
من لەئاو دروست بووم و
گەڕامەوە بۆ ئاو !
ئێرە هەمان ئەو شەقامەیە
کە بەبێ تۆ
پێیدا تێپەڕیم
ئەو بەیانیەی کە رۆیشتم
هێشتا باڵندەکان لەخەودا بوون
تیشکی خۆر
شەونمی نووستووی سەر گەڵاکانی خەبەرنەکردبۆوە
کە شارەکەتم جێهێشت
جانتاکەم هیچی تێدانە بوو
جگە لە چەند یادەوەریەکی قورس
هێندە قورس
کەشانەکانم توانای هەڵگرتنیانی نەبوو
هەربۆیە هەموو شتێکم
لە سێبەری پەیکەری ئەو پیاوەدا جێهێشت
گوایە کەسێکی ناوداری شارەکەتە
کەچی من هەر نەمدەناسی!
ئێستا لێرەم
بە جانتایەکی خۆڵەمێشییەوە
گەڕاومەتەوە هەمان شوێن
هەر لەو شەقامەدام
کە یادەوەرییەکانم
لەلای پەیکەری پیاوە ناودارە
نەناسراوەکەدا جێهێشت!
ئەو کاتەی من ڕۆیشتم
تۆ لەدەرەوەی شار بوویت!
بەبێ دەنگی بیرم لە دەرەوی شار و
پێکەنینەکانی تۆ دەکردەوە
بە ئاڵۆزی لەشەقامە چۆڵەکە و
پێڵاوە بۆیاخ نەکراوەکانی خۆم دەڕوانی،
هەر وەکو گەڕیدەیەکی سەرگەردان
کە ئاراستەیەکی نەبێت بۆ گەیشتن و نەزانێت کەی دەگەڕێتەوە!
منیش بەو شێوەیە ئاوە و ئاو چووم!
کەچی ئێستا لێرەم
گەڕاومەتەوە هەمان شوێن
بێ ئەوەی بیر لەدەرەوەی شار و
پێکەنینەکانی تۆ بکەمەوە
بێ ئەوەی بە ئاڵۆزی لەشەقامە چۆڵەکە و
پێڵاوە بۆیاخنەکراوەکانی خۆم بڕوانم
بێ هیچ بیرکردنەوەیەک
لەشوێنی پەیکەرەکە دانیشتووم و
چاوم بڕیوەتە جانتای یادەوریەکان،
جانتایەک شەونمی لێدەتکێ و باڵندەیەکی خەواڵو دەیخواتەوە
ئێستاکە تەواو دڵنیام
کە بەڕاستی من ئاوە و ئاو چووم!
مەهدی زریان