمەند ئاغا زۆر دژایەتی رەفتاری هەندێ لە ئاغا خزمەكانی خۆی كردووە بەزۆردار و كۆنەپەرست و بەرژەوەندی خواز باسی كردوون دەڵێت :
ئیستیفادەی كرد ئاغا بە زیدی میللەت
یەعنی چوو بۆ كاسە لێسی دوژمنی خزمانی من
من لەجەوری قەومی خۆم دەگریم بڵێن بێگانە قەد
بانەكا شێتانە مەنعی شیوەن و گریانی من..
لەپاڵ ئاغاكانیشدا چینەكانی دیكەی گەل بێتاوان نابینێت و زۆر بەراستگۆییەوە لەژێر پەردەی ناوێرم راستیەكان بڵێم پێ لەراستیەكان دەنێت و دەڵێ :
ئەوەی ئاغا و كوێخایە بەدڵ جۆیایی غەوغایە
ئەزانێ نانی تێدایە دەڵێم بیڵێم و ناوێرم
ئەگەر ئاغایە بەد كارە ئەگەر كوێخایە مەككارە
ئەگەر مسكێنە بێعارە دەڵێم بیڵێم و ناوێرم
ئەگەر چی شێخی ئیرشادە خەریكی جەوری بێدادە
لەسۆفی بێ هونەر لادە دەڵێم بیڵێم ناوێرم
رەعییەت گەرچی جیرانن خەریكی زەربە لێكدانن
بەبێ عاقڵی پەرێشانن دەڵێم بیڵێم ناوێرم ...
فانی لەسەردەمی خۆیدا و لەو ناوچەیەی ئەوی تێداژیاوە ئەگەر لەهەموو خەڵكەكەش ژیرتر و تێگەیشتووتر نەبوبێ لەهەموان ئازا و چاونەترستر بووە، زۆر بەلایەوە گرینگ نەبووە خەڵكی چی پێدەڵێن تەنانەت لەسەر ئەو پارچە موڵكەی كە بەگردێكەوە بووە و دای هێناوە بەوە تاوانباریان كردووە كە ئەو گردە شوێنی كۆنە گۆڕستانە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك وەڵامی نەداونەتەوە و گوتوویەتی(ئیوە بەوە هەراسانن كە من ئێسكو پروسكی مردووی هەزار ساڵە دەر دێنمەوە و بە تاوان و گوناهی دەزانن، بەڵام ئەوە بە تاوان نازانن بۆ خۆتان خوێنی میللەتێكی زیندوو دەمژن و دەیچەوسێننەوە) ئەو لەسەردەمێكدا گوتوویەتی باوەڕم بە شێخ و سەید و سۆفی و دەروێش و مەلا نییە و دووژمنایەتی راستەخۆی ئەو ئاغایانەشی كردووە كەلە لوتكەی دەسەڵاتدا بوون و عورفی ئاغاو شەرعی مەلا حوكمی ناوچەكەیان كردووە و هیچ دەسەڵاتێك لە سەروو دەسەڵاتی ئەوانەوە نەبووە، كەچی فانی دەڵێت:
من معتەقیدی سۆفی و دەروێش و مەلا نیم ـ پاكی نیەتم لازمە وێنەی جوهەلا نیم.
یا لەساڵی 1945 دا رووی لە مەلا كردووە دەڵێت :
دین و دونیا گرتنی پێویستە توخوا ئەی مەلا
بەس بڵێ دونیا تەواوە و بەسیە هەركەس دینی گرت...
جگە لەمانەش كۆمەڵێ هۆنراوەی دڵداری ناسك و جوانی هۆنیوەتەوە، ئەوەتا لە وەسفی خەدیجەی خۆشەویستیدا دەڵێ:
خەجیجەی خۆشەویستم هاتە كانی
بەسەر ئاودا تكا تك تك جوانی
لەتاو یاقووتی لێوانی دەناڵم
هەموو رۆژ و هەموو شەو تابەیانی
دەڵێن فەرموویە پێویستە لەسەر ئەو
كە ئاشكرا نەكا دەردی نیهانی
ئەرێ چۆن، چۆن بە راشكاوی نەناڵم
دڵێكم بوو بەدڵ سەختی شكانی..
فانی بەو پێنووسە بوێر و بە بڕشتەیەوە و بیرە بەرزەوە لە ساڵی 1957 بووە بە سەرۆكی شارەوانی مەرگە، ساڵی1964 وازی لە فەرمانبەری هێناوە. لەشەوی 4/1/1973 دڵە گەورەكەی لە لێدان دەكەوێ، لە گوندی مەرگە ماڵاوایی لە دونیای فانی دەكات و هەرلەوێش بەخاك دەسپێررێ. دروود بۆ گیانی فانی شاعیری ژیر و مرۆڤدۆست و كوردپەروەر.a