
خوێندنەوەیەک بۆ چەند شیعرێکی ( بەهرە موفتی )
چەمکی تراژیدیا بەشێکە لە ژیان و جیهان ، چونکە خودی جووڵە و بیرکردنەوەکانی مرۆڤ پێکهاتووە لە دوالیزمی ( ئیرۆس و ساناتۆس ) ، واتە ( ژیاندۆستی و مەرگدۆستی ) . تراژیدیاش ناوەڕۆکی مەرگدۆستی دەگرێتەوە ، وەک شوبنهاوەر دەڵێت ، ( شەڕخوازی ڕیشەی خۆی لەنێو قووڵایی مرۆڤایەتی داکوتاوە و لەوێوە سەرهەڵدەدات ) ، یان دەڵێت ( جیهان بریتییە لە ویست ، مادام ویستیشە ، کەواتە پڕە لە ئێش و ئازار و تلانەوە و پەرێشانی ، چونکە ویست خۆی ئارەزووە ، ئارەزووش هەمیشە داوای زیاتر دەکات ... مادام ملکەچی ویست دەبین ، هەرگیز ناگەین بە شادی و خۆشبەختی هەمیشەیی و ئاشتی ...! ) ، یان هەندێجار تراژیدیا دەبێتە هۆکاری ئەوەی مرۆڤ دەستبەرداری ( ویستی ژیان ) بێت و لەنێو نائومێدییەکی گەورە و ڕەشبینیدا بمێنێتەوە ، واتە تراژیدیا و ژیان هاوتەریبن و خودی مرۆڤ داهێنەری ئەو کار و کردەوانەن کە ژیان ناشیرین دەکەن و لە ئاکامی بیرکردنەوەی مەرگدۆستیانەیدا ژیان بە ئاقاری وێرانبوون و مەرگدا دەبەن . کارەساتە مەینەتبارەکان مرۆڤ دەگەیەنن بە خاڵی ڕووخان و نائومێدی گەورە . بیرکردنەوە مەرگدۆستییەکانی وەک ، کوشتنی ئەویتر و جەنگ و چەوساندنەوە و برسیکردنی مرۆڤ و هەتادوایی ، هەندێکجار نەک تەنها مرۆڤەکان ، بەڵکو سروشتیش دەبێتە هۆکاری کارەساتی خەفەتبار و مەرگهێن بەهۆی ڕوودانی لافا و بورکان و بەرزی و نزمی پلەی گەرمی و شتیتریش ، ئەمانە هەمووی مانایەک بە تراژیدیا دەبەخشن . تراژیدیا لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانی یە و بە مانای ( سروودی بزن ) دێت ، شێوازێکی درامی یان ئەدەبییە باس لە کۆتاییەکی خەمناک و کارەساتبار دەکات . لەو داستان و شانۆنامانە چارەنووس وەک هێزێکی نادیار مرۆڤەکان ناتوانن لێی ڕزگاریان بێت هەرچەندەش لێی ڕابکەن . داستانەکانی سۆفۆکلێس بە تایبەت ( ئۆدیب پاشا و ئەنتیگۆنە ) دیارترین شانۆنامە و شاکاری تراژیدین ، هاوکات تراژیدیا لە ئەفسانەی یۆنانیدا تەنیا بەسەرهات و چیڕۆکێکی خەمناک نییە ، بەڵکو دیاردەیەکی کولتووری و فەلسەفییە کە ڕەگی لە ململانێی مرۆڤ لەگەڵ چارەنووس و خوداوەندەکان و سروشتدا داکوتاوە . نووسەرە هەرە دیارەکانی نێو مێژووی ئەدەبیاتی یۆنان بریتین لە ( ئیسخیلۆس و سۆفۆکلیس و یۆریپیدیس ) کە بە دامەزرێنەرانی شانۆنامە و ئەدەبیاتی تراژیدی دادەندرێن . تراژیدیاش لای ئەرستۆ ، تەنها چیڕۆکێکی خەمناک نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکی هونەری و دەروونییە بۆ پاککردنەوەی مرۆڤ ، بە کورتی ئەوە دەگەیەنێت کەوا ( تراژیدیا ئامرازێکە بۆ فێربوونی حیکمەت لە ڕێگەی ئازارەوە ...! ) ، جگە لە ئەرستۆ زۆرێک لە فەیلەسووفان لەبارەی تراژیدیا قسەیان کردووە بۆ نموونە تراژیدیا لە ڕوانگەی ( هیگل )ەوە ، لە ململانێی دوو ڕاستی دێتە کایە . واتە بە پێچەوانەی ئەرستۆ ، هیگل تراژیدیا وەک ململانێی دوولایەنی پۆزەتیڤ دەبینێ ( پێی وابوو تراژیدیا کاتێک ڕوودەدات