
٧
بەشی حەوتەم دوای كۆتایی
دوای ڕووخاندن و ڕاگواستنی قەڵادزێ، دوای كەوتنی بەعس لە كوردستان، دوای ڕاپەڕین و هەڵاتن و هاتنەوەمان، بۆ بەرنامەیەكی ئەدەبی ڕێم كەوتەوە شار. زۆر گەڕاین، ناو بازاڕ و چاخانەوە و نانەواخانە، قسەی زۆرمان كرد، كە چووینە سەرقەبرانی قەڵادزێ، هێشتا دارەكان بە باڵای بەرزی خۆیانەوە بەپێوە بوون، هێشتا شنەبا یاریی بە قژیان دەكرد، هێشتا دەنگی پلووسكە ئاوەكەی دەهات، هێشتا گۆڕەكان شەهامەتیان لێ دەباری، بۆیە بەوپەڕی شانازییە و ڕووم لە كامێرایەكە كرد و گوتم:
- زیندووترین شوێنی قەڵادزێ گۆڕاستانەكەیەتی.
من هیچ بەرنامەیەكم نەبوو ئەو قسەیە بكەم، ئەوە گۆڕەكان بوون وایان گوت، (با) بوو دەنگی هەڵبڕی و درەخت بوو چرپاندی.
- منداڵیم هاتەوە بیر، هەر كەسێك كۆچی دوایی دەكرد، بەسەر شانان، بە ناوەندی بازڕادا دەیانهێنایە خوارێ، ڕیزێك دەفژەن لەپێشییەوە دەفیان دەژەنی، هەركەسە و بەئەسپایی دووكانەكەی جێ دەهێشت و دوای جەنازەكە دەكەوت.
- نەمدزانی مانای مردن چییە، هەر دەمدی دارەمەیتێك بەسەر شانی خەڵكەوەیە و جاجمێكی سووری پێدا دراوە.
- خولیام بوو یەكێك بناسم و بمرێ، بۆ ئەوەی لە مانای مردن تێبگەم.
ڕۆژێك لەناو منداڵان گوتیان:
- ئەوەی دەشمرێ بۆ خۆیشی نازانێ كە مردووە، ئەویش لەگەڵ خەڵكەكە و مەیتەكەی خۆی دەڕوات و لە خەڵكی دەپرسێ ئەوە كێیە مردووە؟ بەڵام كەس وەڵامی ناداتەوە، تا نەیبەنە سەر قەبران و نەیخەنە گۆڕەوە و بەردەكانی نەخەنە سەر، لە كۆتاییدا ئەو لە گۆڕەكەدا ڕاكشاوە، كە خەڵكەكە دەڵێن با بڕۆین، ئەویش وەك خەڵكەكە دەیەوێ هەستێ و بڕوات، كە تین دەداتە خۆی هەستێ، دەڵێ یائەڵا، نێوچاوانی بەر بەردی ئەلحەد دەكەوێت، ناتوانێ هەستێ و دەكەوێتەوە و دەڵێ:
- خۆ ئەوە منم مردووم.
ڕۆژێك دوای كۆمەڵە خەڵكێك كەوتم، كە مەیتێكیان لەسەر شانان بوو، بە مەیدانی مەنگووڕاندا شۆڕ دەبوونەوە بەرەو سەرقەبران، منیش بچووك و ڕیوەڵە، لەنێوان لاقی پیاوان دەڕۆم و بۆ دارەمەیتەكە دەڕوانم، پانتۆڵی پیاوەكانم ڕادەكێشا و دەمپرسی:
- ئەوە كێیە مردووە؟
دیسان شاقەلی كەسێكی دیكەم ڕادەتەكاند و دەمپرسی:
- ناوی ئەو مردووە چییە؟
نەك كەس وەڵامی نەدامەوە، بەڵكوو كەس هەر نەیدیتم. خێرا لە قەرەباڵغییەكە، لەبن دەستوپێی پیاوان هاتمە دەرێ و هەڵاتم بۆ ماڵێ، زۆر دەترسام و لەبەر خۆشمەوە دەمگوت:
- ئەو مردووە من نەبم؟ ئەو بێڕەحمانە دەمبەن بۆ گۆڕستان. با زوو هەڵێم و لەو ناوە دوور كەومەوە.
