(ئونسی ئەلحاج و قەسیدەی پەخشان)

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

(1)

شیعر لە دەرەوەی وشە و دەربریندا- خۆشەویستییە، ژیاندۆستییە، مرۆڤدۆستییە... یەكەم كۆمەڵە شیعری (ئەنسی لویس ئەلحاج- 27 یولیو 1937 - 18 فبرایر 2014) شاعری هاوچەرخی لوبنانی، بەناونیشانی «لن» ساڵی 1960دا بڵاوبۆوە، لەبەر ئەوەی شێوە كۆنەكانی شیعری عەرەبی لەرزاند، نەفرەتییان لێكرد.

هەرگیز (ئەنسی ئەلحاج) دەستەكانی بە سیاسەت پیس نەكرد، هەمیشە لەگەڵ ئازادی بوو. ئەوە قسەیەكی سادە نییە، بەڵكە ڕاستییەكی قووڵە كە لە ژیانی ئەنسی ئەلحاجدا ڕەنگیداوە... ئەو شاعیرەی كە قسەی خۆی گوت و لە تەمەنی (حەفتا و حەوت) ساڵیدا، دوای ململانێیەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بە ئارامی ڕۆیشت...

شیعرەكانی (ئەنسی لویس ئەلحاج)  بۆ زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون، و هەندێكـ لە موزیسیانانیش ئیلهامیان لە پەیڤەكانی وەرگرتووە و كاری هونەری و مۆسیقییان لەسەر بونیادناوە... لە یەکێک لە گرنگترین بابەتە تایبەتەکانی لەبارەی گۆرانیبێژی لوبنانی (فەیروز) بەناونیشانی "بەوپەڕی توندوتیژییەوە خۆشم دەوێت"، تیایدا دەڵێت: لە ژیانی ئێمەدا شوێنێک بۆ فەیروز نییە؛ هەموو شوێنەک تەنها بۆ فەیروزە...

هەندێكـ لە بڵاوكراوەكانی شاعیر «سەری بڕاو»، «ڕابردووی ڕۆژە داهاتووەكان»، «چی بە زێڕ كرد؟ چی بە گوڵ كرد؟»، و «پەیامبەرێ بە قژی درێژەوە، تا کانیاوەکان»...

ئەنسی ئەلحاج كۆچی دوایی كرد، بەڵام وشەكانی مانەوە— ئەو هەمیشە بە ئازادی وشەكانی دەردەبڕین، تەنانەت ئەگەر ڕووحیشی لەڕێگای ئەو ئازادییەوە بریندار بوایە.

(2)

لە پێشەكی كۆمەڵە شیعری (لن) هەر تەنها شاعیرێكی یاخی نییە، بەڵكە شاعیرێكی نەفرەتلێكراویشە... هەر تەنها هاوارێكی جیاوازی شیعری نییە، بەڵكە هێرشێكی دۆزەخی بوو، بۆ سەر چوارچێوەی شیعریی و كلتوری سونەتگەرایی... ئونسی ئەلحاج لەنێوان هۆشیاری ڕەخنەیی و قەسیدەی شیعری ئازاد و قەسیدەی پەخشاندا ئاگاییەكی نوێی لە قەسیدەی پەخشاندا هێنا ناوەوە، دەمەوێ بڵێم ئاگایی ئونسی ئەلحاج پەیوەندی بە ڕۆشنبیریی شیعری جیهانییەوە هەبوو، بۆیە وەك ڕووداوێكی ئەدەبی لە بەرجەستەكردنی قەسیدەی پەخشان و چۆنێتی گەیاندنی بە خوێنەران بە جوانی ڕەنگیدایەوە.

قەسیدە دنیایەكی داخراوە بەسەرخۆیدا، هیچ ئامانجێكی زەمەنی نییە. شیعر دڵ- لە دڵدانە. پەخشان- گێڕانەوەیە... قەسیدە كورتبڕی لە هەموو هۆیەكانی دەربڕین دەكات. ڕەگەزی یەكەمی شیعر- موزیكایە. شیعر ئەوە دەڵێ كە گوتراوە، پەخشان ڕوو لە شتێ دەكات و دەیدوێنێ و هەموو چركەكانی گوتار بە هی خۆی دەزانێت، موزیكا لە پێكهاتەی پەخشاندا بوونی دەكەوێتە لەرزەوە. لە شیعردا شاعیر پێش خوێنەر دەكەوێت، چونكە ئەو ئامرازانە ناس دەكات، كە شیعری پێدروست دەكرێت، هەمیشە شیعر لەڕێگای لەرەی موزیكاوە دەچێتە دڵی خوێنەرەوە، ئەوەی شاعیرێكی كۆنەپەرست و خوێنەرێكی كۆنەپەرست بەیەكەوە دەبەستێتەوە چارەنووسە!

