
حەسەن هەندرێن
تۆ داناتربوویت حەوا، یان بێ ئۆقرەتر؟
ئادەمت لە خەودا جێهێشت و دوای خەونی خۆت كەوتی.
بیرت لە تەنیایی ئێمە نەكردەوە؟!
بیرت لە جاویدانیی ڕۆح و
چێژی ناكۆتا نەكردەوە؟
نازانم چەند ڕۆژ بە دیار ئەم سێوە دانیشتوویت؟
چەند شەو هاتۆتە خەونت؟
چەندجار بە پەنهانی ڕایتەكاندوویت؟
ئێمە لەو نیشتمانە بزربووین، كە لە خەونی تۆدا خەمڵی.
كە بەدەستی تۆ نەخشێنرا.
ئەو نیشتمانەی، لە ئەزەلەوە تاوێرەكانی سوورن بە خوێنی براكان.
ئەو نیشتمانەی، شەپۆلی ڕووبارەكانی پڕن،
لە پەلی بەجێماوی هاوار.
كە نیشتمان پڕبێ لە گۆمەخوێن
دەستە بە خوێنەكانت بۆ دەشاریتەوە قابیل؟
ئێمەش وەك تۆ لە قوربانییەوە، شكستمان هێنا!
تۆ ئازیزێكت دۆڕاند و بەر نەفرەتی ئادەم كەوتی.
ئێمەش نیشتمانمان نەبردەوە و بەر نەفرەتی دایكان كەوتین.
تۆ سەركردەیەكی دۆڕاوبوویت، كە سەرسامانە هاتیتە سەر تەرمی هابیل.
تۆ ویژدانێكی تۆقیوبوویت، كە ژیان لەبەر پێت بەچۆك داهات.
ئێمەش سەركردەی بێباكین، كە نیشتمان نەزیفبووە لەبەرپێمان!
من جووتیارێكی ئەو گوندانەم، ڕەنگە نەسلم لە تۆ بێ، قابیل.
لەپشت كەڵەكەبەردەكانی كێڵگەی تۆ،
كەڕەنای یەكەم جەنگ لێدرا.
كەوایە،
فوارەی خوێنی هابیلە،
ئەمڕۆ لە جەستەی شەكەتم قوڵپەدا.
ئەو سیحری ئاشتییە بەتاڵەكاتەوە،
كە من و براكەم وەك هاوخوێن، هاوسەفەر بووین.
بۆ ئەم سەفەرەی كۆكردنەوەی براكان،
نوحێك لە كوێ بدۆزینەوە،
بە كەشتییەكەی هەڵمانگرێ و نیشتمانێكمان بۆ چێكات.
نیشتمانێك دوور لە زایەڵەی دەنگی یەكەم قوربانی.
دوور لە توڕەیی یەكەم كەس، كە هەمووانی ڕاهێنا لەسەر كوشتن.
دوور لە شەپۆلی نائومێدیی ئادەم، كە بەر كەناری دڵمان دەكەوێ.
كەس نەبوو پێت بڵێ:
دونیات چەند بچووككردەوە ئەی نوح.
دەڵێی پێشبینیی ئەمڕۆت كردبوو؟
هەمووت لە كەشتیێك جێكردنەوە!
ئێمە هەموو لەو نیشتمانە خەیاڵییەی تۆداین، ئەی نوح.
ئێمە هەموو لەو نیشتمانە جاویدانییەی تۆداین،
كە پڕیەتی لە سەرنشینی وێڵ.
كە پڕیەتی لە بەختەوەرییەكی ڕێپێنەدراو.
كە تەژییە لە چاوەڕوانیی ئومێد!
ئەو ئومێدەی پەنجەرەیەك دەدۆزێتەوە تا پێی بڵێ:
وەرە سەیركە ...
چەند جوانە سیمای نیشتمان، دوای نیشتنەوەی شەڕ.
چەند جوانە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خاك،
پەلكەزێڕینە گرێبەندی بكات.
چەند جوانە سەرئاوەڵابوونی نیشتمان، كە كۆترەكانی هەڵدەفڕن.
چەند پڕ ئومێدە لەنگەرگرتنی نیشتمان، كە لە كێوی ئارارات دەدات.
زۆر دەترسم
نیشتمان قلیچكەی ئومێدی لەسەر هەڵنەتۆقێ و
بە دەرگاكانی ئاشنامان نەكات.
زۆر دەترسم ... زۆر
حیلەی ئەسپەكانی بیابان،
بگەنەوە گوێی نیشتمان.
زۆر دەترسم كەشتیەكەمان،
خۆی بە ئارارات نەكێشێ و ئەو ساتە كۆمیدییە بێتەوە،
كە خواوەند سەعاتی ڕاگرتبووەوە و
ئێمەش چاوەڕێی كۆتربووین!
