
كەریم دەشتی
شارەکەی من
وەک چۆن پڕە لە گەڵای پوونگ
ئاواش پڕە لە شاعیر
شاعیرەکان هەمیشە لە دارستانەکاندا
سەیری مانگ ئەکەن و
گۆرانی بۆ مەعشووقی خۆیان ئەچڕن
خەمەکانی خۆیان
لەژێر درەختەکانی ئاقیق دەنێژن
وەک چۆن بنە پوونگەکانیش
هەمیشە عەتری خۆیان
بە سەر ئاوێنەی ئاوەکاندا ئەڕێژن
شاعیر و پونگ چەند لێکئەچن
بنە پونگێ لە شوێنی خۆی بترازێنە
ناو لەپت پڕ لە بۆن و بەرامەی
خاک ئەبێ
شاعیرێکیش لە زێدی خۆی بترازێنە
نیشتمانت پڕ لە چامەی خەمگین ئەبێ
شاعیر و پونگ
لە یەک سەلالەی خودایین
هەردووکیان لەم سەرزەمینەدا
مەحکووم بە مەشقی جودایین
یەکیان سیس سیس هەڵئەگەڕێ
ئەویتریان بۆ تاهەتا
بەدوای نیشتمان ئەگەڕێ