ئەگەرچی لەنێوان داڕشتنی شیعر و پەخشاندا جیاوازییەكی بەرچاو هەیە، بەڵام ئەوەی جێی گومان ئەوەیە، كە هەموو كەلەپورە زیندووەكانی دنیا، شیعری مەزنیان لە پەخشان پێشكەش بە مرۆڤایەتی كردووە، هەر لەبەر هەندێ ئەمڕۆ شیعر بە كێش و سەروا ناناسرێتەوە! ئەوەی بەردەوام ڕێگا لە شیعری پەخشان و قەسیدەی پەخشان دەگرێ كێش و سەروایە. لێرەدا شیعری بە پەخشانكراو- پەخشان نییە، وەك چۆن قەسیدەی بە پەخشانكراو- پەخشان نییە.

 شیعری لیریكی هەیە، بەڵام پەخشانی لیریكی نییە، قەسیدەی پەخشانی نزیكە لە گێڕانەوە، قەسیدەی پەخشانی بێ ریتمە وەك ئەوەی (سان جۆن پێرس) دەینوسی... قەسیدەی پەخشان خاوەنی جیهانبینییە، قەسیدەی پەخشان ئەزموونێكی قووڵ و بەهێزە، بەو پڕشنگانە دەناسرێتەوە كە بڵاوی دەكاتەوە وەك قەسیدەكانی هینری میشۆ و ئاڕتۆ...!

هەموو قەسیدەیەك وەك پێویست كورتە، بەڵام كورتبڕی زێتر لەسەر پەخشان جێبەجێ دەبێت، نەك قەسیدە... قەسیدەی كێشدار زێتر پێویستی بە یەكگرتنە، نەك گەڕانەوە بۆ سەرچاوە... قەسیدەی پەخشان پێویستی بە ئامرازی گێڕانەوە، وەسف، ئەزموون، جیهانبینی... هەیە.

(سوزان بیرنار) دەڵێت: پێویستە قەسیدەی پەخشان لەپێناو درەوشانەوە- كورتبڕی بكات! هەموو قەسیدەیەكی پەخشان پاڵنەرێكی ئاژاوەیی لە پشتە، ڕووخێنەرە، وزەیەكی ئەندازەیی تێدایە، ڕاپەڕینە بە دژی كۆتوبەند... (ڕامبۆ) دەیویست بەسەر زماندا زاڵ بێت و كورتبڕی لە (بۆن، دەنگ، ڕەنگ...) بكات... قەسیدەی پەخشان لەسەر درەوشانەوە، نەفرەت، شێتایەتی... وەستاوە، هەمیشە هەڕەمەكی بوونی خۆی نیشان دەدات! قەسیدەی پەخشان كاری شاعیری نەفرەتلێكراو و بەرهەمی نەفرەتلێكردنە... لە قەسیدەی پەخشاندا شتێك نییە پێی بڵێن كۆتایی.

(3)

ئونسی ئەلحاج نامەبەری دۆزەخی زمانە، بەردەوام بە دوای ئامانجە مرۆییەكانەوەیە، بە دوای خۆشەویستی، بە دوای مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستییەوە... شیعر لای ئەو خۆراكی خودە! ئافرەت لای ئەو ئەلتەرناتیفی ژیانە! منداڵیی لای ئەو پشتگوێخستنێكی فریشتەییانەیە لە ڕەشەبا دەمانپارێزێت‌... ئەنسی ئەلحاج هەمیشە لەنێوان ناپاككردنەوەی زمان و پووچگەرایی ژیان و وێرانكردنی شتەكان، وەك بیابان تینووە.

