ڕانان : سەلما تۆما کاکۆ

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

'بەردی سەبووری' ئەو ڕۆمانەیە، کە وەرگێڕی بەتوانا 'ڕێباز مستەفا' لە چاپی دووەمی فارسییەکەوە، کە(لەلایەن نووسەری گەورەی ئێرانی 'سادقی چوبەك'وە نووسراوە و لەساڵی ١٩٧٣ چاپکراوە)، وەریگێڕاوە بۆ زمانی کوردی و لەدوو توێی کتێبێکی (٢٠٨) لاپەڕەیی لەساڵی ٢٠١٨  لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپکراوە.

ئەم ڕۆمانە چەندین پرس و بابەتی جیا جیا لەخۆ دەگرێ کە نووسەر دەرئەنجامی کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە جەختی لەسەر کردوون ، وەك :

(چەوساندنەوەی ژن ، تێنەگەیشتن و دواکەوتوویی ئایینی ، توند ڕەوی مەزهەبی و دینی ،مێژووی ئێران و هاتنی ئیسلام و کاریگەرییەکەی ،پرسی خەلیقەت و خوا و شەیتان و ئادەم و حەوا ، مەسەلەی سێکس ،هەژاری و بێچارەیی)،،،،ئەمانەو زۆری تریش.

وەك  ژنێکی خوێنەر زیاتر  پرس و کێشەکانی ژن لەو ڕۆمانەدا سەرنجی ڕاکێشاوم بەجۆرێك :

لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە ،گرفت و کێشە و ناخۆشییەکانی ژن مچوڕکی ئازار بە لەشدا دێنن و بە تەواوی هەست بە (بەکردەوە)نەکردنی هەموو ئەو وتانە  دەکرێت، کە لەبارەی پیرۆزی ژنەوە وتراون، (بەتایبەتیش دایك)، کە دەوترێت بەهەشت لەژێر پێی دایکانە، ڕاستە لە زەمانێکدا لە عەرەبستان کچ زیندەبەچاڵ کراوە و بەهای حوشترێکی گەڕیشی نەبووە، بەڵام خۆ دەبوایە ئێستا ئەو چەوساندنەوە جۆراوجۆرانە بنەبڕ کرابان،کە مەترسین بۆ سەر ژیانی ژن.

٭بەشێکی زۆری ڕۆمانەکە گێڕانەوەی چیڕۆکی ژیانی کارەکتەرەکانە لە زاری خۆیانەوە، کە زۆربەیان کرێنشینی خانووێكن و (ئەحمەد ئاغا)ش یەکێكە لەوان و مامۆستایە و  دەیەوێت لەبارەی ژیانیانەوە شتێك بنووسێت، بەتایبەتیش لەبارەی ژیانی 'گەوهەر'، کە كارەكتەری سەرەكیی ڕۆمانەکەیە، وەلێ کە بیری لە بوومەلەرزەکەی شیراز دەکردەوە دەستی لەنووسین شل دەبوو، بەو بیانووەی نووسینەکان دەکەونە ژێر داروپەردووی خانووەکە، یان لە ئەنجامی هێرشەکانەوە لەناودەچن، وەك چۆن عەرەب و مەغۆل نووسینەکانی ساسانی و كتێبی 'کەلیلە و دەمنە'ی 'ڕودەکی' و کارەکانی 'بەیهەقی' و سەدان شتی دیكەشیان لەناوبرد و بەتایبەتیش عەرەب، کە هیچی بۆ نەهێشتوون.

لە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەدا ناڕازیبوونی کارەکتەرەکان لە ژیاندا دەردەکەوێت، کە دەڵێن : خۆ هەر زیندووبوون بەس نیە، سن و کیسەڵەش زیندوون، کاتێك مرۆڤ نەتوانێت بە کامی دڵی خۆی بژی بەچییەوە زیندووە ،لەو ڕۆمانە ئەوە بەدی دەکرێ کە:

 هەر کاتێك ژن نەتوانێت خۆی لە زوڵم و ستەم  و ناهەقییەکان بپارێزێت و بژێویی ژیانی بکەوێتە مەترسی و حەزەکانی کپ بکرێن، ئەگەری زۆرە تووشی لادان ببێت، بەتایبەتیش ئەگەر شەرع  دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێنێت و ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی وەك چۆن لە ڕێگای سیغەکردندا باوە.

