
ستار ئەحمەد
ـــــــــــــ ٤ ــــــــــــــ
پارچەیەكی دیكەی لەشم
دەیەوێت ناخم بگۆڕێ
لەرووكەشم جیابووەتەوە
جارێك رەنگی سەوز دایدەگرێ و
جارێكی تر ..
زەردو ناسك دەبێتەوە
بەدروشمی هەر دەیگۆڕین
سلێمانی كردە پاچە
كەركوكی لەخۆی زویر كرد
هەولێر زۆر لێیان بێزارە
دهۆك لەنەخشەیانا مرد
چییان گۆڕی
هەڵگوردیان بردە قەندیل و
زاگرۆسیان هێنا بۆ گەرمیان ...؟
هەڵەبجەیان دا بە بەغداو
تكریتیان خستە سەر دهۆك ..؟
هەر سەوزن و
تەنها كەمێك كاڵبوونەوە
شكۆو رێزی پێشینەیان
لەدەست دەرچوو
دڵێكم بوو كردیان بەدوو
من لەنێوان دوو بەرداشا
دەمیان هاڕی
باری گرانی ئەوانیش
هاتە سەر برینی شانم
جاران تەنها كوردستان بوو
ئێستا خاوەنی
سەد خاك و
چەندین پاشاو نیشتمانم
لەم كەركوكە
شەوان گرمەی
تۆپ و گوللە و نارنجۆكە
داعش دێت و داعش دەڕوا
كەرتێكی تری دەروونم
بەتوندی جەستەم دادەگرێ
بەڕدێنی جەنجاڵەوە
بەدەرپێی كورت و
شان بەخوێنی بەرماڵەوە
باسی ئبمامی ئەحمەدو
بوخاری لنگەو قووچ دەكەن
بوونەتە دەمچەرمووی
شارەكەم و
كوردی رەسەن
سڵاو بەزاری دایكمان قەدەغەیە
ناولێنانی تازە مناڵ
بەكوردی هەر زۆر مەحاڵە
بەگژ دارو بەردا دەچن
بەباڵای تورك و عەرەبا
وێرد دەخوێنن
پەروەردەی دەستی ئوسامەو
مەلا شەستیری خۆمانن
خۆیان نەبێت
هەموو دونیا
بەكافرو جوو دەزانن
وەرە لەنێو
ئەم گێژاوی خوێن ڕشتنە
لەنێو ئەم بازاڕی مەرگ و
خاك و میللەت فرۆشتنە
بەرگەی بەزمی
بالۆرەی ڕدێن
پەچەو ژن هێنان و
سێكس بگرە
سات لەدوای سات
رۆڵەیەكی ترمان دەڕوات
قارەمانێك شەهید دەبێت
ژن و
نەوەی بەجێماویان
بێ مووچەو
خانوو
قووتی رۆژ
جەستەی سەربڕاوی
براو
مێردو كەسیان
دەخرێنە كۆش
بەم شەوگارەش
هەر درۆیە
بەسەر شاشەی تیڤی و
كەناڵەكانا دەبارێ
خەمی گەورەیان گیرفانەو
دەترسن
مووچەو
حیمایەو
ماشینەكانیان لەدەست بچێ
جارو باریش
سروودێكمان بەگوێ دەدەن
كەس نەڵێت كورد مردووە
زیندووە قەت نامرێ