ئەو منداڵانە دەیانەوێ 

هاوڕێ لەگەڵ لاکۆست و مارلبۆرۆ و ئەدیداس

          تا مردن 

         جەستەی ئەو  شارە ئەشکەنجەدەن

شەوانە بە مادە هۆشبەرەکان

                دەمارەکانی تەنیایی دەبڕن

رۆژانە بە ئامێرەکانی یاماها 

               بە سەرێکی عەنتیکەوە  

               دەیانەوێ زاڵی سەردەم بن!

نیوەرۆیان بە ماتۆڕێکەوە

       بە دەروونێکی شپڕزەوە

          لە شەقامان  دەردەکەون بیریاندەچێ

              جلی ژێرەوەیان لەبەربکەن

وەک ئێمە دەژین

       وەک ئێمە سەرسام نابن

وەک ئەوان دەژین

        وەک ئەوان سەرسام نابین

ئەو منداڵانە  بەدوای روخسارێکدا دەگەڕێن!

________________________________________________

 

"فلاشباک"

هۆکاری ئەوەی چەند ساڵێک

پۆلیس بەدوامدا  گەڕان

چەند ساڵێکیش لە گرتیخانەیان

     خ

         س

              ت

                   م

نە شۆڕشگێڕێکی تازە بووم

نە تیرۆریستێکی کۆنینە

تەنیا  س ە ر خ ۆ ش بووم

دەمویست باڵەخانەکان بتەقێنمەوە

ئاخر منارەی (چۆلی)م

بەو بەرزییەوە لێ ونببوو!

زستانی 2018

یۆانینە_یۆنان

ئومێد قەرەنی