بەكر ئاڵەیی

هیچ كاتێ هێندە دڵم پڕ نەبووە

تاریكیم  لە دەلێنگی شەوێكدا بەدی كرد

نەمتوانی  شەوەكانی دیكەم خۆش بوێ

نەمتوانی بە تەنیشت ئەو كانی و كارێزانەدا بڕۆم دەمێك بوو لە ئایەتەكانی ئاسماندا باریبوون

ئەو ڕەنگ و دەنگانەم لێ ون بوون پایزێك هێنابوونمەوە لە دەریا

كەسێك نەبوو ئەو شیعرەی نووسیبووم بۆی بخوێنمەوە

كەسێك نەبوو بە یەكەوە گۆرانی بۆ گوڵەباخ بڵێینەوە

كەسێ نەبوو بەیەكەوە پیاسەیەكی ئێواران بكەینەوە بە كتێب

قەت هێندە ناموراد نەبووم

لە ڕەهەندی شكانەكانەوە جێماوم

لە تاقەت بوونی بریندا خنكاوم

لە سەرابێكی  ڕەنگ زەردا ڕازیبوونی شكانم هەڵگرتەوە

چەند بێ هیوا بووم بە داوە موویەكی باریك

بە دەنگێكی نووساو

بە خەونێكی بزركاو  وەستاوم

ئەو كۆسپانە بە من ناشكێن

ئەو جەنگ و خوێن بارینە ڕا بگرن

ئاسمانێك لە وەرین دایە

ئێوە لە ئەستێرەی گریان نازانن

ئێوە لە مردنی گوڵەباخ ناگەن

ئێوە نەدەزانن باران بدوێنن نەدەزانن دڵی پایز ڕابگرن

ئەو كابووسە ڕابگرن

ماڵێك نەماوە نەخنكێ

ژنێك نەماوە نەكوژرێ

كەسێ نەماوە نەسووتێ

ئاخر چەند درۆیەكی ڕەنگاو ڕەنگە ژیان

چەند  شەیتانێكی گەورەیە شكان