
ئا/ بڕیار عەبدولڕەحمان
ساڵیادی کۆچیدوایی ڕابەری هونەر مامۆستا (زرار محەمەد مستەفا)، بە بەخشینی کتێب و گۆڤار، بەرز ڕاگیرا.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٣/١٢/٦ کۆمەڵەی هاوڕێیانی کتێب، (٢٣٠) کتێب و گۆڤاری هەمەجۆری پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی سۆران کرد. لە ڕواندزیش، کتێبخانەی گشتی ڕواندز و کۆمەڵێک لە خوێنەران و گەنجان، کتێبیان بەدیاری پێدرا، بە مەبەستی خوێندنەوە و هاندانی زیاتر و خوشەویست کردنی کتێب لە لایان.
ڕەفتار حەسەن بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی ئیدارەی سۆران ئەو هەنگاوەی کۆمەڵەی هاوڕێیانی کتێبی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا مامۆستا زرار پێشەنگ و ڕابەری هونەر بوو، خزمەتێکی بەرچاوی پێشکەش کرد. ئێمەش بە هەموو توانامانەوە هەماهەنگ ئەبین لە هەر کارێک کە خزمەت بە پلان و کارە تەواو نەکراوەکانی کۆچکردوو بکات.
مامۆستا زرار محەمەد، سەرۆکی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە بوو، لە ٢٠٠٩/١١/١١، (ڕێکخراوی هاوڕێیانی کتێب)یان دامەزراند، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو، لە بواری ڕۆشنبیری و کردنەوەی کتێبخانە و کتێبخانەی گەڕۆک و چەندان چاڵاکی جۆراوجۆر.

