
پێبکەنە ..
با کتێب ئەوەندە سەرقاڵی ،
شوراکانی سەراب و
ئاو ڕشێنی بزەکانی خەیاڵ و
گوشینی هێشووەکانی شەراب نەبێ !
پێبکەنە !
تا باخچە خوێنی لێ نەیەو ،
شووشەکانی ڕوخانی ژیان کۆکەینەوە
تاهەموو شینەکانی عیشق نەکەینەوە بە گۆرانی ،
سەفەر بێرەدا نەیە !
من دەمەوێ ،
شینبوونی خۆم لەتۆوە دەستپێبکەم
تۆ شاری گوڵەکانم ئاودەی
بەدیار بەرائەتـی ڕوبارێکەوە
سەرم پڕکەی لەسێبەر !
من دەمەوێ ،
بەدەستەکانی ئاو
هێشووەکانی زیندەگـی و
ڕەزی ئێوارەکانم بچنیت !
هەموو ڕۆژێک ،
بەنەعنای گۆرانیەکەوە لەفەجری خۆتم دەی !
کەمەرگیش هات ،
تەنیا گۆڕێکمان بەسەو
فانۆسێک بم ،
لەپاڵ سەری خۆتەوە کزم کەیت !!
محمدی مام ڕەسوڵ