لەنێو گیرفانیدا خۆی مەڵاس دابوو

بەلارولەنجە خۆی کێشا بەکەمەری شیعرێکی ئیمانداردا

پێکێک بەدەستی ڕاستیەوە بوو

چەند هەڵوژەیەک لەنێو دەستی چەپیدا

پێکێکی هەڵداو

ووتی :بەخۆشی مردنی بەرزانەوە

هەمووان بێدەنگیان هەڵبژارد

تەنیا شیعرەئیماندارەکە ووتی پەنا بەتۆ دەگرم

ڕووی کردە ئاسمان وەکو ئەوەی بیەوێت بەپۆستەچییەکەدا

نزاکانی بگەیەنێتەخودا .

بەدەنگێکی پچڕپچڕ شیعرێکی سەرخۆشی هاویشتە نێو ماتەمینییەکەوە !

ئەوە منم بە مەستی لەنێو ڕۆحی ئەم شیعرەدا دێم و دەچم

ژیان چەشنی تابلۆیەک دەنەخشێنم

هیچ شیعرێک هێندەی من یادەوەری لەگەڵ ئەم شاعیرەدا نییە

ڕۆژگارێک لە غوربەتدا عارەقسەگی دەڕژاندە نێو غەریبی دڵییەوە

لەبری مەزە گریانی لەسەر سفرەکەی دانابوو

زۆرجار لەشەوێکی نائومێدیدا پێکەوە دەمانخواردەوە

زوڕنامان بۆ ژیان لێدەدا

ئەو باسی بەدبەختییەکانی خۆی بۆ دەکردم

لەشارێکی غەریبدا

من باسی جوانییەکانی شیعرم دەکرد لەنیشتیمانێکی غەریبدا

بەدڵێکی پڕەوە باسی بێکەسی خۆی دەکرد

شیعرێکی فروغم کرد بە خۆشەویستی و

کریشنام خزاندە نێو ڕۆحییەوە

تائازاری غوربەت لەنێو شیعردا بگوشێت

باسی بێ باوکی دەکرد لەڕۆژگاری منداڵیدا

جۆرێک دەگریا عەرشی خودای دەلەرزاند

هەزاران شیعری هەتیوم لەناو دڵیدا ناشت

تاپێکەوە بژین

کاتێک پێکەکەی نۆش دەکرد

گوێی لەو گۆرانیانە دەگرت

کەلەخۆی غەمگینتر بوو

ئازارەکانی دەسپارد بە داریوش

بێئاگا لەوەی ئەو گۆرانیانە ڕاپێچی کارتۆن خەویی دەکرد

هێندە ئازاری چەشتبو وایدەزانی ئازار خۆشەویستەکەیەتی

لەگەڵ هەڵدانی هەر پێکێکدا

 

دەیگووت :

بەخۆشی ئازاری خۆشەویستم

کاتێک بیری دڵشکانی خۆیدەکرد لەشارێکی دڵڕەقدا

پێکێکی بەخەستی نۆش دەکرد

بەکەتەرێک جەستەی خۆی دەنەخشاند و خوێنەکەی هەڵدەمژی

جۆرێک دەمی دەنا بەمردنەکەیەوە وەکو ئەوەی دەمی لەنێو دەمی ئازاردا بێت

هەندێکجاریش دەیگوت ئەم ئازارانە تامی شەراب دەدەن

بیرمە شەوێکیان زۆری خواردەوە بەدڵێکی پڕەوە هەنسکی دەداو

دەیگووت :دێم گۆڕەکەت تێرتێر ماچ دەکەم

تاناز بۆ منداڵیم بگێڕمەوە

بۆنی ئەو خۆڵانەدەکەم لەبری من باوەشیان بەتۆدا دەکرد

باوەش بەو کێلانەدا دەکەم کەلەبری تفەنگ بون بەسەرینی نەرمی ماڵئاوایی

دێم هەرچی بەدبەختی ژیانی ڕەشمە لەنێو تاڵەسپییەکانی سەرم هەمووی هەڵدەڕێژم

تاگۆڕەکەت فراوانتربکات تا ئازارەکان لەباوەشتا بنون

ئەگەر دەتزانی لەدوای مردنی تۆ چۆن پارچە پارچە بووم هەر ڕۆژەو پارچەیەکم دەخەنە بەر دەم ئاژەڵێکی برسی

ڕێک لە ناوگۆڕەکەت دا هەڵدەستایتەوە وقیامەتت بەرپا دەکرد

گوناهی تۆ ئەوەبوو لەبری من باوەشت بەتفەنگ و نیشتیماندا کرد

لەدوای خۆت منت نەسپارد بەکەس

شەوێک کەباران ڕەهێڵەی دەکرد و باخۆی دەکێشا بەبۆشاییدا

خۆم خزاندە نێو کوخەکەی پیر دەردەکەوت چاوەکانی چەشنی جاران نەدەدرەوشایەوە

لەنێو دۆزەخی شارێکدا دەژیا لەگەڕەکی جنۆکەکان .کاتێک بینم دڵم پڕ بوو بیری ئەو ڕۆژانەم دەکردەوە کەچەشنی پاشایەک دەژیام

لەماڵێکدا دەژیا کە لەخۆیی وێرانتربوو

حەوشەیەکی بێکەس دووچڵ هەناری نەزۆک

بیرێک کەلەتاو تیونێتی گۆڕی بۆخۆی کەندبوو

چەند گوڵێک خەسێنرابوون

ڕاخەرێکی چڵکن چەشنی منداڵانی سەرشەقام

کتێبە ناسکەکانی لەسەر دڵی بلۆکێکی ڕەق و چەند تەختەیەکی بێگیان خەواندبوو

ژوورەکەی چەشنی گۆڕێک ڕازاندبویەوە

هەوای گەرمی ژوورەکەی ئاوی جەستەی دەگووشی چەشنی جادووگەرێک

تۆزێک سەهۆڵ و سوراحییەک ئاو ئایەتی بەتاڵکردنەوەی سیحری گەرمای دڵڕەق بوو

دواهەمینجار کەبینیم باوەشی پێداکردم و زەدەخەنەیەکی بۆکردم

وەک ئەوەی بڵێت تۆ زەمەنێکە لەکوێیت ؟

لەدوای دەردەدڵێکی زۆر و گێڕانەوەی یادەوەریەکانی غوربەت

باسی مردنی خۆی بۆدەکردم

لەدوای مردنی ئەم شاعیرە لەشەوێکی نادیاردا

هاتووم کەلەمەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەم شاعیرە یادەوەریەکی زیندوو بکەمەوە

شەوێک لەماڵە تەنیاکەیدا لەوپەڕی نیگەرانییەوە

ئازارەکانی دەژمارد

هێندە زۆربوو ئازارەکان لێتێکچوو

تەنیا ووتی ئەم وەسیەتەت بیر نەچێت

دەزانم لەنێو بێکەسی و تەنیایدا دەمرم !

 

گەرهاتی لەسەر تەرمەکەم بخۆرەوە و بەخۆشی ئەو ڕۆژانەی

ئازارمان بەمەستی ڕاودەنا

لەگەڵ هەڵدانی هەرپێکێدا

پێکێک بڕژێنە بەسەر گۆڕەکەم دا

هەرکات پێکێکم دەڕژاند بەسەر گۆڕەکەیدا

شیعرەکان بە کۆرس دەیانگووت

بەخۆشی ئازار

تەنیا شیعرە ئیماندارەکە نەبێت

ئەوەندەی خواردەوە لەباوەشی کێلێکدا نووست

کفنەکەم هێندە سەرخۆش بوو لەنێو ڕۆحم دا نوست!

بەرزان عەلی