کە دوو بەهای ڕەوشتی یەکسان وەک خێزان بەرامبەر دەوڵەت ) دەچنە نێوان شەڕێکی بێچارەسەرەوە. بەڵام نێچە لە کتێبی ( لە دایکبوونی تراژیدیا )دا بە دیدێکی جیاوازەوە باس لە تراژیدیا دەکات . نێچە پێیوایە تراژیدیا لە ئاکامی تێکەڵبوونی دوالیزمی ئەپۆلۆیی و دیۆنیزیۆسییەوە ، واتە( لایەنی عەقڵ و جوانی و لایەنی مەستی و کەیف و سەفا ) بە دیوێکیتریش لە ڕوانگەی نێچەوە ، تراژیدیا گەورەترین دەستکەوتی مرۆڤە چونکە ڕێگەی پێدەدات ژیانی قەبووڵ بێت بە هەموو ئازار و مەینەت و بێماناییەکانیەوە . لە ڕوانگەی شوبنهاوەریش ، تراژیدیا بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی ژیان پڕە لە نائومێدی و مەینەت ، پێی وایە تراژیدیا وا لە مرۆڤ دەکات تێبگات کە ویستی ژیان بێمانایە و دەبێتە هۆی ئازاری هەمیشەیی ، ئامانجی تراژیدیا لای ئەو وازهێنانە لە واتای ( کە ژیان شایانی ئەم هەموو جەنگە نییە ) ، بۆیە لە ئاکامی ئەم بیرکردنەوانەی لە شوێنێکیتر دەڵێت ، ( ئەم ژیانە پڕ لە ستەم و نادادپەروەرییە هەرگیز لەوە ناچێت دروستکراوی خودایەکی خێرخواز بێت، بەڵکو پێی وایە ئافرێندراوی شەیتانێکە کە مرۆڤ و بوونەوەرەکانیتری ئەفراندووە هەتا ئازار ببینن و ئەو لەم ئازاربینەی ئەوان چێژ ببینێ ...! ) ، یان لە کتێبی ( فەلسەفە و ئازارەکانی ژیان ) سەبارەت بە نەهامەتی و ئازارەکانی ژیان دەڵێت : ( بێجگە لە ئازار کە بەرهەمی ڕاستەوخۆ و ئاکامی ئاسایی ژیانە ، ناتوانین هیچ ئامانجێک بۆ بوونی مرۆڤ ڕەچاو بکەین ... هاوکات دەڵێ ، هەر ئازار و نەهامەتییەک لە ناخی خۆیدا وا دەنوێنێ کە گوایە بێگومان شتێکی سەرسووڕهێنەر و جیاوازە ، لە حاڵێکدا مەینەت و ئازار بە گشتی یاسای بنەڕەتی جیهانن ...! ) . شیعر و تراژیدیاش پەیوەندی قووڵیان هەیە بەیەکەوە ، لە ئەدەبیاتی یۆنانی کۆن شیعر و تراژیدیا لە یەکتری جیاناکرێنەوە ، لە ڕاستیدا تراژیدیا بە باڵاترین شێوازی شیعری درامی دادەندرا و هاوکات بە لوتکەی هونەری شیعریش وەسف دەکرا ، لە بنەڕەتدا ( سۆفۆکلێس و ئیسخیلۆس ) پێش ئەوەی شانۆنووس بن ، وەک شاعیر دەناسران کە بە زمانی شیعر وێنەی ئازارە گەورەکانی مرۆڤیان دەکێشا . ئەرستۆش لە کتێبی ( پۆتیکا ) واتە کتێبی ( شیعر ) ، تراژیدیای وەک لقێکی سەرەکی لە هونەری شیعر سەیر دەکات . لە ئەدەبیاتی کوردیش کەمنین ئەو قەسیدە و کتێبە شیعرییانەی کە ناوەڕۆکەکانییان باس لە تراژیدیای مێژووی میلەتەکەمان دەکەن لەوانە ، ( لاوکی هەڵەبجە )ی ڕەفیق سابیر و ( دارستانی چراکان )ی شێرکۆ بێکەس و چەندانیتر . بە دیدێکی تر مەبەستمانە ئەوە بڵێین کەوا ، شیعر هاوتەریبە لەگەڵ ژیان ، واتە شیعر ژیان دەنووسێتەوە بە هەموو پێکهاتە و بونیادەکانییەوە ، بە زمانی مرۆڤ و گەردوونیشەوە ، واتە زمانی شیعر بە تەنیا ( ماڵی بوون ) نییە ، بەڵکو ماڵی ( بوون و ژیان و گەردوون )ە . بەمانایەک / مرۆڤ و بیرکردنەوە و جووڵە و ژیان لە کوێ بن شیعریش لەوێیە . ئیدی لەو پەیوەندییەی شیعر و تراژیدیا دەمەوێت خوێندنەوەیەک