ئاخافتنی ئاسایی لە زمانێکی داتاشراو شاعیرانەترە.

هەندێک شاعیر گۆمی تەنکی شیعریان،

بەو ئومێدەی قووڵ بنوێنێت، لێڵ دەکەن.

شاعیر دەبێت هەوڵی دۆزینەوەی زمانێکی نوێ بدات، بەڵام نابێت ڕێزمان ڕەچاو نەکات. ڕێساکانی زمان، کێش و پاشبەند نین، تا بتوانین فەرامۆشیان بکەین. شێواندنی زمان، تەقاندنەوەی زمان نییە، بەڵکوو زادەی بێدەسەڵاتیی شاعیری خۆ بە نوێخواز و یاخیبوو زانە. یاخیبوون لە زمانی باو، شێواندنی زمانی زاڵ نییە، داهێنانی زمانێکی جوانترە. ئەوی بەسەر زمانی دێریندا زاڵ نەبێت، ناتوانێت زمانێکی نوی دابهێنێت. ئەدەبی مەزن زادەی زمانێکی جوان و پاراوە، ئەمە یاسایە و ئەوی سەرپێچیی لێ بکات، شەڕەشۆق لەگەڵ چیادا دەکات. شیعری جوان چونکە زادەی زمانێکی جوانە، لە کاتی وەرگێڕاندا، با وەکوو پەخشانیشی لێ بێت، هەر بەهای خۆی لە دەست نادات.

زمان هەوێنی جوانیی شیعر و پۆشاکی ڕۆحی شاعیرە، هەر زمانیشە شاعیر دەخوڵقێنێت نەک بە پێچەوانەوە. زمانی شیعری: تەنیا کەرەسەی دەربڕین نییە، کەرەسەی خوڵقاندنیشە، بۆیە کرۆکی شیعر بریتییە لە شێوازی گوتنی. گوتەی شیعری و ناشیعری بوونیان نییە، شیعر زادەی وشە نییە، زادەی پێوەندیی نێوان وشەکانە. هەموو وشەیەک شیعرییە، ئەگەر لە شوێنی شیاوی خۆیدا جێی بۆ کرایەوە، گرنگ تەبایی و هاوئاهەنگیی نێوان وشەکانە.

ڕاستە شیعر زیاتر دەنگی تاکەکەسێکە و مەرج نییە وەک ڕۆمان، تژی بێت لە دەنگی جیاواز و بۆ خەڵکێکی زۆر بپەیڤێت، لێ ئەمە بەو مانایە نییە، بریتی بێت لە وێنەی سەیری بە تەمومژ دەورگیراوی لە تێگەیشتن بەدەر. بەشێکی گرنگی ئەو بەرهەمانەی بە نێوی شیعری نوێوە بڵاو دەکرێنەوە و کەس لێیان تێناگات، لە ساختەکردن لە خوێنەر بترازیت، هیچی دیکە نیین. پرۆمیتیۆس ئاگری لە خواوەند دزی و پێشکەشی خەڵکی کرد، هەندێک شاعیری (مۆدێرنیست،) دەڵێیت شیعر بۆ خواوەندەکان دەنووسن، ئەگەرنا خەڵکی سەر زەوی لە زمانیان تێدەگەیشت. ئەوانەی بە ئومێدی بردنەوەی داهاتوو، پشت دەکەنە ئێستا، لە وەهمدا دەژین. کە شیعر لە خەیاڵێکە و خوێنەر لە خەیاڵێکی دیکە، لەسۆنگەی ئەوەوەیە، شاعیر بە چاوی ڕاستەقینەی خۆی، سەرنجی دەوروبەری نادات، بۆ ئەوەی شیعر و خوێنەر لێکتر دانەبڕێن، دەبێت شاعیر هانا بۆ چاوی خۆی ببات.

شاعیر دەبێت دیکارت ئاسا گومان بکات، وەکوو کانت ڕەخنەی ڕووخێنەر بگرێت و چەشنی مارکس هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی جیهانی کۆن بدات. شاعیر دەبێت پرسیار بورووژێنێت نەک وەڵامی حازر بداتەوە. شاعیر بۆ ئەوەی بە گەنجینەی شیعر بگات، پێویستە سەرکێشی بکات، بتی ئایدیالۆجیا بشکێنیت و سنووری حیزب ببەزێنێت. شاعیر دەبێت ئەوە بنووسێت هەستی پێ دەکات، نەک ئەوەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی دەپارێزێت. شاعیر دەبێت گۆرانییەکانی لە دڵییەوە هەڵبقوڵێن و دەربارەی ئەو کێشانە بنووسێت بەلای خۆیەوە گرنگن، نەک ئەوانەی بەلای دەسەڵاتێکەوە مەبەستن. شاعیر پێویستە لە دووڕوویی و سازشەوە دوور بێت و پاکی و بێگەردی لە شیعری بتکێن. شاعیر دەبێت هێز لە کەلەپوورەوە وەربگرێت، نەک لە زیندانی دیرۆکدا بەند بێت.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا