
ـــــــــــــ ٨ ــــــــــــــــ
سەری ساڵە
دڵم دەڵێت
بمكە ئاڵا
مێشكم خاكێك داگیرساوە
جەرگم خوناو هەڵدەڕێژێ
بۆ ژانی چیاو
ئەو لوتكانەی
كوردستانیان لەكۆڵ ناوە
سەراپای جیهان بگەڕێی
ئاهەنگی شادی دەگێڕن
گەلەكەی من
چاوەڕوانی
مشتێك برنجی ئابوونەو
مووچەی مانگانەو
جلوبەرگی
ئافرەت و ماڵ و مناڵە
شەوانمان لەجیاتی سەماو
گوڵبارین و
گۆرانی و شنەی پێكەنین
وێردی گیانەڵای مردنە
چاوەڕوانیی
هەواڵی هاتنی چەتەو
داگیركەرانی دوژمنە
هەموو پارچەكانی لەشم
لەنێو بەفرو
تەقەی گوللەو
زرمەی تۆپا
رۆژەكانی مانگ دەژمێرن
ساتەكانمان لەیەك دەچن
چوون تارمایی دیدەی كوێرن
ئاسمانی تەممان بروسكەو
چەتری سەرمان گەواڵەیە
تینی هیوامان زریوەی
توێشووی سەرشانی پێشمەرگەو
هەواڵنامەی ئەم ساڵەیە
رۆژەكان بوونە سوتماك و
یادگارەكان
ئەفسانەی كاروانی مێژوو
ساتەكان عومریان راكێشا
نەبەردییەكان سڕانەوە
دەروازەكان
لەڕووی تەفرەو
داوی مەینەت كرانەوە
رۆشبیری
شارەكانی لەیاد كردو
قەڵەم بەگوللەی تاریكی
خرایە گەرووی زامەوە
كۆڵان گەڕەكی داپاچی
ماڵ پشتی لەگوند کردو
شار نیشتمانی جێهێڵا
نوسینەكان
بوونە ناسنامەی هەواڵ و
سەربردەكان
باسی جەنگ و
كوشتاری بەرەی ئەبرەهەو
بازووی خوێن و
مەدالیای سوارچالاكی
سیاسەتمەدارەكان و
سەركردەو
كورسی رەنگین بوو
پلەو پایە
بوونە مەدالیاو
گەردانەی
زێڕی نەوبووكی سەروەری
بەر نەدارو
شەهیدەكانی خاك نەكەوت
ئەوەی قوربانی
میللەت و
بستە خاكی
نیشتمان بوو
ناوی لەفەرهەنگی نەمری و
بەرخودانی جەنگەكانا رەش كرایەوە
كوردستان بووە كابینەی
دزو جەلاد
ئیتر خەونێك
لەبیرو هۆشمانا نەما
بتوانین هەنگاوێك بنێین
بۆ ئازادی و بوونە وڵات
ستار ئەحمەد