
خدر ئیبراهیم خدر
( عومەر یوسفی ) جگە لەوە باکگراوەندێکی سیاسی هەیە، بەوپێیەی لە چەند ویستگەیەکی تەمەنی فیزیکی خۆیدا لەناو چەند پارت و ڕێکخراوێکدا کاری کردووە و، وەک پێشمەرگەیەکیش چەکی کردۆتە شان. لەهەمانکاتدا بەهۆی ئەوەی لەچەند بەهرەیەکی تریشدا بەرخودارە، بۆیە لەڕووی هونەری خۆشنووسی و، نووسین و وەرگێرانیشەوە، پاشخانێکی زۆری هەیە و،وەک دەڵین ئەسپی خۆی تاوداوە. لەو میانەدا چەند کارێکی جوانی هەن کە دەکرێت لێرەدا زیاتر ئاماژە بە کتێبەکانی ( هەرزاڵ ) و ( هەوری سەرگەردان ) و ( شەبەیخوون ) و ( سەردانی سیاسەتمەدار ) بکەین.
تایبەتمەندییکەی تری ( یوسفی ) بریتییە لە نووسینی تەنزئامێز لە بۆتەی چیرۆک و بەسەرهاتدا کە لەو ڕووەوە ئەزموونی تایبەت بە خۆی هەیە و، ژمارەیەک زۆر چیرۆک و بەسەرهاتی لە قاڵبی تەنزی ئەدەبیدا داڕشتوون و بڵاوکردوونەتەوە. ئەو چیرۆک و بەسەرهتانەش تێکەڵەین لە هەلێنجروی ژیانی تاکەکەسی خۆیی و، ژیانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە کە چاوەکانی وی وەک، کامێرایەک تۆماری کردوون و، پاشانیش لەڕێی وشە و نووسینەوە تەوزیفی ئەو ژانرەی لە ئەدەبیاتدا کردوون.
*
ئەوەی من مەبەستمە لەم وتارەدا هەندێک قسەی لەبارەوە بکەم بریتییە لە ڕۆمانی ( شەبەیخوون ) کە لە وەک ناونیشان تایبەتکراوە بە جگەرگۆشەکەیی و، لەیەککاتدا تاسە و حەسرەت و ئومێد و خەم و پێکەنین ئەوی هانداوە کتێبیكی چەندین هەزار وشەیی لە فۆرمی ڕۆماندا بچنێت. شان بەشانی ئەوەش، بە سوود وەرگرتن یادگە و نەستی خۆی،، کۆی ئەو ڕووداو و پێشهاتە گرنگانە لەبۆتەی نووسیندا دابڕێژێت کە بەشێکی زۆر لە ڕەورەوەی ژیانی وی پیایادا تێپەڕیوە و، بەپشوودرێژییەوە، هاوکاتیش لە موودەتێکی زەمەنی درێژدا ( کە دڵنیام هەر ساتێکی بۆ ئوی تەژی بووە لە کۆچکردن بەرەو قووڵایی نۆستالژیا )، پیت بە پیت و وشە بە وشە و دێڕ بەدێڕی خستۆتە سەر کاعەز.
*
ئەگەر کۆی ڕۆمان وەک بەرهەمی دونیای نوێ لەوەدا چڕبکەینەوە کە بریتییە لە دەقێکی پەخشانئامێزی درێژ لە وشە و دەربڕیندا، ئەوا ئەو بەرهەمەی ( یوسفی ) وەک قەبارە و چەندایەتی وشە و دەربڕین لەگەڵ ئەو پێناسەیەدا هاوتادێتەوە. بەڵام چەند توانیویەتی بایەخ بە ڕەگەزە سەرەکییەکانی نووسینی ڕۆمان بدات، لەنموونەی یەکێتی بابەت و گرێ و کەسایەتی و دیالۆگ و گێرانەوە، ئەوەیان قسەیەکی ترە.
