ستار ئەحمەد

 

وشەكانم ...

دەبنە نامەو 

نامەكانم بەر ئاوێنەی ژوورەكەت و

چاویلكەی نیگات دەكەون .

هەڵیان ناگری ...

لەژێر پێتدا پان دەبنەوە .

ئێستا خوێناوی نامەو 

شیعری منە .....

ژوورەكەتی ئاڵ كردووە.

هەموو شتێك رەنگی چاوو

رۆحی شرینتی گردووە .

تەماشاكە ..

دیواری حەوشەی ماڵتان و

دارەكانتان ..

چۆن گوڵی هۆنراوەی شەنگیان 

دەركردووە .

بۆ لەبەرامەی ئەوین و 

بۆنی شیعرو 

رۆحی شاعیر حاڵی نابی ..؟!

ئەی نابینی ...؟!

پەرچەم و بسكۆڵەی كاڵت ...

ئاوازی عەشق و

ئەمەكی من ..

لەگەڵ بادا دەڵێنەوە .

هەتاكوو كەی پەیڤەكانم ...؟

لەدووری تۆ ...

لەنێو رەنگا بتوێنەوە .

سەرینەكەت ...

یەك پارچە گوڵی هەڵبەستە،

سنگی نیانت ...

دوو كاڵەبەی ..

ژانە شیعری بەرزبووەتەوە .

بۆ هەست ناكەی .. ؟!

جوانی و پاكیی ..

لەعەشقی تۆدا دەبینمەوە ..

لێگەڕێ.. دەروازەكان بكرێنەوە .

سنوورەكان تێكبشكێن و

عاشقەكان ئاشت ببنەوە .

خۆت مەدەرە ..

دەست رارایی و گومانەوە .

رەوا نییە..

من بكوژی بەژانەوە .

شەوان و 

تەمەنی جوانیت ..

لەژوورێكی سێبەڕۆیا بەسەر ببەی

بەئازارو گریانەوە .