سیغەش مێژووێکی کۆنی هەیە لە نێو ئایینی ئیسلامدا و ڕێگایێکی شەرعییە بۆ جۆرێك لە لەقاڵبدانی ژن و نیشاندانی وەك مۆدێلێکی حەڵاڵکراو بۆ لەشفرۆشی، لە ئیستادا زیاتر لەنێو مەزهەبی شیعەکاندا کاری پێدەکرێت، سیغە لە کاتژمێرێکەوە هەیە تا ڕۆژ ، هەفتە، مانگ، ساڵ... کڕیار دەچێتە لای ئاخوندێك سەیری وێنەی نێو ئەلبومەکان دەکات و ژنێك هەڵدەبژێرێت و دەکەونە مامەڵەکردن، دوای ڕازی بوون لە ڕێگەی عەقدێکەوە دەیشەرعێنن، ئەمەش جۆرێکە لە زەوتکردنی مافی ژن و بە کۆیلەکردنی لە پێناو پڕکردنەوەی حەزی پیاو، ئیدی گرنگ نییە ئەو پیاوە چۆنە، ژنی دیكەی هەیە، یان نا ،  گرنگ ڕێکكەوتنەکەیە.

 وەك چۆن لە ئاخاوتنی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەدا هاتووە:

ــ لەلاپەڕە (٢٤) دا گەوهەر دەڵێت:

 (کیژۆڵەیەکی دە دوازدە ساڵە بووم، بە بووکەڵە یاریم دەکرد، خوجەستەی دایکم جلشۆری ماڵی حاجی ئیسماعیلی بازرگانی گومرگ بوو، بۆیە ئاخرەکەی ڕۆژگاری من ڕەش بوو، ئەوەندە خۆم بینیەوە بوومەتە ژنی حاجی، کە سێ ژنی دیكەشی هەبوون و منداڵی لێ نەدەبوون،کوڕێکم لێی بوو ناوی نا کاکۆڵ زەری، هەر زوو تەڵاقی دام، بەو تۆمەتەی، کە منداڵەكەم زۆڵە). لەو کاتە بەدواوە گەوهەر بۆتە سیغەکار.

چەوساندنەوەی ژن، مێژووێکی دوور و درێژی هەیە، هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی ئایین، تا دەگاتە شارستانێتیی ئەوروپا، هەمیشە ژن قوربانیی دەستی کەلتووری پیاوسالاری بووە، وەك کاڵایەك مامەڵە بە جەستەیەوە کراوە، لەو سەردەمیشدا بەهۆی نەبوونی وشیاری و ئیرادەیەکی بەهێز هەمیشە بێدەنگی هەڵبژاردووە، نەیتوانیوە پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات، هەر بە منداڵی دراوە بە شوو، یان فرۆشراوە بە بێ ویستی خۆی، زۆرجاریش بە بیانووی جیاواز ژن تاوانبار کراوە بەوەی خیانەتکارە، یان منداڵی زۆڵی خستۆتەوە، ئەم جۆرە سیناریۆیانە تا ئێستاش بەردەوامییان هەر هەیە و ستەمێکی گەورەیە لە ژن دەکرێت، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی کەلتووری پیاوسالاری و پاڵپشتیکردنی ئایین بەوەی، کە هەمیشە پارێزگاری لە پیاو دەکات، وایکردووە ژن بە تەنها بێت و نەتوانێت ئازاد بێت.

-جیهان سوڵتان لەلاپەڕە(١٠٤)دا دەڵێت:

 (لە مەرقەدی شاهچراغ دێهاتیێکی شڕوشەپڕێو لە هەشتاویدا دەستی بەر لووتی کاکۆڵ زەری کەوت، خوێن لە هەر دوو کونەلووتی فیچقەی کرد، وتیان ئەم منداڵە زۆڵە و ئیمام هێزی خۆی پیشان دا، ویستیان دایکی بەردباران بکەن، ئەوەندە بەس بوو بۆ ئەوەی حاجی، گەوهەر تەڵاق بدات و خۆی و کوڕەکەی بێلانە و ماڵ بمێننەوە و گەوهەر ببێت بە سیغەکار) .

ـ بەلقیس لە لاپەڕە (٩)دا دەڵێت:

(بەمنداڵی دایکم مرد و تووشی خوریکە 

بووم، لە بندەستی زڕدایکەکەم هەر لێدان و تێهەڵدان، وەکو کەر کوڵفەتیم کرد، تا کەوتمە داوی (بمونعەلی)ی قورمساغ، کە هیچی لە پیاو ناچێت و دوای دووساڵ هاوسەرگیری هێشتا هەر کچم). 

بێگومان بەشوودانی کچێکی بێ دایك لەو تەمەنە کەمەدا بەرهەمی عەقڵیەتی عەرەبە و لە ڕوانگەی ئایینەوە ئەم کارە دەکرێ بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ کامڵبوونی کچ، چ لەڕووی جەستەییەوە، چ لەڕووی دەروونییەوە، کە ئامادەیی نییە بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری، ئەمە جگە لەوەی زۆر جار دەیدەن بە پیاوێك، کە ناتوانێت ئارەزووەکانی تێر بکات، بێ ڕەچاوکردنی کاریگەریی حەزەکانی لەو تەمەنەدا، کە کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسان نییە، هەر بۆیەش زۆر جار تووشی لادان دەبێت و دەبێتە قوربانی، وەك چۆن بەلقیس بۆ ئەم  مەبەستە بە ناچاری پەنا دەباتە بەر ئەحمەد ئاغا و دوو جار دەبێتە قوربانی، لە لایەك قوربانیی نەبوونی دایك و بوونی باوەژن و بەشوودانی بە منداڵی، لە لایەکی دیكەشەوە قوربانیی هاوسەرێکی بێهەست و کەمتەرخەم لە تێرکردنی حەزە جنسییەکانی وەك هەر ژنێکی دی.   

جێگەی داخە ئەم کارە دوور لە مرۆڤایەتییە هێشتا هەر بوونی هەیە لە کۆمەڵگاکەی ئێمەدا.

ـــ  خاتوو نەمەکی لە لا (١٣١)دا دەڵێ: 

(مێردەکەم زۆر بەدفەڕ و دڵپیس بوو، خەرجیشی نەدەدامێ و ژنێکی دیکەشی هەبوو هەر لای ئەو بوو، بەردەوام لێی دەدام و دەیگوت دۆستت هەیە).

 ــ لەهەمووی بەئازارتر لێکچواندنی ژنە لەو ڕۆمانەدا، بەتایبەتیش گەوهەر بە مەسینەی ئاودەستەکان، وەك 

چۆن ئەحمەد ئاغا لە لاپەڕە(٣)دا نووسیویەتی:

(ئەو گەوهەرە وەك مەسینەی ئاودەستەکانی مزگەوتی نوێ وایە، هەر کەسێك ویستی هەڵیبگرێت و ئاوی تێبکات و بیباتە ئاودەستەکە، کە کارەکەی تەواوبوو لە گۆشەیەکی ئاودەستەکە فڕێی بدات.

 خۆزگە سیغەکار نەدەبوو، جامێکی بلوورین بوو، بوو بە کاسەی گڵین).

شوبهاندنی ئافرەت بەمەسینە، نیشانەی ئەو کەلتوورە ناشیرین و دواکەوتووەیە، کە لە عەقڵیەتی هەندێك پیاودا خۆی حەشارداوە، کە خۆی بە خاوەنی هەموو  دەسەڵاتێك دەزانێت، چ لەم دونیایە و چ لە دونیاکەی دیكەدا، ئایینیش وەکو ئایدیایەکی بەهێز پشتگیری دەکات، ئەمەش مەترسیێکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی ژن، بۆیە پێویستە ژنان لە ئاست ئەم جۆرە بیرکردنەوانەدا بێدەنگ نەبن و  پیاوەکانیش لەوە تێبگەن، کە ژنیش مرۆڤێکە وەك ئەوان خوڵقاوە.

هەرچەندە ئەم جۆرە تێڕوانینە تا ڕادەیەك ڕووی لە کزی کردووە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕادەی وشیاری هەر دوو ڕەگەزەوە، بەڵام تا ئەم چرکەساتەش ئەم بیر کردنەوەیە لە عەقڵیەتی هەندێك پیاوی ناو کۆمەڵگادا بوونی هەر هەیە.

ـــ سەیفولقەلەم لە لا (١٣٤)دا دەڵێت:

(من هەموو شەوێ بە نییەتی کوشتن لە ماهزەری ژنم دەدەم، بەڵام دەترسم گەر بیکوژم، کەسوکارەکەی بزانن خەبەرم لێ بدەن).

ــ کاکۆڵ زەری لە لا (١١٩)دا بەدایکی دەڵێت:

(بۆچی هەموو منداڵەکان باوکیان هەیە، من نیمە؟ بڕۆ باوکێکم بۆ بکڕە بمێنێتەوە لامان، نەك وەك ئەوانەی هەردێن و دەڕۆنەوە)..  مەبەستی ئەوانەی دایکی سیغە دەكەن.

یا  لەلاپەڕە (١٠٧)دا دەڵێت :

(من کە دایکم لا نەبێ ئەوەندە تاریك دادێت، تاریك لە شەویش تاریکتر!).

 ئەمانە و زۆری دیكەش لە ڕۆمانەکە ئاماژەن بۆ چەوسانەوەی ژن لەژێر چەپۆکی پیاو و ئایین، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵانیشدا دەبێت.

-ناونانی ئەم ڕۆمانە بە (بەردی سەبووری):

ئەگەرێکی زۆر هەیە ئازاری کارەکتەرەکان بەتایبەتیش گەوهەر، پەیوەندی بە پێناسەی 'بەردی سەبووری'یەوە هەبێت، بۆیە نووسەر زۆر ئەو ناوەی بە گونجاو زانیوە، چونکە  گوایا:

'بەردی سەبووری' بەردێكی ئەفسانەییە، كاتێك كەسێك زۆر خەمبار و دڵ بە ئازارە و كەسێكی نییە بە هانایەوە بێت و گوێ لە خەم و ژانەكانی بگرێت، دەچێتە لای ئەو بەردە و دەردەدڵی خۆی لەگەڵدا دەكات و خەمەكانی خۆی بۆ هەڵدەڕێژێت، هەرچەندە، كە بەرد نیشانەی بەرگەگرتن و خۆڕاگرییە، كەچی ناتوانێت بەرگەی ئەو ئازارە بگرێت و شەق دەبات، لەگەڵ شەقبوونی بەردەكە كەسە خەمبارەکەش ئارام دەگرێت و دڵی ئاسوودە دەبێت و سەبووری دێتەوە.

وەك خوێنەرێك ئەوەی تێبینیم کرد لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا:

١- کوشتن و چەوساندنەوەی ژن، تازە نییە و مێژووێکی کۆنی هەیە.

٢- نەبوونی وشیاری لای ژن، ئاسانکارییە بۆ  ژێردەستەیی و بە کۆیلەبوونی.

٣- نەبوونی ئابووریی سەربەخۆ زۆر جار  ژن ناچار دەکات، هەموو ستەمێك لە پێناو مانەوەیدا قبوڵ بكات .