بۆ چەند شیعرێکی ( بەهرە موفتی ) شاعیر بکەم ، من ( بەهرە موفتی )م لە ناوەڕاستی نەوەدەکان ناسی ، بۆ یەکەمجار لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی وەکو کچە لاوێک بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە قسەی دەکرد، بەڵام زۆر ئازا و چاو نەترس . باسی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە تراژیدییەی دەکرد کە ، لە ئاکامی شەڕی براکان لە شاری کۆیە تۆپێک بەر ماڵەکەیان دەکەوێت چوار برای بەیەکەوە و لەیەککاتدا گیانییان لەدەست دەدەن ، ئەم ڕووداوەش لە بەرواری ١٩/٥/ ١٩٩٤ ڕوودەدات ، لە ماڵێک و لە یەککات لە دەستدانی چوار جگەرگۆشە دەبێ چ شتێک لەوە کارەساتبارتر و خەفەتبارتر بێ ، ئەمە چ خەمێکی گەورە و چ تراژیدیایەکی پڕ ئازار و گەورەیە ، دوای ئەم ڕووداوە خانەوادەی " بەهرە "شاری کۆیە جێدەهێڵن و دێن لە هەولێر نیشتەجێ دەبن . بەهرە تا ئەوکاتە وەکو شاعیرێک دەرنەکەوتبوو ، بەڵام دوای ئەم کارەسات و تراژیدیاییە بە هەستێکی قووڵ ئازار و ژانی لەدەستدانی چوار براکەی لەگەڵ هەست و خەونەکانی ئاوێزانییان دەکات و لەنێو شیعرەکانی دەریان دەبڕێت ، چالاکانەتر دەست بە جووڵە و شیعر نووسین دەکات ، دوای ماوەیەکی کەم وەکو شاعیرێکی لاوی پڕ وزە دەناسرێت . بەهرە موفتی لە چەند کاروچالاکییەک لە نەوەدەکان لە گەڵ ئێمە بە شیعر بەشداری دەکات . لەوانە ( لە حەوتەمین ساڵگەردی یەکەم ڤیستیڤالی ئەنفالە بەدناوەکان ) لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر لە ١٩/٤/١٩٩٥ شیعری خوێندەوە ، دوای ئەوەش وابزانم ساڵی ١٩٩٧ بوو ، ئێمەی شاعیرە لاوەکانی ئەو سەردەمە کتێبێکی شیعریمان بڵاوکردەوە بە ناوی ( وەسیەتەکانی هەڵم ) بەهرە موفتیش بە شیعرێک بەشدار بوو لەم کتێبە شیعرییەدا . هەر لەو سەردەمانە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش شیعری بڵاودەکردەوە . بەهرە لە ساڵی ٢٠٠٥ یەکەمین نامیلکە شیعری خۆی بە ناوی ( دەرگاکانی ئەو دیوو ) بڵاودەکاتەوە ، کە پێشکەشی دەکات بە گیانی زیندووی هەر چوار برا ئازیزەکەی و دەڵێت ( پێشکەشە ، بە ڕۆحیانەتی ئەو چوار باڵندانەی هەڵفڕین و نەگەڕانەوە " شاڵاو ، هەنگاو ، سەنگاو ، حەمە ) ، وا لێرەدا چەند شیعرێکی کە بە هەناسەکانی ئەم خەمە قووڵە نووسراون بەسەر دەکەینەوە . هەر لەو نامیلەکەدا لە شیعری ( ١٩/٥/١٩٩٤ ) دا دەڵێت :
باواجی
بە هەژەکی نینۆکییەوە
دەم و چاوی پایزی ڕنیەوە
ئەمڕۆ ١٩/٥/١٩٩٤
ئەفسووس ڕۆحێکی ئەبەنووسی
تورەگەی مەرگ دەبەخشێتەوە
ئیتر چاوەکان کوێربوون لە بینین
لە درزی لەرینەوەی خاکی بۆشاییەکان
ڕەش دەچنەوە لە تاوان
هاوار .. ناخ مەستە بەخوێن
هەناسە سواری خاک دەخواتەوە
باواجی مەرگ و تاوان و ماچ و خۆشەویستی
پێکڕا
لەناو زەمهەریری عەشقدا ڕامئەچلەکێنن