مردن تاكە شتە تاقی ناكرێتەوە. شكۆ و سام و نهێنییەك لە مردندا هەیە، كەس ناتوانێ دركی پێبكات، كە ئەزموونی نەكردبێ، كە ئەزموونیشی كرد ناتوانێ بیگێڕێتەوە.
ئاوەدانیی گۆڕستان و وێرانیی قەڵادزێ
قەڵادزێیی بەخۆوە ژییوون، هەر وەك بۆ خۆیان دەڵێن. خانووی جوان و ژیانی خۆش بۆ خۆیان پێكدێنن، نەوسنیشن. كوتێكێك لە بەغداوە هات و ماڵ بە ماڵ و خانوو بە خانووی تێكدا. سوپای عێراق، كە لەوەتەی هەیە كوردستان وێران دەكات، لەوەتەی هەیە، زیاتر لە سەد ساڵە تەنیا خۆی لە وێرانكردنی شار و گوندی كورد تاقی كردووەتەوە، ئەوەندەی كوردی كوشتووە تەیر و بۆقی نەكوشتووە. ئەركی وێرانكردن و ڕاگواستنی قەڵادزێ بەو سوپا ئازا و ئازدیخوازە سپێردرا، كە ناوی سوپای عێراقە!
لە گوندی (سوڵتانەدێ)، كە تەنیا چەند كیلۆمەترێك لە قەڵادزێ دوورە، دەواجیینەكەی ئێمەیان كردە مۆڵگەی خۆیان، دەیان مۆڵگەی دیكەش. دەواجین، كە بابم و مامم بە هەزار حاڵ و بە كولەمەرگی دروستیان كردبوو، بووە بنكەی سوپا. خەڵكێكیش حەسوودیی پێ دەبردین، پێیانوابوو دەشێ سوپا دەواجینەكەی ئێمە نەتەقێنێتەوە و لە كۆتاییدا وەك خۆی بەجێ بهێڵێ. سوپا هەموو شوێنێكی تەقاندەوە، دوا شوێن مۆڵگەی خۆیان، كە دەواجینەكەی ئێمە بوو. دواتر كە بەعسیش شكا و چووشینەوە، ئاغاكانی دۆستی بابم زەویی دەواجینەكەیان داگیر كرد، (وەك میراتگری بەعس بن) گوتیان مەگەر بە مردن چۆڵی كەین، ئێ خۆ ئێمەش ژیانمان بۆ دۆستەكانمان دەوێت نەك مەرگ.
ئەنجام:
- بەعس ژیانی لە قەڵادزێ و دەوروپشتی ستاندەوە، كەچی نەیتوانی زیندووەتیی گۆڕستانەكەی لەناوبەرێ.
- حزبە كوردییەكان و ڕێكخستنەكانیان ڕۆڵیان هەبوو لە وێرانكردن و ڕاگواستنی شارەكە، سەرەڕای ئەوەی بۆ دروستكردنەوەی هاوكار نەبوون، كێشەی زۆریشیان بۆ خەڵكەكەی دروست دەكرد. بە ڕادەیەك، بەعس توانیی ماڵ و شەقام و زێراب و مزگەوت و قوتابخانەكانی قەڵادزێ بڕووخێنێ، بەڵام حزبە دڵسۆزەكانی بە یەكجار خەون و ڕووحییەتی قەڵادزێییبوونیان لەناو برد. بە دروستكردنی (قەڵادزییەكی دیكە، كە تەنیا گوندێكی گەورەیە) بۆ هەمیشە ئاوەدانكردنەوەی قەڵادزییان كۆتایی پێ هێنا.
نە بەعس و نە كەس نەیتوانی ژیان لە گۆڕستانەكەی بستێنێتەوە. دەشێ وتاری داهاتوومان ناوی ژیان لە قەبرستاندا بێت.
03/06/2023