ئونسی ئەلحاج شاعیری ڕچەشكێن، شاعیری هەرێمە دەست بۆ نەبراوەكانە، شاعیری نەست و ناخ و زمانە قەدەغەكراوەكان ناوەوەی مرۆڤی لەنێو زماندا چەسپاند، دەست بۆ نەبراوەكانی، لە زمان و لە سەر ئاستی بیركردنەوە بەرجەستە كرد... بەڵام شیعر هەر تەنها بە مەسەلە قەدەغەكراو و دەست بۆ نەبراوەكانەوە پەیوەست نییە، شیعر بە حەقیقەت و ژیان و خەونەوە بەندە! شیعر هەر تەنها ڕاستگۆیی و بوێری نییە، شیعر چۆنێتی تەعبیركردنە لە ژیاندۆستی، لە مرۆڤدۆستی، گەڕانی بەردەوام و بەجێهێنانی زێتری خۆشەویستی و چێژ و خۆشییە...

مەرج نییە قەدەغەكراوەكان هەمیشە قەیران بنێنەوە، بەڵام هەموو ڕچەشكێنییەك ئامانجی ڕچەشكاندنە، ئەوە بەو مانایە دێت، كە هەمیشە وزەی ژیان بەهێزترە لە مردن، ئەوە بەو مانایە دێت، كە یاخیبوون كۆتایی نییە.

(4)

تێگەیشتنی باو ئەوەیە كە پەخشان پەخشانە و شیعر شیعرە، كەواتە ئەو میكانیزمانە چین كە قەسیدەی پەخشان بەرەو شیعر دەبات، یان شیعر لە قەسیدەی پەخشان دروست دەكەن، بێ ئەوەی وەك پرنسیبێكی بنەڕەتی بە سەرچاوەی پەخشانەوە گرێ بدرێت! ئونسی ئەلحاج لە پێشەكی كۆمەڵەی (لن) بەرانبەر ئەو دیدە باوەی كە شیعر و پەخشان لێكجیا دەكاتەوە، پێیوایە لەنێوان شیعر و پەخشاندا پردی بەیەكگەیشتن هەیە! ئەگەرچی پێیوایە پەخشان و شیعر نكۆڵی لە یەكتر دەكەن، چونكە شیعر دەبێ ئەوە بێت كە لە دەرەوەی پەخشاندا دەنوسرێت، بەڵام پەخشان نەرم و كراوەیە، شیعر ڕێكخراو و مەبەستدارە، پەخشان هێمن و جێگیرە، شیعر گرژە، شیعر نە زەمەنییە و نە پەیوەندی بە بارودۆخەوە هەیە، ئەوەش پێچەوانەی پەخشانە. پەخشان بەرهەمی عەقل و ئاگاییە، بەڵام شیعر بەرهەمی دەروونە، پەخشان گەیەنەر و ڕازیكەرە و شتەكانمان بۆ دەسەلمێنێ‌، بەڵام شیعر درەوشاوە و ئاماژەخوازە...

كەواتە ئایا دەكرێ لە قەسیدەی پەخشان دەربچین؟ ئەو پرسیارە ئیشكالئامێزە یەكێكە لە پرسیارە ئاڵۆزەكانی پێشەكی كۆمەڵە شیعری (لن). بە بڕوای من ئەو پرسیارە تەمومژاوییە! دەمەوێ بڵێم دەكرێ لە بری (ئایا) بە (چۆن) پرسیارەكە راستكەینەوە: چۆن لە قەسیدەی پەخشان دەربچین؟ ئەگەرچی پرسیاری دووەمیش مەرج نییە ڕاست بێت، بەڵام لەگەڵ پەیبردن بە قەسیدەی پەخشان زێتر دەگونجێت... پرسیاری دووەم پرسی تایبەتمەندی و تاكگەرایی لەخۆدا هەڵگرتووە... ئونسی ئەلحاج پرسیاری یەكەم بە (نەرێ) وەڵام دەداتەوە: نەخێر ناتوانین لە قەسیدەی پەخشان دەربچین. لە پشت ئەو وەڵامەشدا پرنسیبێكی چەسپاو هەیە، ئەویش ئەوەیە كە بنەمای شیعر پەخشانە! پرسیاری یەكەم پێمان دەڵێت قەسیدەی پەخشان بە پەخشانەوە بەندە و دەكەوێتە ژێر كاریگەری جۆرەكانی وەسف و ناونانەوە، بەڵام پرسیاری دووەم ئەو پرسیارەی لێرەدا هەوڵی فۆرمەلەكردنمان داوە پێمان دەڵێت قەسیدەی پەخشان بنەماكەی لەسەر پەخشان نەچەسپاوە، بەڵكە قەسیدەی پەخشان بنەماكەی شیعرە، دواجاریش دەمەوێ تۆختری بكەمەوە و بڵێم پەخشان ڕەگەزێكە لە ڕەگەزەكانی شیعر... شیعری داهێنەرانە هەموو ڕەگەزەكانی قەسیدە و پەخشان لە ئاستێكی باڵادا خەلق دەكات، داهێنانیش لە ئاستە باڵاكانی زماندا دەدۆزێتەوە.

كەواتە لەنێوان شیعر و پەخشان مەسافەیەكی ئیستێتیكی و دەربڕینێكی بەرفرەوان هەیە، وەك چۆن مەسافەیەكی جوانی لە وەرگری جۆراوجۆردا دروست دەكات. بەو مانایەش دەشێ پرسیاری ئونسی ئەلحاج: ئایا دەكرێ لە قەسیدەی پەخشان دەربچین؟ مەبەستی لە پەخشانێك بێت، كە مەسافەیەك لە شیعر نزیك دەبێتەوە...

(5)

شیعری ئونسی ئەلحاج ڕووتە وەك ئادەم و حەوا بەر لەوەی لە بەهەشت دەربكرێن، وشە ڕووتەكانی بێ ئەوەی هەست بە شەرم بكەن، ڕووبەڕووی دنیا دەبنەوە، هەموو وشە ڕووتەكانی لە قەسیدەكانیدا سەر بەرزانە دەوەستن، بێ ئەوەی خۆیان بە جوانكاری خەریك بكەن، بێ ئەوەی خۆیان دەمامك بدەن، هەر تەنها بە ڕووتی سەما دەكەن، بێ ئەوەی كراسی خوازە و چوارشێوی ڕەوانبێژی بپۆشن! وشەكان لەو مانایانە دەردەچن، كە ئێمە دەیانزانین، ئونسی ئەلحاج لەنێوان شیعر و خۆشەویستی، یەكەمیان بە گوتنی بێدەنگ دادەنێ و دووەمیان بە كردار... ئەو چەند شیعرەی ئونسی ئەلحاج بە بێدەنگی بخوێننەوە:

پلان

لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، بای دەنگت بەرەو ناخم دەهات، بێدەنگی هەڵگرتبوو

خۆت لە پەنا دارسنۆبەرەكاندا حەشاردابوو، دەگەمە هاوارت، دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی نەمبینیت

لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، ئازیزەكەم وەرە

من لە پەنا دارسنۆبەرەكان بووم، بۆ ئەوەی نەمبینی، لە هیكەوە بەرەو ڕووت دەبمەوە، تۆ ڕادەكەی.

سەرچاوە:

*أنسی الحاج، دیوان (لن )- المقدمە.گ3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27..

------

تا بەیانی و نیوەی بەیانی

I

بۆتۆ دەرگا كراوەیە

لە بەیانییەوە تا بەیانی،

بەیانی و نیوەی بەیانی.

II

بە جلەكانتەوە لەسەر گردەكە دانیشتوویت.

باران دەبارێ، تەڕ دەبیت.

مارەكە دەخشێ، و لەسەر گردەكە وەك شمشێر دەچەقێ.

هەناسەتان توند دەبێت.

III

ڕەنگی دەمت بۆنی سێوە.

IV

كاتژمێر شەوە—دوای شەو و نیوەی شەو.

ماڵی خۆشەویستەكەم لە بان شەوە.

ژوورێكی ماڵەكەی لە ناوەڕاستی شەوە.

لەوێوە بۆم دەڕوانێ، نامبینێ.

بۆ ئەو شوێنە دەچێ كە من بۆی دەچم، نامبینێ.

ڕووناكی دەكاتەوە، نامبینێ.

لە پاشان ئیتر دەخەوێ،

خەون بە پەنجەرەوە دەبینێ،

و دەترسێ با بیگرێتە خۆی.

V

چاو لە تاریكایی بكە؛

تێدەپەڕم، دەنگت پڕ دەكەم لە دەنگم.

دەنگت—لە گەروومەوە دێ

شیرین، شیرین وەكو مێوژ.

سەرچاوە:

 أنسی الحاج: ماژا صنعت بالژهب؟ ماژا صنعت بالورد؟ دار الجدید، گبعە پانیە، بیروت- 1994. ص51-52.

هەولێر 8/4/2026