ئەوەی ( یوسفی ) لە ڕۆمانی ( شەبەیخوون ) دا وەک دەقێکی درێژ و، ( تاڕادەیەکیش تاقەتپڕوکێن ) دایڕشتۆووە، وەک شێوازی وتن و گێرانەوە و بەکاربردنی نۆستالژیا بەهەردوو دیوی ( ئەبستراکت و دەستکاریکراوەوە ) دەچێتە خانەی ڕۆمانی ( خەیاڵی واقیعی ). بەڵام ئەوەندە هەیە وەک وەستایەکی کارامەی بواری وشەسازی، هەوڵیداوە بەجۆرێک ئەو بەشانەی نۆستالیا ڕتووش بکات کە تێکەڵەکن لە خەیاڵ و واقیع و، خوێنەر ناچار بکات وەک واقیعێکی بەرجەستە و حاشالێنەکراو قبوڵی بکات. هاوکات ڕووداو و پێشهاتە خودییەکانی خۆیشی کە لە کۆ نەستیدا هەڵیگرتوون و، لەچوارچێوەی ئەو ڕۆمانەدا تۆماریکردوون، بەشێوەیەکی هونەری جوان بە وشە وێنابکات و،. خوێنەر بەرەو دڵارامی ببات. جیا لەماش، کەسانێکی تریشی هێناوەتە ناو دەقەکەیەوە کە ویستگە جیاجیاکانی تەمەنی فیزیکی خۆیدا، بە جیاوازی زەمەن و شوێنەوە بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی لەگەڵیاندا هەبووە و، هەریەكأیکیان بە نۆرەی خۆی ئەزموونێکی تاڵ یاخود شیرینی پێبەخشیوە. بەڵام تاڵەکان زۆرتربوون لە شیرینەکان...
هەڵبەت خودی خۆیشی بەسروووست کەسێکی یاخیبووە لەژیاندا ( یاخی بە مانا پەسەند و خوازراوەکەی ) کە لە زۆر ئاراستەوە وەک بژاردەیەک پەیڕەوی لێکردووە. ئەمەش بەنۆبەی خۆی گرفتگەلێکی وای بۆ هێناوەتەپێش جیاوازبێت لە گرفتگەلێکی زۆر لە هاوزمان و هاوشار و هاوبیرەکانی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیدا.
*
ڕەنگە من کۆی ڕۆمانەکە وەک ناوەڕۆک و سووژە بخەمە تای تەرازوویەک و، ؛لەبەرامبەردا ئەو کورتە بەسەرهاتە بخەمە تاکەی ترەوە کە نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا کە لەژێر ناوی ( بەرکوڵێك ) دا نووسیوویەتی، ئاماژەی پێداوە و، لە کتێبی ( مەسنەوی ) ی ( مەولانا جەلالەدیینی ڕۆمی ) یەوە هەڵهێنجاوە و، بە مەبەستەوە تەوزیفی پێشەکییەکەی کردووە.
ئەو لەپەنای دووبارە گێرانەوەی ئەو بەسەرهاتەدا کە تیادا پیاوێکی سادە و خاکەڕا ڕۆژێک بەدەم گەڕانەوە لە کێڵگەیەدا ( کەلەم ) ێک دەبێنێت و، پێیوایە خەزنەیەک لە ناوەوەیدا شاردراوەتەوە، بۆیە بەتامەزرۆییەوە یەک بەیەک پەلکەکانی دادەماڵێت تاکو بگاتە کڕۆک و خەزنەکە بدۆزێتەوە. بەڵام دوواجار بە هیچ دەگات، مەبەستییەتی جەخت لەسەر هەمان ویستی ( مەوانا ) بکاتەوە لە گێرانەوەی ئەو بەسەرهاتەدا، ئەویش ئەوەیە کە پەلکەکان خۆیان خەزنە و گەنجینەبوون نەک ئەوەەی لەناخیاندا خەزنە و گەنجینەیان پەنهان کردبێت، هەڵبەت ئەو خەزنە و گەبجینەیەش خودی ژیانە وەک پێدراوێکی خودایی بە مرۆڤ بە دیوە فیزیکییەەکەیدا کە پێویستە مرۆڤ قۆڵی لێهەڵبماڵێت و بەشکۆداری و بوێرییەوە ساتەکانی ئەزموون بکات و، بۆ ئەوەش کە بڕێک ئارامی تیدا وەچنگبخات، نیازی بەوەیە خۆی بەخودا بسپپێرێت و، لەئێستایدا بژی نەک لە ئەوەی بەڕەهایی بیسپێرێتە سنەی یاخود داهاتووئەکی دووری نەزانراو!
