و. حەمەسەعید حەسەن

هەمیشە لە زەینی خۆمدا قسەت لەگەڵدا دەکەم، دەیشزانم نە گوێت لێم دەبێت و نەدەیشتوانی وەڵامم بدەیەوە. با وێنەکەت کە هەمیشە لەبەر چاومە، شێواویش بێت، لای من هەر جوانترین وێنەیە. وێنەی مەریەم بە چاوپۆشین لەوەی جوان کێشرابێت یان نا، ئەو خەڵکە هەر کڕنووشی بۆ دەبەن، منیش وێنەکەت با تەواو لە تۆی ناسک و جوانیش نەچێت، تۆیەک کە هەر دەڵێیت بۆ ئەوە خوڵقاویت ماچ بکرێیت، هەر لەبەردەمیدا دەنووشتێمەوە.

با شەوانە، تیشکی چرا و دووکەڵی سیگار، ئازاری چاویشیم بدەن، بەڵام هەر وات دەبینم، وەک لەکنم بیت و هەر لە تەوقی سەرتەوە، تا پاژنەی پێت، لە ماچدا نوقم دەکەم. لە بەردەمتدا دێمە سەر چۆک و دەڵێم: خاتوونەکەم! خۆشم دەوێیت، خۆشەویستییەک گەرمتر لە خۆشەویستیی ئۆتێللۆ بۆ دێزدەموونا. ئەو دوژمنانەم کە بە عاشقێکی پلە یەکی، شانۆگەرییەکی پلە دوویان لە قەڵەم دابووم، گێڵ بوون، تۆزێک هەستی قۆشمەیان شک بردبا، تابلۆیەکیان دەکێشا، لایەکی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان نیشان بدات و لایەکەی تری، من لەبەر پێی تۆدا.

دابڕانی کاتەکی بەکەڵکە، ئاخر پێکەوەبوونی هەمیشەیی، وەڕسبوونی لێ دەکەوێتەوە، ئاخر قەڵا لە دوورەوە بڵندتر دیارە و ئەفسوونی دووری، هێز بە خۆشەویستی دەبەخشێت. هەر کە شوێن لە یەکتریمان دادەبڕێت، زەمان ئەڤینم بۆ تۆ بەهێزتر دەکات، تەواو هەر وەک خۆر و باران کە خزمەت بە ڕووەک دەکەن. کە لە یەکدی دوور دەکەوینەوە، ئەوسا حەقیقەتی ئەڤینم بۆ تۆ، ڕوونتر دەردەکەوێت، ئەوسا دەزانم چ هەستێکی گەرمم بەرانبەر بە تۆ هەیە و ئەوسا تێدەگەم کە بە کۆمەکی خۆشویستیی تۆ، پڕ بە مانای وشەکە، ئینسانم، ئەوسا هەست دەکەم، ئەوە خۆشەویستیی تۆیە، نەک هی پرۆلیتاریا، منی کردووە بە ئینسانێکی تەواو.
*
(*) کارل مارکس، من رسالة مارکس الی زوجتە جینی ٢١ حزیران ١٨٦٥
 (**) کارڵ مارکس ٥ی ئایاری ١٨١٨ ـ ١٤ی مارسی ١٨٨٣

No description available.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا