
من بووم یان تۆ
بلوورێکمان دایە دەست بــا ؟
من نازانم
هەتا چەند قسەی عیشق لێرە دەبی ؟!
هەتا چەند قافیەی گریان ،
سەیرم دەکەی ؟!
ئەوەی لەڕۆژئاوای تەنیایی تۆوە هەڵدەکا
خاوبوونەوەی ماسولکەکانی بـا نیە
ئەوە بریندار بوونی شیعرە
بەدیار شووشەکــانی وەفـاوە !
مەرگی بارین و
تاریک بوونی تینوێتــی یە
لای حوجرەکانـی گۆرانـی من !
ئەوە بەهەڵم بوونی قیژەکانــی عەترە !!
لەڕۆژگارێ
کە کەنارەکانی ئێمە لەگەڵا دروستکرا بوو
پێش ئەوەی تۆ ببێتە بکوژی شیعر
هەرچی چیرۆک بوو
کچێنیان دەهێنایە سەحرای گوڵەگەنمەکانـی ئێمە
ئەو هەمووە خۆم لەعەرەقی ماچ و
لەمەرەکـەبی سەبووریت هــەڵدەکێشا
بێ ئەوەی بهێڵم ڕۆح لەمیقاتی ئەو کەونە لادا !!
ئێستا ئەوە کێیە بەدەم تەرجەمەی روبارەوە
حاشا لەشەڕە ئاو دەکا ؟!
تۆ هەق نەبوو منت بیرچێتەوە
من لەتاریک و ڕوونی (بەڵێ ) یەکدا لەدایک بووم
بەڵام پایز نیە ،
لەبرینی هەنارێکەوە نەیەمە خوار !!
گەر وەرینی ئەو هەموو پشکۆیە لێم گەڕێ
چیتر پەرداخەکانی گریان هەڵنادەمە کۆڵانەکانی کۆچ
بێدەنگ دەبم ،
تا تەلانەکانی بیرەوەریم
بۆنی هەناسەکانی سنەوبەر بکاو
پەنجەرەکانی فڕینیان لێ نەشکــێ !
تا ئاوازێک لەسەمادا ،
بڕژێتە ناو پەرداخی مەریەمێکەوە !!
گەروانەکەم ،
کام درەخت لەبەرباران بۆنی دەچێتەوە سەر شیعر ؟!
خۆ من تا ئێستاش نازانم ،
لەشیعرێکی ئاوادا چۆن خەنی بوونی ئاگر تەرجەمە دەکرێ ؟
چۆن پەنجەرەیەک هەر لە خۆوە
لاولاوی لێ دەئاڵێ و
بەسەر خەتمی مارەکردنی درەختێکەوە دەمرێ ؟؟!!
محمدی مام ڕەسوڵ