نووسەر لەخۆڕانییە ئەو بەسەرهاتەی خزاندۆیە ناو دووتووێی پێسەکییەکەیەوە، بێگومان ژیانی ڕابردووی وی ئەگەر نەڵێین تێكڕا، ئەوە زۆرینەی ویدتگەکانی درێژکراوەی هەمان گەڕانی ئەو کەسەبووە بەدوای خەزنە و گەنجینەدا، بۆیە ئێستا ئەسەفی بۆ ئەوەیە زێدەڕۆییەکانی لە نمایشکردنی دڵسۆزی و میهرەبانی و خاکەڕاییدا، واکردووە درەنگ لە چییەتی ژیانی واقیعی تێبگات و، بەدەستی خۆی بکەوێتە نێو گەمەی پڕ لە پێچآوپێچی بەشێک لەو حەشیمەتەی ئایالەژێر جەبری ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیدا لە منداڵییەوە تاکو گەورەبوون پێیان ئاشنابووە، یاخود ئایدیا و جیهانبینی خۆی وایکردووە بەرکەوتنی وتەیی و ڕەفتاری لەتەکیاندا هەبێت. گەڵیاندا لەمەشەوە، ڕووبەڕووی جۆرێک لە دۆخی سایکۆسۆماتی بێتەوە کەتیایدا نەشتەری بڕێک ئازار کە سەرچاوەکەی بۆ نۆستالژیای پەیوەست بە ئەوانی دی دەگەرێتەوە، جەستەی ماندووبکەن.
*
هەروەک نووسەر ئاماژەی بۆ کردووە بەشێک لە ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ژیانی تایبەتی خۆی خزاندوونەتە نو ڕۆمانەکە کە تیایاندا هەیە دووبارەن و، پێشتر لەناو کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا کە لەژێر ناوی ( هەوری سەرگەردان ) دا چاپیکردبوو، بڵاویکردوونەتەوە. ئەمەش دوو گریمانە هەڵدەگرێت:
یەکەم: نووسەر پێیوابووە قووەسایی ئەم ڕووداو و بەسەرهاتانە وادەکات چلۆنیەتی ڕۆمانەکە لەڕووی ناوەڕۆکەوە دەوڵەمەندتر بکات.
دووەم: بەجۆرێک لە جۆرەکان گومان و دڕدۆنگی وی دەگەیەنێت لەوەدا کە نەتوانێت لە ئەلتەرناتیڤی بەکاربردنی ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانەدا، لەڕووی چەندیێی قەبارە و چلۆنایەتی ناوەڕۆکەوە، ڕۆمانێک بەو فۆرمەی ئێستای بەرهەم بهێنێت.
هەرکام لەم دوو گریمانانە درووستبن ، جیاوازیەک لەوەدا درووستناکات کە ئە ڕۆمانە ئەوەندەی تایبەتکراوە بە ژیانی تایبەتی نووسەر و ڕایەلە و بەرکەوتنەکانی لەگەل ئەوانی دی و ئەزموونە فەرهەنگی و ئیمانی و سیاسیەکانی تیایدا ڕەنگیداوەتەوە، بەوهێندە بەسەر ئەو کەسێتییەوە چڕنەکراوەتەوە کە ڕۆمانەکەی بەناوەوە کراوە. بەڵکو ئەم ناوە بۆتە ساباتێک و، سێبەری بەسەر کۆی ئەو ڕووداو و بەسەرهات و پێشهات و ئەزموونە تایبەتی و گشتییانەی نووسەرەوە کردووە لەمیانی چەند دەیەیەک لە تەمەنی خۆیدا پیایاندا تێپەڕیوە.
بۆیە ڕۆمانەکە بەر لەوەی وەک کارێکی ئەدەبی، تایبەکرابێت بەو کاراکتەرەی ناوەکەی کراوەتە ناونیشان،.چ وەک ناورۆک و چ وەک ڕێزبەندی ڕووداو و پێشهاتەکان دەچێتە خانەی نووسینەوەی خود. ئەو خودەش بێگومان نووسەر خۆیەتی. ڕاستە ( شەبەیخوون ) جگەرگۆشەیەتی و، مەحەببەتی وی وایکردووە دەست بداتە قەڵەم و، بڕیار لەسەر نووسینی ڕۆمانێکی لەو شێوەیە بدات،. بەڵام هێشتا ئەم ڕۆمانە جۆرێک لە ناهەماهەنگی لەنێوان ناونیشان و ناوەڕۆکدا فۆرمەڵە دەکات و، وادەکات لەجێی کاراکتەری جێ مەبەست، نووسەر وەک کاراکتەری سەرەکی وێنا بکرێت. ئەمەش بۆ خۆی سیحری ناونیشان کاڵدەکاتەوە.
