کەریم دەشتی

1

لە شەقامی چوارچرادا

چوار لالەی بچووكم كڕی

كە هاتمەوە دامگیرساندن

بۆن بخووری كراسە سپییەكەی كۆماريان

لێده هات‌

2

لە ورمێ ‌ لە باخێكی پڕ تەمتومان

یادی ئەوینێ ‌ لوولی دام

بە پەلە چوومەوە ڕاژان

3

بەسەر دەریاچەی وانەوە

گۆرانییەكم بۆ ناری چڕی

هەرچی مەلی غەریبی بوو

بۆ سەرشانی من هەڵفڕی

4

لە بۆكان

لەبەر نەوای شمشاڵەكەی قالە مەڕە

شار بۆنی گریان و غوربەتی لێدەهات

5

كە چوومەوە قاڕنێ ‌

هێشتا خوێن

بە سەر خاكدا وشك نەبووبۆوە

كە باران لێی دەدا دەبریقایەوە

6

بەسەر پشتی ئەسپی خەیاڵ

بە دەوری گۆڕی شیرازی سووڕامەوە

جگە لە شیعر هیچ شتێكی شارم نەدی

7

كە لە تاكستان بە ئاگاهاتم

غەرقی شەڕاب بووبووم

8

هەمەدان شارێكی چەند دوورە

دەڵێی پایتەختی دونیایە

سەدەی یەكەمی لێ دیارە

كەچی پڕاوپڕ ئێستایە

9

سنە دەستێكی لە شەیتان گیر بووە

دەستێكیشی لە فریشتە

كچەكانی دەڵێی ژنەكانی ئەمازۆنن

كە دەتگرن بۆ ئەبەد بەرهەڵات ناكەن

10

لەسەر گردەكەی شاری بانە

لە دوای ئەو هەموو جەنگانە

جێ ‌ پێی عاشقان هەر ماوە

11

لە بەرەبەرەی بەیاندا

تەبریز هەروەك مارێكی رەش

دەمی نابووە ناودەمی دیوانەكانی مەولانا


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا