
بخوێننەوە..
(٠)
نامەی کاروانچیەک بۆ دایکی...
سڵاوت لێبێ؛
دایکە ئێمە ڕەنگبێ گەیشتنی
کاروانەکەمان دوا بکەوێ و دڵنیام دوا دەکەوین و بەم
زوانە ناگەڕێینەوە، چونکە
ئەو کەلوپەلانەی دەمانویست بیانکڕین و تا بە خواستی دڵ هەڵیان بژێرین، کەمبوون، هەم نرخەکانیشیان گران ببوون، بەو هۆیەوە داواکارم لە چاوەڕوانی ئێمەدا تووشی پەژارەیی و دڵگوشین نەبی..
دایکی ئازیزم؛
ئەرخەیان بە لە دەرفەتێکدا
بۆمان گونجا، کەلوپەل دەکڕین بۆ مەملەکەتی خۆمان بەڕێدەکەوین، ها کە لە دەرگەماندا و بە دیدارت
شاد دەبمەوە و لە ئامێزت دەگرم..گەرچی وشتر و هێستر و وڵاخەکان ئەرک و
تێچوویان زۆر دەکەوێت لە
سەرمان بەهۆی دواکەوتن و مانەوەمان، بەڵام ناچارین و
دەبێ بەرگەی ئەو دۆخە
بگرین...
دایکە گیان؛
لەم مەملەکەتەدا قۆڵبڕین و
دزی و درۆ تەنانەت رێگاگرتنیش زۆرە، واتە چەتە لە ڕێگای کاروانەکان بە لێشاون، ئێمە کە بە دەستی بەتاڵەوە هاتینە ئێرە، تووشی چەندین تیمی رێگر و دز
بووین، بەوە خۆمان پەڕاندەوە، کە گوایە لە مەملەکەتی ئەوان کەلوپەل بە قەرز دێنین و دواتر پارەکەیان بۆ دەبینەوە و کۆی پارەکانیشمان لە نێو کورتانی کەرەکان بە جوانی دەشارینەوە، کە درکی پێناکەن، پاشان گەر وڵاخەکانیشمان لێبسەنن، کاریان بە کەرەکان نییە...
دایکی بەڕێزم؛
بۆ نموونە ئێستا کەوتوینەتە
نێو بۆسەیەکی گەورەی چەتەکانەوە، ئابڵوقەیان داوین، کات درەنگە و نیوەی شەوی تێپەڕاندووە..
زۆرینەمان سەرو نامەمان
بە پەلەپەل بۆ ماڵەوەمان
نووسی و بەهەرچی حاڵێک
بوو، نامەکانمان دایە دەستی
کاک(......) و رێگایەکمان
بۆی دۆزیەوە و تا هەواڵی
دواکەوتنمان بە کەسوکارمان بگەیەنێت..هیوادارم
بەدەستت گەیشتبێ...
دایکی شیرینم؛
تکایە بە باوکە پەککەوتەکەم و خوشک و برایەکانم مەڵێ،
با پەژارە و نیگەرانی هەنج
هەنجنیان نەکا و باوکم زیاتر
بە دەست ئازار و نیگەرانی و
ژانەوە نەتلێتەوە.!
دایە گیان؛
لێت ناشارمەوە، ئێمە چەند جارێکی دی کەوتوینەتە داوی چەتەکانەوە، گەرچی بە حەکیمی خۆمان، خۆمان ڕزگار دەکرد، بەڵام پێم وانییە
ئەمجارەیان ڕێگرەکان، بەدەر
لەوەی زۆر زۆرن، بەهێزیشن،
بتوانین وەک جارەکانی دی
بە زیانی کەمەوە دەربازمان
ببێ، بەڵام تۆ خودا دایە
خۆت نیگەران مەکە، ڕەنگ بێ
ئەمە چارەنووسی ئێمە بێ
بەدەستی ئەم چەتانە تیا بچین.! بەڵام ئەوەی من
جیا دەکاتەوە لە هاوڕێ
کاروانچیەکانی دیم، ئەوەیە
کە من خاوەن دایکێکی
بەهێز و خۆڕاگر و پۆڵایینم،
دڵنیام گەر لەم سەفەرەش
دەربازم نەبێ، ئەوا قەڵایەکی
پتەو کە هەرگیز نەوی بوون
نازانێ لە پشت باوک و خوشک و برایەکانمە، بۆیە
بشمرم بە سەفرازییەوە
سەر دەنێمەوە..
خۆشم دەوێی دایکە.
بەهیوای دیدار چ لەم
دونیا و چ لەو دونیایەی دی..
جگەرگۆشەت
حەمەدەمین...
ساڵی قات و قڕیەکە...
بەڪرتەیفور
هەولێر