*
من وایدەبینم، مادام ڕۆمانەکە وەک خواست و مەبەستی نووسەر لەپێناوی کەسێتی مەعنەوی جگەرگۆشەکەیدایە، باشتردەبوو بەوهێندە زیادەکاری نەکردبا لە تەوزیفئکردنی ڕووداو و بەسەرهاتە خودییەکانیدا. چونکە وەک دەردەکەوێت بەشێکیان دوور و نزیک هیچ ڕایەڵەیەکی زیندوو کۆیانناکاتەوە لەگەڵ خواست و مەبەستی سەرەکی نووسەردا لە نووسینی ئەو ڕۆمانەدا. هاوکات ناشتوانن کۆمەک بەو هەوڵەی نووسەر بکەن کە دەیەوێت لەڕێگەی ئەو ڕۆمانەوە چلۆنایەتی جیهانبینی خۆی بۆ خوێنەر بگوزیتەوە.
*
بەشێکی زۆری ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە لەسەر بنەمای ڕێسای ( تەحەدی و وەڵامدانەوە ) بنیاتنراوە. بەسەرنجدان لە ڕووداو و بەسەرهاتە خودییەکان، دەگەیتە ئەو ڕاستییەی کە لەگەڵ ئەوەی ووسەر وەک کاراکتەری سەرەکی نو ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانە، سەختی و دژواری ئەزموونکردووە، بەڵام هێشتا بەسەرپێوە ماوەتەوە و، وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنی لە ئاستیاندا هەبووە کە لێیەوە بە ڕژدی ویستویەتی نەکەوێت نەبەزێت. ئەمەش بۆ خۆی جێگەی پەسن و ئافەرینکردنە. بێگومان لەمەشدا پابەندییە ئیمانی و ڕووحییەکەی هاوکار و پشیگیرێکی گەورەبووە بۆی تاکو بتوانێت لە ئۆقیانووسی بەرینی سەختی و دژوارییەکان بپەڕێتەوە.
لەوکاتەی دەبینیت لە ڕۆمانەکەدا کات و شوێن زۆر بڵاوە، لەهەمانکاتیشا درک بەوەدەکەوئت کە نووسەر زیندوێتیەکی ئەرێنی و پۆزەتیڤی لە مومارەسەی ژیانی ڕۆژانەدا پیادەکردووە. ئەمەش یاریدەی داوە باذتر و قووڵتر ئەوانی دی بناسێت و، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و سیاسیدا سوودی لێوەربگرێت.
*
نووسەر لە گێرانەوەدا بێلایەن نییە، هەڵبەت ئەم قسەیە بەمانەی ئەوە نایەت کە ناهەقی وتوە، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە کۆششیکردووە لایەنگیری لە پەیامێک بکات کە لەسوودی داتاکانی باوەڕ و چەمکەکانی پێلهەڵکردن و مەحەببەتخوازی نێوان مرۆڤەکاندایە. بێگومان لایەنگریلێکردن و وەسف و پیاهەڵدانی ئەو داتا و چەمکانەش هەم ئەرێنین، هەم ئومێدبەخشن.
*
یەکێک لە لایەنە جوانەکانی ئەم ڕۆمانە بریتییە لە بەکاربردنی وشە و دەربڕین و دەستەواژەی کوردی ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵ کە نووسەر لەبەکاربردنیاندا سوودی لە پشخانی مەعریفی خۆیی و، ڕایەڵەی ڕۆژانەی لەگەڵ ئەوانی دی وەرگتووە. جگە لەوەش ، لە ڕووی داڕشتن وهونەری وشەسازییەوە هەوڵێکی زۆری خستۆتەگەڕ و، لەو ڕووەوە تێکۆشاوە شان بەشانی گەیاندنی ناوەرۆک، دەقێکی کوردی ڕەسەن پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بکات. چونکە ئەویش وەک زۆر لە خەمخۆرانی دی کە بەتەنگ زمان و فەرهەنگی کوردییەوەن ساڵانێکی زۆرە لە خەمی ئەوەدایە چەندی بۆ بکرێت تێبکۆذشێت تاکو بەشداربێت لەوەدا کە باری لاری زمانی کوردی لەم وڵاتەدا ڕاستباتەوە کە مەخابن لەلایەک هەژموونی جیهانبگیری و تەکنۆلۆژیای سەردەم و، لەلایەکی تریشەوە ڕاگەیاندنی کوردی بەهەرسێ جۆری بینراو و بیستراو و خوێبدراو لەژێر هەژموونی لاساییکردنەوەی بێگانەدا زیانی زۆریان پێگەیاندوووە و، نیازی بە هەوڵ و کۆششی دەستەجەمعی هەیە تاکو بە دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە کاری پێویستی بۆ بکرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشفا، ئەم کتێبە لە هەڵەی زمانەوانی و وشەسازی بەدەر نییە و، پێموایە نەدەبوایە بەسەر نووسەردا تێبپەڕیبان لەکاتێکدا وەک ئاگادارم چەندینجار خۆیی وچەند هاوڕێیەکی کە لەکایەی ژیانی ئەدەبی و کۆمەڵایەتیدا ڕایەڵەی لەگەڵیانا هەیە، بەر لەچاپ پیایداچوونەتەوە.
لێرەدا بە دوو نموونە ئیکتیفا دەکەم کە زۆر زەقن و، مەخابن نەدەبوایە بەو جۆرە ببینرێن:
- یەکەم وشەی دەسپێکی پێشەکی کتێبەکە کە لەژێر ناونیشانی ( بەرکوڵێک ) دا نووسراوە، دووجار هەڵەی تیادا کراوە. لەلایەک لەجیاتی ئەوەی وشەی ( ئەودەمی ) پێکەوە بنووسرێت، کەچی بە جیا بە شێوەی ( ئەو دەمی ) نووسراوە. لەلایەکی تریشەوە ئەم دەربڕینە بەگوێرەی ڕستەکە واتای درووست دادات بەدەستەوە و، دەبوایە بنووسرێت ( ئەودەمەی )، چونکە مەبەستی نووسەر لە بەکربردنی ئەم دەربڕینەدا، بۆ داهاتوویە نەک ڕابردوو.
- لە نووسینی سەرجەم بەشەکانی ڕۆمانەکەدا کە ( ٣٩ ) بەشە، بە هەڵە وشەی ( ئاڕاستە ) نووسراوە، لەکاتێكدا ئەم وشەیە بە پیتی ( ر ) ی سووک گۆ دەکرێت و دەووسرێت، نەک بە یتی ( ڕ ) ی قوورس لە گۆکردن و نووسیندا.
خاڵیکی تر لە دیسان پەیوەستە بە زمانی دەربڕین و هونەری وشەسازی و داڕشتنەوە، بریتییە لە قرتاندنی پیتی ( ت ) لە کۆتایی زۆرینەی فرمانەکان. ئەگەرچی دەشێت نووسەر وەک ئیستاتیکا ئەم کارەی کردبێت، هەروەها بە هەڵەش ناژمێردرێت. بەڵام هێشتا بە بۆچوونی خۆم پێموایە، پەسەندتر بوو ئەم قرتاندنەی پیتی ( ت ) لە کۆتایی فرمانەکاندا پەیرەونەکرابا. چونکە جگە لەوەی ئەم کردەیە گشتگیر نییە و، لەڕووی دەربڕین و گۆکردنەوە زۆرتر دانیشتوانی شاری سڵێمانی و دەوروبەری پیادەی دەکەن، لەهەمانکاتیشدا پێکدژ دێتەوە لەگەڵ ئەو فۆرمەدا کە لەنو پڕۆگرامەکانی خوێندندا مرۆڤەکانی پێ فێری خوێندنەوە و نووسین دەکرێن.
*
دوواجار لەکاتێکدا دەستخۆشی لە کاک ( عومەر یوسفی ) دەکەم کە لەو زەمەمە تێکجڕژاو و پڕ لە بێزاری و نامۆییەدا، هێشتا بەتەنگ پاراستن و هێشتنەوەی جوانییەکانی ئیمان و ژیانی مرۆڤەکانیەوە یە و، بە وشە و وتن کاری لەسەر دەکات، لەهەمانکاتدا ئومێد دەکەم ئەو وشانەم بەو دیوەدا لێ قبوڵبکات کە من نیازمە و، لە خەمخۆریم بۆ زمان و فەرهەنگ و مێژووی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمەش پێویستی بەوەیە لە وتن و نووسیندا بە بەرپرسیارێتییەوە خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێین.
* شەبەیخوون، ڕۆمان، عومەر یوسفی، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٢٣
٣٠ / ٣ / ٢٠٢٤