ئەگەر سەیر بکەین تایتلی شیعرەکەش بەناوی ئەو ڕۆژەیە کە هەرچوار براکانی تیا لەدەستداوە ، بەروارێک کە هەمیشە لەناو یادەوەری و خەیاڵەکانی ئامادەیی هەیە ، لەو ڕۆژەدا باواجی بە نینۆکەکانی دەموچاوی پایز دەڕنێتەوە و چاوەکان کوێر دەبن و قەدەر توورەگەی مەرگ دەبەخشێتەوە ، چاوەکان کوێر دەبن و نیگاکان تاریک دادێن ، ژیان مەست دەبێت بە خوێن و خاک هەناسە سوار و دەڵتەنگ دەبێت . ژیان دەبێتە جامێک لە ژەهر و ناخی مرۆڤەکان ڕائەچلەکێنێ . با و درەختەکانیش مۆسیقایەکی غەمگین دەژەنن ...! هەر بەم هەستە پڕ ژانەوە لە بەشێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت :
دەستی خۆزگەکانمان کورتن
تروسکایی ناتروسکێنێ
هەناسەی ئۆخژن بداتەوە
گەڵا بە مەزندەی خۆی
پەرژین نەبوو
بناری مەمکی چیا داپۆشی
ڕێچکەی هەنگاوەکان بێ سنوورن
پانۆرامای ناونیشانمان بێوارە
ئەمێستاش ساباتمان دڵۆپە دەکا
چاوەڕوانی چیدەکەن
هێشتا تەڕبوونی دوێنێمان
وشک نەکردووە
گوڵەگەنمی ئایندەمان
لەبەردەم پۆشی دەمبایە
چەند بەدبەختن ئەو کەروێشکانەی
چاوەڕوانی شنەبا دەکەن ؟
ئەم بەشەش درێژەدەری هەمان هەست و موعانات و خەم و ژان و ئازارە ، خەمو ژانێکی لەبن نەهاتووی بێکۆتا . کە بەهۆی ئەم کارەساتە خۆزگەکان بەرەو نەمان و تروسکاییەکان تاریک تاریک دەتروسکێنەوە . گەڵاو دەرەختەکان نەبوون بە پەرژین تا مەمکی چیاو لاشەی منداڵەکان بپارێزن . کەپر و ساباتەکان کونیان تێکەوتووە ژیان دڵۆپە دەکات و قوڕاوی ڕەشی پیا دێتە خوارەوە . خاک و مرۆڤەکان ناتوانن تەڕبوونی جەستەیان وشک بکەنەوە گوڵە گەنم بەدەمباوە دەڕۆن و تێکەڵ بە تۆزوغوبار دەبن ، لەبەردەم سەدای تۆپ و هەورە بروسکەی شەڕی براکان ، چەند بەدبەختن ئەو جگەرگۆشە کەروێشکەییانەی چاوەڕێی ئارامی و شنەی با دەکەن ! هەر لە هەمان نامیلکەی شیعریدا لە شیعرێکی تر بەناوی ( نیگەرانی ) دەڵێت :
هەر چەند دەمەوێ
ئەم شەویش وەکجاران
بۆنی هەناسەت هەڵمژم
وەڵێ چیبکەم لێت بێزار دەبم
بەهیوای ئایندە
چاو لێکدەنێم
چەند نابەلەدم نازانم نا
ڕۆژگار لەیادی کردوون
یان دەستی تاوان
هاوارە وا شەویش داهات
چراکانی هەر دانەگیرسان
دەبێ ئەم تولە ڕێگایە
بۆ کوێمان بەرێ و ڕاپێچمانکا
خۆ بەتاریکی گۆڕ لێنادرێ نا ...!
لەو وردە شیعرەش کارەساتی لە دەستدانی چوار براکەی ئیلهام و هەوێنی خەیاڵەکانیەتی ، وەک هەموو شەوێک دەیەوێت هەناسەی دڵدارەکەی هەڵمژێ ، بەڵام ئەم خەیاڵە پڕ ئازارانە ساردییان دەکاتەوە و بێزار دەبێ ، چونکە ئەم خەیاڵە ناسۆر و مەرگئامێزانە تێکەڵ بە هەموو گۆشەکانی بیرکردنەوە و خەیاڵ و جووڵەکانی بوون ، بەڵام هێشتا وەک مرۆڤ و شاعیرێک دەست لە ئومێدەکانی بەرنادات و دەیەوێت هەموو شتێک تێپەڕێنێ و بە هیواوە چاولێکدەنێ ، هەرچەندە لەوەش دڵنیا نییە ئەم باریکە ڕێیەی چارەنووس و هیواکانی بەکوێ دەگەن ، بەڵام لەناو قووڵایی ئەم خەیەڵانەی وەکو شاعیرێکی پڕ لە هەستی مرۆیی و بە هاوارێکی و ڕستەیەکی پڕ لە شیعرییەت ڕامان دەچلەکێنێ و دەڵێت : خۆ بەتاریکی گۆڕ لێنادرێ نا ...! چونکە شەو لای ئەو تاریکستانێکی ئەبەدییە و چراکان چیتر داناگیرسێنەوە ، خەمە تراژیدیەکانیش وەک تابلۆیەکی ڕەش و تاریک هەموو گۆشە و کونجەکانی ژیانییان داپۆشیوە .
لە شیعرێکیتر بەناوی ( گۆڕستانی جەستە ) بە هەناسەیەکی درێژتر و قووڵتر خەم و خەیاڵەکانی ئەم تراژیدیایە نەفرەتییەی دەردەبڕێ ، کە بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیان و هەست و بیرکردنەکانی ، پێیوایە ئەم کارەساتە بورکانێک و ژیلەمۆیەکی گەشە کە درەختەکانی دارستانی دڵ دەسووتێنێ و خەونەکانی بە جریوەو سەمفۆنیای مەرگ دەلاوێنێتەوە و شاعیرانە بەناو هەستەکانی شۆڕدەبێتەوە ، چونکە هێشووە ترێیەکانی ئەو خەمەی لە باخچەکانی ناخودئاگایی ڕەگییان داکوتیوە ، بۆیە هەموو جارێک دەبێ قووڵ بڕوانێ و بۆ نێو خەیاڵەکانی قووڵ بڕوات و دەوروبەر و سروشت و تەنانەت جەستەی خۆیشی جێبهێڵێت . ئەوەتا بە ڕۆشنی دەڵێ :
لە نێلە نێلی نووسینی پەڕەکانی بێدارییەوە
بورکانێکی ژیلەمۆی گڕ
درەختی دارستانی دڵ دەسووتێنێ
خەونی کەڤاڵی ئەندێشە
بە جریوەی کەژاوەی مەرگ
سەوزایی دەروون دەژاکێنێ
ئاخ لە تەمتومانی ئەم ڕەشەبایە
دیسان ئۆقیانووسمان بێ سنوورە
تریفەی ملوانکەی ئەستێرە
لە گەردنی ئاسمان پچڕاوە
سەدای گۆرانییەکان زمانییان لال بووە
لە چڕین کەوتن
بۆ دواجاریش زایەڵەی درێژە پێدانییان
ماڵئاوایی لێکردین و
خەوییان لە گۆڕستان کرد ...!
چ کارەساتێکە ، کاتێک ملوانکە ئەستێرەییەکان لە گەردنی ئاسمان دەپچڕێن و دونیا دەبێتە یەکپارچە لە تاریکی ، تاریکییەکی خامۆش و ترسناک ، ترسناک و بێدەنگ ، زایەڵەی چیاکان و سەدای گۆرانییەکانی ڕووبار بێدەنگ دەبنەوە ، سروشت زمانی لال دەبێت ، هەموو شتەکان لەناو خۆیاندا بە بێدەنگی خوڵ دەخۆنەوە ،، بە دیوێکیتر ، شاعیر خۆی لێ بۆتە درەختی گریان لەگەڵ هەر شنەبایەک یان گەردەلوولێل چرۆی هیوا پایزییەکانی هەڵدەوەرێن ، لەگەڵ هەر ڕوانینێکیش تەنها گۆڕستان دەبینێ و هیچیتر ، گەردوون لەبەرچاو و لەنێو خەیاڵەکانی ئەو بۆتە گۆڕستانێکی گەورە ، تانانەت شێوەی جەستەی خۆیی و جەستەی مرۆڤەکانیش لە شیوەی گۆڕستانێک دەچن ..! هەروەک لەم کۆپلە شیعرەی خوارەوە وێنەی ئەم خەیاڵە ڕەشە گۆڕستانییەی بۆ کێشاوین و دەڵێت :
کە گەردەلوولی پایزێکی خوێناوی هەلیکرد
منی درەختی گریان
چرۆی خۆزگەکانم هەڵوەرین
دەستێ شک نابەم دەرگای تارماییم بکاتەوە
لەوەتەی هەم
پێڵووی چاوم ڕاخستووە
گەرووی شارم گۆڕستانە
گۆڕستانێکی بێژمارە
گۆڕستانێکی بێسنوور
هاوار ... هاوار
کە کڵۆی بەفری سەرما بردە دەمتەزێنن
کودەتای سروودێکی خەمهاوێژ
وەک دڕکەلووکە .. وەک دەوەن
پێم هەڵدەزەنن
چرکەکانی کۆتایی ئاوێتەی ڕەگی خوێنم دەکا ...!
هەروەک گوتم ئەم دەقە شیعرییەی بە هەناسەیەکی درێژ نووسیوە ، بە هەمان ڕیتم و هەمان ئاوازی غەمگین بەردەوام دەبێ و درێژەی پێدەدات تا لە کۆتاییدا دەڵێت :
هاوار .. هاوار
دەستێکم سڕ بووە پەنجەکانییان هەڵوەریون
دەستەکەی تریشم
ئێسکە برژاوەکانییان
بۆتە جەنگەڵستانی پێشانگایەک
دەیانەوێ بە ڕووت و قووتی
وەک ژنێکی تەنیا
کۆرپەی منداڵدانی وشە گوناهبارەکانم
لەباربچوێنم و ئاوێزانی
وجوود بوونێکی غەیب بوونم بکەن ...!
لە دێرەکانی سەرەوە ئەوەمان بینی ، کە ئەم خەمە قووڵە بۆتە بەشێکی گەورە لە ژیانی شاعیردا ، تەنانەت جەستەی خۆی لێبووە بە گۆڕستان ، دەست و پەنجەکانی سڕبوون ، پەیکەری جەستەی وەک چەند پارچە خەڵووزێکی نێو تابلۆی پێشانگایەک دەردەکەون ، وەکو ژنێکی تەنیا کۆرپەی وشە غەمگین و گوناهبارەکانی پێ لەبارببەن و تەسلیم بە ئایندەیەکی نادیار و بە بوونێکی وەهمی بسپێرن ...! لە شیعرێکیتردا بەناوی ( پارچە ونبووەکانی دڵ ) بە تاقی تەنێ لە کەنارێک دانیشتووە بە کەمانجەیەک سەمفۆیایەکی غەمگینمان بۆ دەژەنێ ، پەڕپەڕ دەفتەری یادەوەرییەکانی هەڵدەداتەوە و بیر لەو کارەساتە دەکاتەوە ، کە بووە هۆی شکانی ئاوێنەکانی خۆشبەختی و پارچەکانیش ونبوون و نادۆزرێنەوە ، یادی هەواری کۆنی دەکاتەوە و ئێستا دوورە لە شارەکەی حاجی و دوورە لە کەفی زیوینی حەمامۆک و لە سێبەرە خەمڕەوێنەکەی هەیبە سوڵتان . هەروەک خۆی لەم شیعرەیدا دەڵێت :
بەر لە شکانی ئاوێنە خۆشبەختییەکانی بەهەشت
خەونەکان دەرگایان لەسەر پشت بوون
گوڵەکان بەر لە بوونە خۆڵەمێش
شاباڵی ڕەنگەکانی دڵ
بە شاڵاوی شەپۆڵە تیژڕەوەکانی مەرگ
نەسپێردرابوو
لە پایزێکی دڕکەزی ئەهریمەندا
ڕەشەبای نەهات هەڵیگرتم
لە سێبەری هەیبە ساڵتانی کردم
من سنەوبەرێک بووم
تێنوێتیم بە قەڵەزی کەفی زیوینی حەمامۆک
دەشکا
ئێستا ببوورە لێم ئەی خاک و خۆڵی
زەنگی لەدایکبوونم
ببوورە لە بارگەی تێکنانی هەگبەی ماڵئاواییم
داخەکەم
گوڵەکان بوونە خۆڵەمێش و
ڕۆژگاریش ئاوێنەی بەختی شکاندم ...!
وەک دەبینین لەگەڵ هەڵدانەوەی لاپەڕە ناخۆش و پڕ ئازارەکانی ژیان و دڵ شکانەکانی ، وەک شاعیرێکی بەوەفا و پڕ هەست بە حوزنەوە یادی کوچە و کۆڵانەکان و هەوارگە و شوێنە دڵگیرەکانی دوێنێ و شارەکەی خۆی دەکاتەوە ، داوای لێبووردنیش دەکات لەم بارگە تێکنان و هەگبەی ماڵئاواییەی ، بەڵام چیبکات قەدەر باخچەی گوڵەکانی تەمەنی لێکردووە بە خۆڵەمێش و ڕۆژگاریش ئاوێنەی خۆشبەختی لێ ورد و خاش کردووە ...!
لە شیعرێکیتری بە ناوی ( کۆترەکانی مەرگ ) کە لە نامیلکە شیعری ( باڵندەکانی ژن ) بڵاوی کردووەتەوە لەم شیعرەدا دەڵێ :
کە دەمی بازنەی مەرگی تاراوگەیی کرایەوە
فریای سێوەکانی بەخت نەکەوتین
زەردایی زەمەن خۆر بردی
قژی درێژی دارستانێک
تاڵ تاڵ پێتدا دەڕوانی
درەختەکان بەسەر یەکترەوە
سەبەتەیەک گەڵا بوون
( باواجی ) بیرتە کە باخچەی شیعرم کوژرا
لە بەرپێێ خەزاندا
ئاخ لەناو یەکتردا تەواو بووین
سەیوانی من هەڵنەدرایەوە
( حەمامۆک ) کۆلارەی ڕەشەبای
هەرچی باڵندە بوو گوشی
سەردەمی تارماییەک لە چلی ( چنارۆک ) دەزریکێنێ
( حاجی قادر ) چاوەکانی بچووک بوونەتەوە
جانتای شانی ئاسمانی گوڵە ئەستێرەی هەڵنەگرتووە
پایز لە گیرفانی بادا ڕێی گرتووە
قۆپچەی شەقامی گۆڕی
گرێیەکانی بزمار دایکوتاوە
باخچە ملی لاری ڕاست نەبوویەوە و
مانگیش نەگەڕایەوە ...!
ئەم دەقە شیعرییەش وەک دەقەکانیتر ، کارەساتێکی مەرگهێن و شوێن و یادەوەرییەکانی ناوەڕۆکی ئەم شیعرەیان ڕەنگ کردووە . باسی هەندێک شوێن و ناو دەکات ، کە وەک سومبلێک شارەکەی پێ دەناسرێتەوە ئەم سومبولانەش بەشێکن لە یادەوەرییەکانی تەمەن و سیمای شارەکەشییان ڕەنگین و جوانتر کردووە ، لەوانە ( شاعیری گەورەی کورد حاجی قادر ) و شوێنەکانیش ( هەیبە سوڵتان و چنارۆک و حەمامۆک و باواجی و ) ، واتە لەپاڵ دیوە غەمگینەکەی ژیانی شوێنیش لە ناخی ئەم شاعیرەماند دیوێکیتری خەم و ئازاریەکانییەتی ، یادەوەرییەکان بە ڕێنووسەکانی فرمێسک دەنووسێتەوە ، ئێستا ئەو وا دەبینێ ، چاوەکانی حاجی قادر بچووک بوونەتەوە و نیگاکانی پڕن لە تیشکە غەمگینەکان ، کوژرانی باخچە و پشکۆی نێو شیعرەکانی بە بیر باواجی دەهێنێتەوە ، لەسەر سینگی چنارۆک تارماییەک زایەڵەی دێت . پایز لەنێو گیرفانی بادا سەرە ڕێگەکانی گرتووە و قۆپچەی شەقامەکان دەگۆڕێ و ناهێڵێ چیتر تریفەی مانگ و چاوە گەشەکانی ئەستێرەکان بدرەوشێنەوە ، خەونەکان وەک چارۆگەی سەر پشتی مرۆڤێکی ماندوو دەردەکەون . ژیان دەبێتە تابلۆیەکی ڕەش و تاریک باڵندەی ژنەکانیش وێڵ و سەرگەردان بە ئاسمانێکی تاریک دەسووڕێنەوە .
ئەزموونی بەهرە موفتی ئەزموونێکی غەمگین و هەمیشە دڵۆپە فرمێسک بەسەر گۆنای وشە شیعرییەکانی دەبیندرێن ، لەپاڵ ئەو شیعرانەی قسەم لەبارەوە کردن ، لەنێو نامیلکە شیعرییەکانی تریش چەندین شیعری لەو شێوە هەن ، وەک ( تاجی نەمری شەهیدان و یەکی شبات و ئەو ژنانەی وەکو دایکم ژوان لەگەڵ گۆڕستاندا دەکەن و شیعری پێنجشەممە و... ) چەندانیتر . لەپاڵ ئەو شیعرانەش شیعری ناسک و جوانی هەیە لە بارەی هەستی عەشق و خۆشەویستی و خەونە گەشەکان و باران و سەوزایی و سۆراخی بەهار و دەربڕینی هەستە جوانەکانی ژن و هەتا دویی ، بەڵام لەناو ئەم دیوە گەش و ڕووناکانەی نێو خەیاڵە شیعرییەکانیدا بە تەواوەتی نەیتوانیوە خۆی لە هەورە ڕەشەکانی نێو ئەو کارەساتە بەدوور بگرێت ، دەتوانم بڵێم ، لەنێو قاقاو پێکەنینەکانیشی هەست بە خەمێکی قووڵ دەکرێت . بەهرە موفتی وەک و شاعیرێک بە سەرەتایەکی جوان دەستی پێکرد ، وەک شاعیرێکی دوای ڕاپەڕین و دەیەی یەکەمی دووهەزار ، دەنگێکی شیعری و ناوێکی جوان بوو . کۆمەڵێک نامیلکەی شیعری بڵاوکردۆتەوە بەناوەکانی ( دەرگاکانی ئەو دیو ٢٠٠٥ ، بەدەم شەپۆلەوە بارانەکان دەڕۆن ٢٠٠٥ ، ئەو پیاوەی بەلامەوە ڕەت بوو ، ٢٠٠٩ ، رەوەزەکانی من ٢٠٠٩ ، باڵندەکانی ژن ٢٠١٠ ، چڵی شۆڕەبی ٢٠٢٥ ) . ئەگەر سەیری بەرواری نامیلکە شیعرییەکانی بکەین ، دەبینین لە دوای ساڵی ٢٠١٠ وە تا ساڵی ٢٠٢٥ هیچ نامیلکە و کتێبی شیعری بڵاو نەکردۆتەوە ، من پێموایە بۆ شیعر و داهێنان ئەمە بارێکی تەندروست نییە ، لە مێژووی شیعری کوردی حاڵەتی لەم شێوەمان هەیە ، شاعیرمان هەیە لە دەیەی حەفتاکان یان هەشتاکان ، داهێنانی نایاب و جوانی هەبووە ، بەڵام ئێستا وزە و جووڵەکانی خاوبوونەتەوە هەر ئەوەتە نووزەیان تیا ماوە ، بۆ داهێنان خەونی گەورەیان پێ نەماوە ، چونکە خەون کەرەستەیەکی گرینگە بۆ شیعر و هونەر ، هەروەک نێچە لە کتێبی ( لە دایکبوونی تراژیدیا ) تاکیدی لێدەکاتەوە و دەڵێت ( وەهمی جوان جیهانی خەونەکانە ، هەرکاتێک خەون لە دایکبوو ، مرۆڤ دەکاتە هونەرمەندێکی تەواو ، ئەوەش مەرجی هەبوونی جۆرەها هونەرە جوانەکانە ، هەروەها وەکو ئەوەی دواتر دەیبینین ، پاساوی زۆری شیعرەکانیشە .. ) ، هاوکات هەر لە دڕێژەی ئەم بابەتە دەڵێ ( ئەو مرۆڤەی بەرسڤی ئەم وریاکەرەوە هونەریانە دەداتەوە ، بەشێوەیەک بەرانبەر واقیعی بیندراو و خەوناوی ڕەفتار دەکات ، وەکو ئەوەی فەلسەفەکارێک بەرانبەر بە واقیعی بوونەوە ڕەفتار دەکات ) ، لەبەرئەوە ئەم شاعیرانەی هەمیشە بەو خەونە گەورەوە واتە خەونی داهێنان پەیوەست نەبن من ناویان نانێم ( شاعیری هەموو سەردەمەکان ) ، بۆیە بۆ شاعیر و نووسەر پێویستە ، بەردەوام لە نوێبوونەوە دابن و لەگەڵ داهێناندا بجەنگن و هەوڵدەن بەبێ وەستان بەسەر هەوارازەکانی داهێنان دا هەڵگەڕێن . بەهیوام ئەو شاعیرەشمان بە جووڵەیەکی پڕ وزەوە بگەڕێتەوە نێو ڕووبەری داهێنان و لەگەڵ شیعردا بژی و داهێنان ببێتە خەونی گەورەی هەمیشەیی .
سەرچاوەکان :
_ نامیلکە شیعری ( دەرگاکانی ئەو دیوو ) .. بەهرە موفتی
_ نامیلکە شیعری ( باڵندەکانی ژن ) .. بەهرە موفتی
_ کتێبی ( شیعر ) .. ئەرستۆ ، وەرگێڕانی : دکتۆر محەمەد کەمال
_ کتێبی ( لە دایکبوونی تراژیدیا ) ، فرێدریک نێچە ، لە عەرەبییەوە : ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل
_ کتێبی ( فەلسەفە و ئازارەکانی ژیان ) ، ئارتۆر شوبنهاوەر ، وەرگێڕانی : عەبدوڵا ئەمینی
_ کتێبی ( شوبنهاوەر ) فەلسەفەی میتافیزیک ، ئەخلاقناسی و ئیستاتیکا .. ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل