ئاگات لێم بێ   

کەلەپەنجەرە شکاوەکەوە چاوەکانم دادەخەم  !

دڵی ژنێک بە شاهیدە ، 

کەم شەقامی شار هەیە نەیهێنمەوە ماڵ 

شەوان بۆ شیعریان ڕانەخەم  ! 

خۆمن ئەوەندە پیر نیم ،

ماڵی شەراب پێ نەزانمەوە ! 

لای لاپەڕە غەدرەکانی ڕەنووی تەمەن 

خۆم دەستی باران و بەهار دەگرم 

لەدوکانەکەی بازاڕی هەور 

کراسێک لەسەحەرو 

کۆڵوانەیەک لە نەسیم و 

قەڵەمێک بۆ ڕەشکردنی برژانگەکانی دوێنێ و 

پشتێنێک لە ئازارەکانی خۆمیان بۆ دەکڕم !! 

 

 

( شەو ) هەیە لەوشارە پێی دەزانم 

کەم شاعیر هەیە ئەوشەوە لە نالــی نەچــێ و 

لەدرزەکانی کەوتنی یەکەم کتێبا 

دڵی لێ نەکەوتبــێ  !! 

کەم نوسەر هەیە لەو شەوە 

لەڕوخانی ستایشا ،

پارچەکانی خۆی نەناردبێتە سوڕی مردن 

قەڵەمەکەی لە ڕژانی عەترا 

بەردێکی بەر نەکەوتبــێ  !! 

 

 

من چەند بێ ئاگا 

خۆم بە جۆگەی نۆتەکانی زەریادا دەدەم 

جاران بیرمە ،

کتێبەکانی خوێندنم بەلاستیکێک دەبەستنەوە 

تا پیتەکانیان بەدەم چلەی گۆرانیەکی کۆن 

نەڕژێنە دەم ڕەشەباوە ! 

ئێستا هەمان  لاستیکم بەستووە بەدڵمەوە 

تا تۆو چەپکێک هەتاوی لێ نەکەوێ ! 

زۆرجار خۆم دەخەڵەتێنم ،

بەشوشتنەوەی ڕۆخـــی زەمــەن 

کەچی لەشاردنەوەی خۆم و لەسۆراغی بیرەوەریم 

تۆ لەو دیوو ڕژانی ڕەنگم 

تازە بەتازە لە ئەیلولــــی مـنــا 

دەکەویتە پەرداخێک مۆسیقاوە  !! 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا