بەكر ئاڵەیی

بەڵێنێکم بە تۆ دابوو 
ئەگەر نەمرم دەزانم چۆن دەبین بەیەک
لە ژێر پێی ئاسمان چاوم دادەنێم و تا ڕۆژی ئاوێزان ناڕۆمەوە
بە ژێر توونێڵەکانی ئاودا دەچمەخوار بۆ ئەوەی ئەڵماسی ماچی باران بدۆزمەوە
بەسەر بانەکانی هەوردا دەفڕم
(لە باخی سینەت میوان ببمەوە) . 
لەوێ بە دڵی خۆم چێژی ناوازەی دەنگ
دەنگی ماملێ لێ دەکەمەوە
فڕینی کۆتر دێنینەوە
زامی سینەت ماچ دەکەم
(تامن بەرەو ژوان دەبمەوە) 
لەوێ چی گەڵای ماچ و چی هەڵوەرینی بروسکەی دەستگووشینە
چی مژینی ڕۆحی گیلاسەکانە
لە ئەوینداری دەهۆنمەوە
(من گووڵی سەر گۆڕی ئاواتی لەمێژینەم بەڵام
ڕێژنەیێکم لێبدا پێم وایە بۆ ڕوان ببمەوە) 
ئەگەر(هێمن) ئەو ئاوەی نەڕشتبا
نەدڵێک گۆرانی بۆ باران دەگوت نە سەوسنی دڵ دەبوو بەشیعر
ئەگەر بە دووریبا هیچ ئاماژەیەک هێندەی ڕەنگ نەدەکەوتە ژێر چەپۆکی کڵاو ڕۆژنە
ڕەنگ لە تەرمێکی مۆمیا دەچێ
لە تاریکیەکی بە جێماو دەچێ
لە ژنێکی کۆست کەوتوو دەچێ
لە قەرەجێکی زیندانی دەچێ
ئەگەر شیعر لەماڵ نەبێ هیچ ڕەنگێک قسەی باخچەکان ناگێڕێتەوە کەسیش فریای خنکاندنی گوڵکان نەدەکەوت
ئەگەر شیعر نەبا نەدڵ دەبوو بە ئاماژەی ئەوین
نە کێوێک بوونی هەبوو بەدەستی شێتێک کوون بکرێ
شیعر ئاوازی خودایە بۆ بوونەوەرێکی پڕ لە تەماشا
شیعر نەبا کەس نەیدەتوانی باسی عەشقبوونی ڕووبار بکا
هیچ کانییەک نەدەبوو بە ڕووگەی سەوزبوونی دارتووەکان
شیعر نەبا خودا ئیشی بە درووستکردنی ئادەم چی بوو
کاری لەسەر بیرکردنەوە نەدەکرد
هیچ عاشقێک خۆی نەدەکوشت
ئەگەر (هێمن) شیعری سنوور نەنووسیبا
هەموو ماڵەکان مین ڕێژدەکران
شیعر گەواڵەی هەورەکانی بردە کێوەکان
داربییەکانی تێکەڵی سێبەر کرد
ئەگەر تۆش نەبای چ کارێکم هەیە لەو دنیایە شیعر نەدبوو بە ڕووگەی ئەڤینی من


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا