
غەمگین بۆڵی
هەژدە برینی کوێر چاوم دەکۆڵن
هەژدە بەهارە بروسکی سپی بانگی گوێم دەکا
لە پشتم قووڵ ئازار وەک خەنجەر ڕۆچووە
ڕۆژەکان قەمبوورن
شەوەکان پڕ یەڵدان
ژیان لەسەر ڕینگ دەڕوا
ئازار هێدی هێدی چرکەکان دەخوات
خەمۆکی قیت قیت
غەمگینی ڕێک و ناڕێک
وەستاون لە داهاتوو
ڕابردووم نەزیفی گوللەیەکی هەڵەیە
ناوم ناوکی ناو ناسۆرییە.
فاریزە، هەتا سەری خەتی خۆم دەڕۆم
دەڕۆم و
تەرمێکی شینم لێ جێ دەمێنێ
زمانی لە زاری ڕازی شیعر دەزێ
پەیڤی ڕێکوپێک دەڕژێ
کێ لای کێ بوو غەمگین خدر؟
بۆ مەگەر نازانی کە دەزانێ غەمگین بۆڵی؟
دەوەستم و
بەسەر هەموو چاکەکارییەکانمدا بەردەبمەوە
هەنگاوم ئازار دەدرێت
بەرانەکینێ؛
هێشتانیش ناتوانم دەست لە دەستی خەمی تۆ بەربدەم.
بیری نوقتەیەکی ڕەش
لە ژیانم دەخەمە دەرەوەی ناوی خۆم
دنیا هەر خۆی سەفەرێکی سپییە
قیت قیت
ڕێکوپێک
دەوەستم
بەڕووی ژیانی هەمووتان
قەیناکە، لە قەبریشم بەن.
فاریزە، هەتا سەری پڕ سەودای خۆم
هەنگاو بۆ پێش چاوم
قیت قیت دەڕۆم
ڕێکوپێک ڕۆژ دەبەمەوە باوەشی شەو
ناوەستم بۆ لاقی هەنگاوەکانی ڕابردوو
ناوەستم بۆ دەستی تەوقەیەکی ساردوسڕ
هەنگاوێک بگەڕێوە غەمگین بۆڵی
دەگەڕمەوە غەمگین خدر
سەرچاوی هەردووکمان
بانگم بکە
ناوم ناوتە ڕووناکی بکە.