٤- بەدیکردنی فۆڕمێکی کۆنی ئایینی بۆ  لەشفرۆشی و بچوكکردنەوەی پێگەی ژن.

٥-  زۆربەی ژنان لەناو خۆیاندا حەز لە سەرکەوتنی یەکدی ناکەن و لە دژایەتیکردنی یەکدی درێغی ناکەن.

٦- شوێنە  هەژارنشینەکان بەراورد بە شوێنەکانی دیكە زووتر دەکەونە بەر جەور و ستەم.

٧- گرنگینەدان بە هەست و سۆز و لایەنی جنسیی ئافرەت زۆر جار بیانووێکی بەهێزە بۆ هەڵەکردن و لادانی لە بنەما      ئەخلاقییەکان. 

زمانی وەرگێڕ و سەرنجێکی کورت:

ئەوەی لەم ڕۆمانەدا بەدیمکرد لە ڕووی زمانەوە خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە:

١ـ وەرگێڕ لە وەرگێڕانەکەیدا ویستوویەتی لە خزمەتی زمانی ناوچەکەی خۆیدا بێت بۆ ئەم مەبەستەش زۆرترین هەوڵی داوە بۆ زیندووکردنەوەی زۆربەی ئەو وشە کوردییە ڕەسەنانەی، کە ئەگەری فەوتان و لەناوچوونیان هەیە، لەبەر زاڵبوونی زمانی ستاندەردی کتێب و ڕاگەیاندنەکان، بۆیە بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەر  لە پەراوێزدا ئاماژەی بە ماناکەیان کردووە.

٢ــ  وەرگێڕ زۆر لە وشە و دەستەواژە و  ناوەکان دەقاودەق وەك خۆیانی نووسیوەتەوە بێ وەرگێڕان،کە هۆکاری هەندێکیان بۆ نەشێواندنی ماناکە دەگەڕێنێتەوە هەندێکی دیكەش گوایا  لە قورئان وەرگیراون و وتەی ئەو مەلایانەن کە بە عەرەبی فەتوای سیغەکەیان دەدا، نووسەریش هەر بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی و وەرگێڕانیان بە پەسند نەزانراوە.

بۆیەش لەوانەیە وەرگێڕانەکە لە ڕەخنەی نەرێنی بەدوور نەبێت.

٭ بەشێکی دیكەی ڕۆمانەکە لە کۆتاییدا سێ بەندی ئافراندنە، کە گفتوگۆیەکی چڕوپڕی نێوان ئەهریمەن و زەروان و مەشیا و مەشیانە و درەختی زانینە (ئەهریمەن پەریێکی زۆر جوانە) و زەروان (دێوێکی کەتەی ترسناکە)و

(مەشیانە، ژنێکی جوان و باڵابەرز و مەکربازە) و لە ڕەگی ئەهریمەن دروست بووە، (مەشیا ) زەروان ئەفراندوویەتی، 

(مەشیا لە ئاوێستادا بەناوی ئادەم هاتووە مەشیانەش حەوا ).

هەرچەندە ئەم ڕۆمانە نیمچە تێکەڵیێك لە ناوەڕۆکەکەیدا هەیە و بۆ تێگەیشتن لێی پێویستی بە خوێندەوەی وردە، بەڵام ئازارەکانی ژن بە هەموو جۆرەکانیەوە بە زەقی تێیدا ڕەنگیداوەتەوە و کوشتنی ژنان تیایدا بەشێك بووە له چارەسەر کە ئێستاش هەر بەردەوامەو بەبیانووی جیا جیا زوو زوو هەواڵی کوشتنی ژنان لە سۆشیال میدیاوە بڵاودەکرێتەوە.

دەستی وەرگێڕ خۆش بێت و هەمیشە سەرکەوتووبێت، کە بە وەرگێڕانەکانی ئاشنای زۆر لە کێشەکانی گەلانی دیكەشمان دەکات.