قوبادی جەلیزادە

1

شەو خۆت لەبەفر گرت

سپی سپی دەچوویتەوە.

لێ؛

گۆی مەمەکانت دوو دەنکە گێلاسی پەمەیی بوون،

دوور بەدوور دەبریقانەوە.

2

شەو،

ڕووت بوویتەوەو  پاڵکەوتی

بووی بە جۆگەلەیەک شیری مەڕ.

بەیانی پیاڵە دوای پاڵە

لەو شیرە شیرینەمان  خواردەوە.

کە تژی بوو لە  وورشەی

گیای ،

دەشتی کۆیە.

3

بەڕووتی چوویتە بەرباران

لەبەر پێتدا ڕووبارێکی پەمەیی خوڕەی هات و

بە بەردەمی هەموو ماڵێکی شاردا،  تێپەڕی.

لێوارێکی پەپوولەی شینی لێ سەوز بوو

لێوارێک گوڵی مۆر.

4

لە چیلکەو پووش، ئاگرێکت کردەوە

هەموو جلکەکانت هەڵدایە ناو بڵێسەکەی.

خۆڵەمێشی جلکەکانت؛

بۆنی بەهەشتیان لێدەهات

5

لە ڕۆخی بەنداوە قشتیلەکەی حەمامۆک"،

وێنەیەکمان گرت.

تۆ پەیکەرێک بووی لە ئاوی باران

من پەیکەرێک لە پەلکەزێڕینە.